کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
قایمقامیەتی قەزای دوكان هۆشداری لەبەردانەوەی بڕێكی زیاتر لە ئاوی بەنداوی دوكان دەدات و سەرجەم فەرمانگەكانیش دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
قایمقامیەتی قەزای دوكان لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، هاووڵاتیانی شارۆچكەی دوكان و ئەو گەشتیارانەی ڕوودەكەنە سنورەكە ئاگادار دەكاتەوە كاتژمێری هەشتی سبەینێ (شەممە)، بەنداوی دوكان ئاوێكی زۆرتر بەردەداتەوە و بەم هۆیەشەوە ئاستی ئاوی زێیەكە بەبەراورد بە ئەمڕۆ و ڕۆژانی ڕابردوو زیاتر بەرزدەبێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەی قائیقامیەتی دوكان، روونكراوەتەوە "هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و هەماهەنگی تەواو كراوە و ئاگاداركراونەتەوە بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا".
هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانیش كە خۆیان بپارێزن و لە ڕۆخی زێیەكە نزیك نەكەونەوە، تاكو هیچ مەترسیەك ڕووبەڕوویان نەبێتەوە و سەلامەت بن.
لەراگەیەندراوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، بەنداوی دوكان هیچ كێشەیەكی هونەری و تەكنیكی نییە تەنها بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی دەریاچەكە ناچارن ئاوی زیاتر بەربدەنەوە.
قایمقامیەتی قەزای دوكان، داوا لەهاووڵاتیان دەكات لەهەر حاڵەتێكی نەخوازراو پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنانەوە بكەن: 07701585794 سەرۆكی شارەوانی دوكان، 07701437014 فەرمانگەی بەرگری شارستانی.