گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەشێك لەمیدیاكان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا ناكەن

داوا لەهاووڵاتیان دەكرێت سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی دوكان و دەربەندیخان و رانیە نەكەن

2019.04.05 - 18:25
داوا لەهاووڵاتیان دەكرێت سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی دوكان و دەربەندیخان و رانیە نەكەن

ناس كورد- شەهرام عەزیز

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە دوور بكەونەوە لە سەردانیكردنی ناوچە گەشتیارییەكانی دوكان، تا ئاستی ئاوی بەنداوەكە كەمدەبێتەوە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان ئاو گەیشتووەتە سەر شەقام و شۆستەكان و بەشێكی كەپرە گەشتیارییەكانی داپۆشیوە و هاوڵاتیان ئاگاداردەكرێنەوە لە دووركەوتنەوە لە نزیك دەریاچەكە.
عەلی ڕەووف، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند:" داوا لە هاووڵاتیان دەكەین تا ئاساتی ئاوی دەریاچەكە كەمدەبێتەوە و دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی دوكان و دەربەندیخان و ڕانیە نەكەن".

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوان هاتووچۆی بەلەمیان لە دەریاچەی دوكان قەدەغە كردووە و ئاماژەی بەوە كرد هەر خاوەن بەلەمێك كار بكات سزا دەدرێت و ڕووبەڕووی یاسای دەكەنەوە.

عەلی ڕەووف گلەیی لە هەندێك دەزگای میدیایی گرت كە بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا ناكەن و روونیكردەوە، هەندێك كەناڵ و میدیا لەبری ئەوەی ئاگادارییەكانی ئەوان بگەیەنن بە هاوڵاتیان، بەپێچەوانەوە بە بەلەم دەچنە ناو ئاوەكەوە و دیمەنەكان بە ڕاستەوخۆ بۆ خەڵك دەگوازنەوە، كە ئەوەش هانی خەڵك دەدات بچێت و لە نزیكەوە دۆخەكە ببینێت و لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و ڕەنگە رووداوی نەخوازراوی لێبكەوێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتیشی "داواكارین ئەو میدیایانە بەشێوەیەكی بەرپرسانە مامەڵە بكەن و بێگومان بەدواداچوون دەكەین و لێپێچینەوەی خۆمان لەگەڵ ئەو خاوەن بەلەمانەدا دەكەین كە كار دەكەن".

بەهۆی باران بارینی بەردەوام، بەنداوی دوكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕ بوو لە ئاو و سەرڕێژی كرد، ئێستاش بەهۆی بەردەوام زیادبوونی ئاوەكەوە مەترسی لەسەر ناوچەكە دروستكردووە.