گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتانی جیهان بەرامبەر ڕوداوەکانی لیبیا

2019.04.05 - 14:44
کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتانی جیهان بەرامبەر ڕوداوەکانی لیبیا

 

ناس كورد-

خەلیفە حەفتەر فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا سوپاکەی جوڵاند بەرەو تەرابلوسی پایتەخت، بە مەبەستی داگیرکردنی و ئەنجامدانی کودەتا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی لیبیایە.

هێزەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا دوای ڕوبەڕوبوونەوەیەكی خێرا و كورت شاری "غریان"یان کۆنترۆڵکرد، كە 80 كیلومەتر لە تەرابلوسی پایتەختەوە دوورە .

 

لە یەكەم كاردانەوەیدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرس سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریدا بەپەلە گەشت بكات بۆ ڕۆژهەڵاتی لیبیا و چاوی بە خەلیفە حەفتەر بكەوێت و "ڕێگری بكات لە خوێنڕشتن".

 

لە لایەکی ترەوە هەریەک لە فەرەنسا، ئەمریكا، ئیتاڵیا، بەڕیتانیا و ئیمارات ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی لە بەرامبەر ئەو ڕوداوەی لیبیا ڕایانگەیاند، توشی "دڵەڕاوکێ" بوونە لە بارەی ئەو وڵاتەوە.

هەروەها كۆشكی كریملنی ڕوسیا لە زاری دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژەکەیەوە دووپاتی كردەوە، كە هیچ هاوكارییەك پێشكەش هێزەكانی خەلیفە حەفتەر ناكات، هیواشی خواست كێشەكانی لیبیا بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت.

 

پاش ڕوخاندنی ڕژێمی قەزافی، لیبیا دابەشبووە بەسەر چەند حكومەتێكی ناوچەییدا و دەركەوتوترینیان حکومەتەکەی تەرابلوسی پایتەختە، بە ناوی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی كە  فایز ئەلسەرەج سەرۆكایەتی دەكات .