کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- عەمار میرداڤی
هاوكات لەگەڵ ساڵڕۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەمین و تەقەمەنی، بەسەدان كێڵگەی پارێزگای دهۆك هێشتا لە مین و تەقەمەنی پاك نەكراونەتەوە.
مەسعود مەلا شەفیق بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مین لە پارێزگای دهۆك تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لە كۆی 774 كێڵگەی مین و تەقەمەنی لە سنوری پارێزگای دهۆك تیمەكانمان 352 كێڵگەیان پاككردووەتەوە و 422 كێڵگە تاوەكو ئێستا ماوون كە پاكنەكراونەتەوە".
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مین لەپارێزگای دهۆك، پڕۆسەی پاككردنەوەی كێڵگەكان لە مین و تەقەمەنی بەردەوامە و هۆكاری سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە بۆ كەمی تیمەكانیان گەڕاندەوە و وتی "ئەگەر بەم شێوەیە بێت تاوەكو 20 ساڵی دی ئەو كێڵگانە پاكناكرێنەوە" .
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لەپارێزگای دهۆك، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا سێ ڕووداوی مین و تەقەمەنی لەو پارێزگایە تۆماركراوە و بەهۆیەوە 2 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
مەسعود مەلا شەفیق بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مین لە پارێزگای دهۆك، روونیدەكاتەوە، زۆرترین رێژەی مین و تەقەمەنی لە سنوری قەزای ئامێدی و ناحیەی چەمانكێیە و ئاماژە بەوە دەكات "بەداخەوە لەو ناوچەیە تەنیا یەك تیمی پاككردنەوەی مین و تەقەمەنیمان هەیە، دەبێت لەو ناوچەیە دەیان تیممان هەبێت تاوەكو لە ئایندەیەكی نزیكدا كێڵگەكانی ئەو ناوچانە لە مین و تەقەمەنی پاكبكەینەوە".