کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-ئەحمەد مستەفا
لەكاتێكدا كە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی تایبەتی دەكردووە بۆ فڕۆشتنی بەشێك لەئۆتۆمبێلە حكومییەكان، بەبڕی 92 ملیۆن دینار سێ ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، دەكڕدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (ناس كورد) وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بەبڕی 92 ملیۆن دینار سێ ئۆتۆمبێلی بۆ دوو بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بریكاری وەزارەت، كڕیوە.
فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "وەزارەت سێ ئۆتۆمبێلی بۆ سێ لە فەرمانبەرە باڵاكانی ناو وەزارەتەكەی كڕیوە كە پلەی بریكاری وەزیر و دوو بەڕێوەبەری گشتین كە بە گوێرەی كارەكانیان دەبێت ئۆتۆمبیلی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت".
بەوتەی فوئاد عوسمان، وەزارەتی شەهیدان نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی كردوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاگاداری كڕینی ئەو سێ ئۆتۆمبێلەیە و وەزارەتی دارایی بڕە پارەكەی تەرخانكردووە.
ماوەیەك لەمەوبەر وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنووسراوێكدا رێنمایی تایبەتی لەبارەی فڕۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانی حكومەت بڵاوكردەوە و بەپێی نووسراوەكە ئەو فەرمانبەرانەی ئۆتۆمبێلی حكومییان پێ فرۆشراوە، گوژمەكەی دەكرێتە پێشینە لەسەریان و بە 10 ساڵ و بەشێوەی 120 پشكی مانگانە، دەدرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان روونیكردەوە، وەزارت 6 ئۆتۆمبێلی لەو ئۆتۆمبێلانەی كە خەرجیان زیاترە لە سوود و بە كەڵكی كاركردن نەماوون بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارتی داریی، ئاڕاستەی لیژنەیی وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ ساغكردنەوەیان و گەڕانەوەی بڕە پارەكە بۆ خەزێنەی حكومەت.