Shadow Shadow

داوای یاسایی لەسەر سەرۆک کۆمار تۆماردەکات

تاقانەکەی ئەنفال تووڕەیە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە [تایبەت]

23:01 دوو شه‌ممه‌ 15 نیسان 2019
article image

 

ناس کورد-

.

تاقانەکەی ئەنفال دەڵێت ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە هەمان ئەو گۆڕەیە کەو ئەوی لێ دەربازبووە، جەختیش دەکاتەوە لە ساڵی 2009ەوە ئاگاداری گۆڕە بەکۆمەڵەکەیە و “تووڕەیە” لەوەی بەبێ ئاگاداری ئەو گۆڕی کەسوکارەکەی هەڵدراوەتەوە.

.

لە هەفتەی ڕابردووەوە دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە پرسێکی گەرمە، لە ساڵڕۆژی ئەنفالیشدا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراواندا سەردانی شوێنی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی کرد.

.

تەیمور عەبدوڵا، کە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەشێوەیەکی دراماتیکی ڕزگاریی بووە، باس لەوە دەکات ئەو گۆڕەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە، هەمان ئەو گۆڕەیە کە ئەوی تێدا ڕزگاربووە و ئێستاش ڕووفاتی کەسوکاری ئەوی تێدایە.

.

تەیمور بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند. لە ساڵی 2009 لە ژێر چاودێریی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق سەردانی ئەو ماڵە عەرەبەی کردووە کە ئەویان ڕزگارکردووە، دواتر سەردانی گۆڵە بە کۆمەڵەکانیشێ کردووە، بە وتەی ئەو، سەردانەکەی بە وێنە و ڤیدیۆ دۆکیۆمێنتکراوە.

.

تەیمور عەبدوڵا ئەحمەد، لەکاتی پەلاماری ئەنفالدا تەمەنی 12 ساڵ بوو، دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیدا لە گەرمیان گیران و ئەنفالکران، رەوانەی بیابانەکانی پارێزگای سەماوە کران و لە دەمەو ئێوارەیەکدا بەکۆمەڵ گوللەبارانکران. دایک و خوشکەکانی لەگەڵ هەموو خەڵکەکەی تردا خرانە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە، تەیموریش بەبرینداری لەو کۆمەڵکوژیە ڕزگاری بوو، دوای سێ ساڵ لەداڵدەدانی لەلایەن خانەوادەیەکی عەرەبەوە، بەهۆی سەربازێکی کوردەوە دۆزرایەوە و دواجار گەڕێندرایەوە بۆ گەرمیان.

.

Image result for anfal reuters

تەیمور باس لەوەش دەکات کە لەساڵی 2009 هەواڵی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی داوەتە وەزارەتی شەهیدان، بەڵام پشتگوێخراوە، ئەو دەڵێت: “هەر ئەو کات چووم بۆ وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان کە ئەو کات مامۆستا ئارام وەزیربوو، قسەم لەگەڵدا کرد و بەشێوازێکى زۆر ئیهمالانە وەڵامى دامەوە و پەشیمانى کردمەوە کە ئەو زانیارییەم پێدا.”

.

“من دەمێکە ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەم دۆزیوەتەوە و گۆڕەکان گۆڕى کەسوکارى منە و لەهیچ عادات و عورفێکدا نەبووە کە کەسێک بێت گۆڕى کەسوکارت هەڵبداتەوە و ئاگادارت نەکەنەوە و بەبێ ئاگادارى من چوونەتە سەر گۆڕەکان،” تەیموور وادەڵێت.

.

تاقانەکەی ئەنفال گلەیی لە سەرۆک کۆماریش هەیە و دەڵێت: “کاک بەرهەم دەبووایە یەکەم کەس لەسەماوە بچووایە بۆ لاى ئەو ماڵە عەرەبەى کە منیان رزگار کرد، نەک بچێت بۆ لاى پارێزگار. دەبوو ئەو ماڵە عەرەبانەى کۆبکردایەتەوە و لەگەڵ ئەوان دابنیشتایە و بەئاگادارى خۆم و بە بوونى من لەو شوێنە کارەکە بکرایە.”

.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆمار رۆژێک پێش سەردانەکەی سەماوە، “سێ جار پەیوەندی بە تەیمور کردووە و هەوڵیداوە لەگەڵ خۆیان بەشدار پێبکە بۆ سەردانی سەماوە، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون، ئەگەر لەحاڵەتێکیشدا تەیموور نیگەرانی هەبێت ئێمە بە خەمەوە لێی دەڕوانین، پێشمان وایە دەبێت تەیموور بە دەمەوەچوونی سەرۆک کۆماری عێراق لەپاش ئاشکرابوونی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی ئەنفال بە گرنگ بزانێت، ئەوەش وەک خۆی پێشتر وتوویەتی له 2009 وە گۆڕەکەی ئاشکرا کردووە”.

.

تاقانەکەی ئەنفال تووڕەیە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە [تایبەت]

بەڵام تەیموور ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سکاڵای یاسایی دژی سەرۆک کۆمار و ئەو تیمە تۆماردەکات کە سەردانی گۆڕە بە کۆمەڵەکەیان کردووە، ئەو دەڵێت: “هەتا من هەبم کەس بۆى نیە دەستکارى ئەو گۆڕانە بکات، چونکە 110 کەسى من لەناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدان هەر لەخوشک و دایک و پور و ئامۆزا و هەموو کەسێکى من.”

.

بەڵام سەرچاوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ڕەتی دەکاتەوە تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی یاسایی لەو بارەیەوە بەدەستی ئەوان گەیشتبێت.

.

تەیموور سوورە لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدات ڕووفاتی کەسوکاری لە ئێستادا بهێندرێنەوە خاکی کوردستان، ئەو دەڵێت “هەتا جاش و موستەشارەکان، کە ئێستا لەناو حزبەکاندا پۆست و پلەی بەرزیان هەیە، دادگایی نەکرێن، ڕێگە نادەم ڕووفاتەکان بگەڕێندرێنەوە کوردستان، سەرەتا بەڕێگای یاسایی هەوڵی خۆم دەدەم، ئەگەر پێویستیش بکات خۆم دەچمە ئەوێ و پاسەوانیی گۆڕەکان دەکەم.”

.

تاقانەکەی ئەنفال کە ئێستا لە ئەمەریکایە باس لەوەش دەکات لەگەڵ ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لەئەمریکا قسە و گفتوگۆی کردووە، “هەروەها داوایەکم بەرزکردۆتەوە بۆ کۆنگرێسى ئەمریکا و دەمەوێت لۆبى بۆ ئەو بابەتە بکەم و لەماوەیەکى نزیکدا سەردانى سەماوەش دەکەم.”

.

هەر لەوباریەوە حسێن فالح برازای ئەو سەرۆک خێڵەی کە گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوە لە سنوری ئەواندایە هەروەها  هەر لە منداڵیەوە خۆی و تەیمور بەیەکەوە پەروەردەکراون، ناڕازیبوونی خۆیان لەبارەی شێوازی ئاشکراکردنی گۆڕە بە کۆمەڵەکەوە دووپات دەکاتەوە.

.

ئەو بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند : “گۆڕە بەکۆمەڵەکە شتێکی تازە نییە، ئێمە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەزانین کە ئەو شوێنە گۆڕی بەکۆمەڵی لێیە. چوونکە لەسنووری خێڵەکەی ئێمەدایە و تەیمووریش لەوێ لەلایەن باوکمەوە ڕزگارکرا.”

.

حسێنیش هاوشێوەی تەیموور نیگەرانە لەوەی ئاگادارنەکراونەتەوە لە ئاشکراکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکە، دەشڵێت: “لەکاتی ئاشکراکردنی گۆڕەکە تا چەند کاتژمێرێکیش واماندەزانی گۆڕێکی تازەیە، بەڵام دواتر بۆماندەرکەوت هەمان گۆڕە بەکۆمەڵە کۆنەکەیە.”

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل