fbpx
Shadow Shadow

کەى پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک؟ [تایبەت]

12:52 چوار شه‌ممه‌ 12 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، وەک زۆرێک لە پرسەکانی دیکە چاوەڕێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتە، ئەوەش پاش چارەسەرکردنی کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد دێت.

.

یەکێتی و پارتی کە دوو لایەنی سیاسی خاوەن هێزی چەکدارن، سوورن لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، هەروەها لە پاش پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەت، بڕیارە شاندێکى حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بکات بۆ ئەو مەبەستە.

.

عەدنان کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک ئاشكرایکرد لە زووترین کاتدا شاندێکی حکومەتی نوێی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، لەوبارەیەوە تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هەر لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێم شاندێکی حکومەت سەردانی بەغدا دەکات، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکە چارەسەکردنی دۆخی کەرکوک دەبێت”.

.

ئەو بەرپرسەی پارتی لە کەرکوک، سەبارەت بە هەوڵەکانی حیزبەکەی بۆ ئەو پرسە ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی کەرکوک پێوستی بە کاتە، بۆیە کارەکانی و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی بە خاوی دەڕوات، وتیشی: “هەوڵەکانی پارتی و گفتوگۆکانی لەوبارەیەوە بەردەوامبووە، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکە پێویستی بە چەند قۆناغێکە کە یەکێکیان گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر لێیبووە”.

.

کەى پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک؟ [تایبەت]

.

هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و فەرماندەی هێزەکانی 70، ڕەتیکردەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک هەبێت لەو پرسەدا، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هیچ بەرەوپێشچوون و ڕێککەوتنێک نەبووە لەگەڵ بەغدا بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچەکانی دیکەش”.

.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن، تا هەوڵەکانیان دەستپێبکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەند.

.

تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگەش، جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد ئاشکراى کرد، وەک وەزراەتى پێشمەرگا تا ئێستا هیچ بڕیارێکیان بۆ گەڕنەوەى پێشمەرگە بۆ کەرکوک بۆ نەچووە.

.

پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوکیش ڕای خۆیان هەیە لەسەر ئەو پرسە و هەوڵدەدەن ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شارەکە، بەڵام بەرپرسەکەی پارتی ڕەتیدەکاتەوە کێشەی کەرکوک کێشەیەکی تایفی بێت.

.

کەى پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک؟ [تایبەت]

.

محەمەد بەیاتى، نوێنەرى پێشووى تورکمانەکانى کەرکوک لە پەرلەمان، بە میدیا عێراقییەکانى ڕاگەیاندووە، هەندێک جوڵە و لێدوانى سەرکرەکانى کورد هەن کە ئاماژەن بۆ گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ کەرکوک، دەشڵێت: “کورد کە باس لە گەڕانەوەى پێشمەرگە دەکات وا تەماشاى کەرکوک دەکەن کە داگیرکراوە لەلایەن حکومەتى ناوەندەوە، بەڵام وتەى ئەو بەرپرسە کوردانە وەک ئەوە وایە بەنزین بکەن بە ئاگردا”.

.

پرسى دانانى پارێزگارى کەرکوک، گرێدراوى ڕێککەوتنى پارتى و یەکێتییە بۆ کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم، پرسی گەڕانەوەى پێشمەرگەش بۆ کەرکوک پاش پێکهێنانى کابینە نوێکەى هەرێم دەخرێتەوە سەر مێزى گفتوگۆى نێوان بەغداد و هەرێم.

.

لە پاش ڕوداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرەوە، پرسى گەڕاندنەوەى پێشمەرگە بۆ کەرکوک، ناوبەناو سەر هەڵدەداتەوە، ئێستاش لە گەڵ هێوربوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد، جارێکى تر داواکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەى پێشمەرگە لەلایەن کوردى ئەو ناوچانەوە دەستى پێکردووەتەوە.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل