fbpx
Shadow Shadow

بەغدا دەستپێشخەرییەکى پێیە بۆ سعودیە

بەغدا چاوەڕێی باوەشی دوو دراوسێکەیەتی.. ناس کورد هەگبەی عەبدولمەهدی بۆ کەنداو ئاشکرا دەکات

13:11 چوار شه‌ممه‌ 25 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

لە سەروبەندی هەوڵ و جموجوڵەکانى عێراق لە ئاستی باڵادا بۆ دامرکاندنەوەى ئاگری شەڕ لە ناوچەکە کە لەئێستادا گەیشتووەتە لوتکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی ئەیلولی 2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگاتە سعودیە و دەستپێشخەرییەکیش لە هەگبەیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە بارگرژییەکانى کەنداو.

..

بەپێی سەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی ئاگادار بۆ ناس کورد، هەنگاوەکەى عێراق بۆ سعودیە “گەورە و گرنگە”، لە سەردانەکەیدا عادل عەبدولمەهدی پادشا سەلمان بن عەبدولعەزیز و محەمەدی شازادەى جێنشین دەبینێت.

..

لە ڕاگەیەنراوی فەرمی حکومەتى عێراقدا هاتووە، سەردانەکە بۆ تاوتوێکردنی “پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی و دۆخی هەرێمی و هەوڵەکانى هێورکردنەوەیە، هەڵوێستى عێراق جێگیرە و دەیەوێت ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت بۆ دورخستنەوەى مەترسی ناکۆکییەکان و بنیادنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانى دراوسێ و برا و هاوڕێ.”

..

سەرچاوەکە بە ناس کوردی وت، “عەبدولمەعدی دەستپێشخەری دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ ئێرانییەکان دەخاتە بەردەمی بەرپرسانى سعودیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانى ناوچەکە و وەستاندنی بارگرژییەکانى سعودی-ئێرانی، ئەوە سەرباری بارگرژییەکانى ئەمدواییەی ئێران و ئەمریکاش.”

.

لە هەمان کاتدا، لە ناوخۆدا عێراق ئامادەکارییەکانى دەستیپێکردووە بۆ ناردنی شاندێکی تر بۆ تاران کە لەوانەیە لە دوو ڕۆژی داهاتوو بگاتە ئەوێ بۆ نێوەنگیری و ئامادەکاریی بۆ بەستنی لوتکەیەک لە بەغدا لەسەر بناغەى دەستپێشخەرییەکەى بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کە لە وتارەکەیدا لە ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکرد.

.

بەرهەم ساڵح بۆ “وۆڵ ستریت جۆڕناڵ” ئاشکرایدەکات:  چارەسەری گرژییەکانی کەنداو لە بەغداوە دەستپێدەکات

.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن، “گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی شاندی عێراقی بۆ تاران و پێشکەشکردنی داواکارییەکەیان کە خۆی لە کۆبوونەوەى و دانیشتنی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد بن سەلمان، شازای جێنشینی سعودیە دەبینێتەوە لە بەغدا.”

.

دەشڵێن، حکومەتی عێراقی هەوڵدەدات نێوەندگیری لەنێوان ئێران و سعودیەدا بکات بە هیوای ڕێگری لە دروستبوونی بارگرژیی سەربازیی لە ناوچەکە کە دەرئەنجامێکی ماڵوێرانکەری دەبێت بۆ هەموو لایەک.

.

ئاماژە بەوەش دەکەن، “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەغدا دەستیکردووە بە جوڵە تاوەکو ببێتە نێوەندگیر لەنێوان تاران و ڕیاز کە ئامانج لێی کۆکردنەوەى حەسەن ڕۆحانی و محەمەد بن سەلمانە لەسەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا.”

.

هەر بەپێی سەرچاوەکان، “بەغدا بە کرداری دەستیکردووە بۆ هەنگاوەکانى لەگەڵ هەردوولا و جموجوڵەکانیش دورە لە دەستێوەردان و بەشداری ئەمریکا.”

.

“پێدەچێت یەکەم تەوەر کە باس بکرێت ئاڵۆزییەکانى یەمەن بێت چونکە ئەمریکا لەئێستادا زۆر گرنگی بە بارودۆخی یەمەن نادات لەکاتێکدا کێشەیەکی سەرەکی نێوان ئێران و سعودییەیە.” ئەوان ڕایان وایە.

.

“لە ئەگەری سەرکەوتنى ئەو نێوەندگیرییە، ڕێڕەوێکی پەیوەندیی هەرێمی لە نێوان تاران و ڕیازدا دەکرێتەوە لەڕێگەى بەغداوە بەبێ ئەوەى بە واشنتۆندا بڕوات بۆ کۆتاییهێنانی بە بارگرژییەکانى کە لەم ڕۆژانەى دواییدا گەیشتووەتە لوتکە.”

.

بەغدا لەڕێگەى ئەو پڕۆژەیەوە دەیەوێت خاکی عێراق بەدور بگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەى هەرێمی و قەناعەت بە هەردوولا بکات بە نێوەندگیرییەکە ڕەزامەند بن.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل