Shadow Shadow

ناس کورد ناسنامەی بەرپرسەکانیان ئاشکرا دەکات

وردەکاری هێزە چەکدارەکەی پەکەکە لە هەرێم، کێ پشتگیری دەکات و پێشمەرگە چی دەڵێت؟

08:51 یه‌ك شه‌ممه‌ 30 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد-

لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر قەندیل و زیاتر هاتنە ناوەوەی سوپای ئەو وڵاتە  بۆ ناو خاکی هەرێم، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێزێکی نوێی لە گەنجانی باشوری کوردستان بە ناوی “هێزی پاراستنی جەوهەریی باشوری کوردستان” راگەیاندووە، ناس کورد ناسنامەی بەرپرسانی هێزەکە ئاشکرادەکات.

.

هێزەکە داوای کارکردن و هاوکاری لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکات، بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگەش دروستبوونی هێزێکی لەوجۆرە بۆ ئێستای هەرێم بە خراپ دەزانێت و ڕەتیدەکاتەوە کاریان لەگەڵدا بکەن.

.

زاگرۆس هیوا، بەرپرسی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی کەجەکە بەناس کوردی ڕاگەیاند: ” ئەو هێزە  کۆمەڵێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان خۆیان دروستیان کردووە و ئامانجیان بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای تورکیایە بۆسەر خاکی هەرێم، پەکەکەش ڕێکیخستوون و پشتیوانیان دەکات”.

وردەکاری هێزە چەکدارەکەی پەکەکە لە هەرێم، کێ پشتگیری دەکات و پێشمەرگە چی دەڵێت؟

ئەو بەرپرسەی کەجەکە ئاماژەی بەوەشكرد، پەکەکە پشتیوانی لە هەر حزب و لایەنێکی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەڕاستی ئامانجی پاراستنی کورد و کوردستان بێت.

.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، ئەو هێزە لەو گەریلایانە دروستکراوە کە خەڵکی باشوری کوردستانن و  پێشتر لە ڕیزی گەریلاکانی پەکەکەدا بوون، یاخود تازە پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە.

.

ناس کورد ئەوەشی زانیوە هەریەکە لە دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە و سەردار سکار فەرماندەی میحوەری برادۆستی پەکەکە، سەرپەرشتی ئەو هیزە تازەیە دەکەن و ڕاستەوخۆ لە قەندیلەوە فەرمان وەردەگرن.

.

ئەو هێزە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە و تێیدا کەسێک بەناوی فەرماندەی هێزەکەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە، لە بەشێکی بەیاننامەکەدا داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات کاریان لەگەڵدا بکەن و هاوکارییان بکەن.

.

هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە

لەوبارەوە فەرماندەیەکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتیدەکاتەوە کار لەگەڵ “گروپێکی چەکدار”دا بکەن و بە پێویستیشی زانی حکومەتی هەرێم بەدواداچوون بکات و ڕێگە نەدات هێزی چەکداری لە هەرێم دروست بکرێت.

.

قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو هێزە تائێستا بە فەرمی هیچ شتێکیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەناردووە و ئەگەر بشینێرن ئێمە کار لەگەڵ گروپێکی چەکداردا ناکەین و وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی یاسایی و حکومەییە نەوەک نافەرمی و نەناسراو”.

.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، دامەزراندنی هێزێکی لەوجۆرەی بەخراپ زانی و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێم چەندین ساڵە کێشەی ڕێکنەخستنی هێزە چەکدارەکانی هەیە و لەئێستا هەموو هەوڵێکی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانە، نەوەک هێزێکی دیکە دابمەزرێت.

.

قارەمان کەمال جەختیشیکردەوە، پێویستە حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە بکەن و ڕێگە نەدەن گروپ و هێزی چەکداری نافەرمی دروست بێت و سەربەخۆ کاربکەن.

.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، میدیاکانی نزیک لە پەکەکە گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە و تێیدا هێزێکی چەکدار بەناوی “هێزی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان” بە مەراسیمێکی سەربازی لە چیاکانی کوردستان و بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەك دامەزراندنی خۆیان ڕاگەیاند و دەڵێن: “پێگەی هێزە داگیرکەرەکان لە باشووری کوردستان دەکەینە ئامانج”.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل