fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

کێشەکە لە خەڵکەوەیە یان حکومەت؟

هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانە زۆرەکانی هەرێم لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە چین؟

22:39 سێ شه‌ممه‌ 25 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

قەیران لەدوای قەیران و سەرەگرتن بۆ هەندێک پێداویستی ژیان بووەتە بەشێک لە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم، لەسەرەی غازەوە بۆ دەمامک و دواتریش بەنزین و خۆراک، هەرچەندە بەشێکی پەیوەندی بە بیرکردنەوەى خەڵکەوە هەیە، بەڵام توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش پێیوایە ئەو پرسە پەیوەندی بە ڕابردووی گەلی کوردەوە هەیە و هۆکارێکی دیکەشی متمانەنەبوونە بە حکومەت.

 .

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرانی هاوسنوری عێراق و هەرێمی کوردستان دوایین قەیرانی لە هەرێم دروستکرد، ئەویش قەیرانی دەمامک و شەوی ڕابردووش لەدوای بڕیاری داخستنی سنورەکانی هەرێم بەڕووی ئێراندا، سەرەگرتنی بۆ بەنزین لە بەنزینخانەکان و خۆراک لە مارکێتەکاندا لێکەوتەوە.

.

لەدوای بڵاوبوونەوەی چەندین گرتەی ڤیدیۆیی سەرەگرتن بۆ بەنزین و خۆراک و دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر بەوهۆیەوە، بەشێک لە هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە هاووڵاتییان خۆیان هۆکاری دروستبوونی بەشێک لەو قەیرانانەن بەهۆی ئەوەی لە بچوکترین حاڵەتدا ڕادەکەن بۆ کڕینی شتومەک سەرەگرتن بۆی.

.

“ئەوەی دەگوزەرێت ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو و متمانە نەبوونە بە حکومەت”

 کەریم شەریف قەرەچەتانی، توێژەری کۆمەڵایەتی بە ناس کوردی وت: “لە ڕابردوودا کورد برسێتی زۆری دیوە و ڕووداوی زۆری بەسەر هاتووە، بۆیە ئێستاش کاتێک بچوکترین شت ڕوودەدات دەترسێت ئەوە دووبارە ببێتەوە و وەک ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دووبارە برسی بێتەوە”.

.

وتیشی، هاووڵاتیانی هەرێم بەردەوام لە ترسدا دەژین کە تووشی قەیران نەبن، ئەوەش بەشێکی بۆ دەسەڵات دەگەڕێتەوە کە ژێرخانێکی ئابوری و پیشەسازی بەهێزی نییە تا هاووڵاتیان دڵنیابن لەوەی پارێزراون تێیدا.

.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئاماژەی بەوەشکرد: “چەندین ساڵە بەرپرسانی حکومەت بەڵێنی باشکردنی ژیانی هاووڵاتیان دەدەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ژیانی هاووڵاتیان بەرەو خراپتر دەڕوات، بۆی ئەوە وای لە دەرونی خەڵک کردووە کە متمانەی بە حکومەت نەبێت و چاوەڕوانی حکومەت نەکات، بەڵکو خۆی پێشتر هەوڵبدات کە خۆی لە قەیران بپارێزێت”.

.

“نەبوونی هۆشیاری و ڕۆشنبیریی هاووڵاتیان”

 کەریم شەریف قەرەچەتانی ڕونیکردەوە: “نەبوونی ڕۆشنبیری و هۆشیاری لای هاووڵاتیان هۆکارێکی دیکەیە، چونکە تاکی کورد هێندەی سەرقاڵی بابەتە بێ سودەکانی ژیانە، هێندە سەرقاڵی ئەوە نییە هەوڵبدات لە ڕووداوەکانی چواردەوری تێبگات و ڕۆشنبیرییەکی هەبێت دەربارەی”.

.

“بۆ نمونە ئەگەر هاووڵاتیان بیانزایایە کە بەستنی دەمامک بۆ ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوون پێویست نییە، ئەوا ئەو قەیران و گرانبوونی دەمامکە دروست نەدەبوو، بۆیە پێویستە هاووڵاتیش هەوڵبدات زیاتر خۆی ڕۆشنبیر بکات”، کەریم شەریف قەرەچەتانی وادەڵێت.

.

“بازرگانی چاوچنۆک و نەبوونی یاسا”

 ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە باس لەوەدەکات: “لە هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی سەرمایەدارن و بازرگانن بەشێوەیەک چاوچنۆک بوون، کە لە بچوکترین بارودۆخی نائاساییدا شت گران دەکەن و شت دەشارنەوە بۆ دروستکردنی قەیران”.

.

وتیشی، هۆکاری ئەوەشی کە بازرگانەکان ئەو کارە دەکەن، ئەوەیە کە یاسایەکی توندوتۆڵ نییە بۆ سزادانیان و زۆرجار سودی بۆ کۆمپانیای حزبەکان هەیە بۆیە یاسا هیچ لێپێچینەوەیەک ناکات، زۆرجاریش یاسا لە سەروو ئەخلاق و ویژدانەوەیە و ئەو کەسانە کەمن کە ویژدانیان لە یاسا بەرزتر بێت، بۆیە کە یاسا نەبوو ئەو هەڵایە دروست دەبێت.

.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە جەختیکردەوە: “بۆیە ناکرێت تەنها هۆکارێک دیاریبکەین بۆ ئەو دۆخەی کە زۆرجار لەناو هاووڵاتیاندا دروستدەبێت و هەم هاووڵاتی خۆی هۆکارە هەمیش حکومەت و هەم ڕابردووی گەلی کورد”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل