fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

بەرپرسانی هەڵەبجە ڕەتیدەکەنەوە خەڵک بە قاچاخ و دور لە ڕێنماییەکان گەڕابێتەوە هەرێم (تایبەت)

21:00 سێ شه‌ممه‌ 25 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

لەدوای داخستنی سنورە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە، بەرپرسانی سنوری و ناوچە سنورییەکان چەندین ڕێکاری تەندروستی و ئەمنییان بۆ خۆپاراستن جێبەجێکردووە، بەڵام چەند دەنگۆیەک هەیە کە لە مەرزە نافەرمییەکانەوە خەڵکی هەرێم کوردستان بە قاچاخ لە ئێرانەوە دێنەوە بۆ هەرێم و خۆیان لە پشکنین و جیاکەرەوەى تەندروستی دەرباز دەکەن بە تایبەت لە ناوچەى هەڵەبجە و هەورامان.

.

هەرچەندە پارێزگارى هەڵەبجە هاتنی ژمارەیەک هاوڵاتی لە سنورە لاوەکی و نافەرمییەکانەوە بۆ ناس کورد پشتڕاست کردەوە بەڵام ڕەتیکردەوە ئەو کەسانە لە هێزە ئەمنییەکان دەربازیان بووبێت و دەڵێت، سەرجەمیان دەستگیرکراون و خرانەتە جیاکەرەوەی تەندروستی.

.

ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هەڵەبجە و سەرۆکى لیژنەى ڕوبەڕوبونەوەى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەڵەبجە بە ناس کورد وتى: ئەوەندەى توانیومانە سەرجەم شوێنەکان بە فەرمى و نا فەرمیەوە گیراون، “خەڵک هاتونەتە ئەم دیوەوە بەڵام دەستگیرکراون و خراونەتە جیاکەرەوەى تەندروستیەوە و تەنانەت کەسانى تریشمان گرتوە و ناردوماننەتەوە ئەو دیو سنور.”

.

وتیشى، پێویستە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرپرسارێتى ئاسایشى نیشتمانى لەبەرچاو بگیردرێت و نابێت شتێک کە ڕاست نییە بڵاوبکرێتەوە، کێ بەڵگەى هەیە کە کەسێک بە قاچاخ گەڕاوەتەوە با بێت ناوەکەى بدات و هاوکارمان بن بۆ ئەوەى ئەگەر کەسێکیش بە نایاسایى هاتوەتە ئەم دیوەوە بیهێنین و بیخەینە جیاکەرەوەى تەندروستیەوە، بۆ ئەوەى خۆشى و دەوروبەرەکەشى پارێزراو بێت. پارێزگارى هەڵەبجە ئەوەشى تەئکید کردەوە کە ئەوەش بەرپرسارێتیەکى ئایینى و نیشتمانى و ئەخلاقییە.

.

لاى خۆشیەوە ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەرى تەندروستى پارێزگاى هەڵەبجە سەبارەت بەو کەسانەى کە خراونەتە جیاکەرەوەى تەندروستى بە ناس کوردى وت: لە پارێزگاى هەڵەبجە مەرزەکان داخراون و چوار کەسیش کە بە قاچاخ هاتونەتە ئەم دیوەوە ڕێگەیان نەدراوە خۆیان بدزنەوە و خراونەتە جیاکەرەوەى تەندروستیەوە.

.

هەروەها لاى خۆشیەوە بەرزان عوسمان، وتەبێژى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە بۆ ناس کورد ڕەتیکردەوە کە هیچ کەسێک بە قاچاخ دزەى کردبێتە ناو پارێزگاکەوە.

.

لەلایەکى ترەوە، حەمید بارام، بەڕێوەبەرى ناحیەى بیارە سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانیان بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە سنورەکەیان بە ناس کوردى وت: لەلایەن سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبونەوەیەک کراو دواتریش خۆمان گەڕاینەوە و کۆبونەوەمان لەگەڵ ئاسایشى تەوێڵەو بیارە و پاسەوانى سنور کرد و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کراونەتەوە کە لە هاتنە ناوەوەى هەر کەسێکى ئێرانى دەستبەجێ ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەى بیاننێرینەوە خاکى ئەو وڵاتە، هەروەها بەردەوام مەفرەزەیەکى پاسەوانى سنور چاودێرى خاڵە لاوەکیەکان دەکەن و سەرجەم ئەو رێوشوێنانەى پێویستن بۆ توندوتۆڵکردنى سنورەکان گیراونەتە بەر.

.

سەبارەت بەوەى کە هیچ هاوڵاتیەکى هەرێمى کوردستان لەترسى ئەوەى بخرێتە جیاکەرەوەى تەندروستیەوە بەڕێگە قاچاخ گەڕاونەتەوە یاخود نا وتى، بەهیچ شێوەیەک شتى لەو جۆرە نییە و ئەو زانیاریانە ڕاست نین پاسەوانى سنور ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات بێنە ئەمدیو سنورەوە، هەوڵ دراوە بەڵام نەهێڵراوە بێن و هەموو هەوڵێک دراوە بۆ پاراستنى سەرجەم ڕێگە قاچاخەکانیش.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل