Shadow Shadow

"تا ئێستا لە هەرێم نەخۆشخانەیەک نییە بۆ چاندنەوەی ئەندامەکانی جەستە"

700 کەس لە هەرێم ناویان بۆ بەخشینی ئەندامەکانى جەستەیان تۆمار کردووە

18:37 چوار شه‌ممه‌ 22 ئایار 2019
article image

ناس کورد- سۆما ئەمجەد

ژمارەى ئەو کەسانەى کە ناوى خۆیان تۆمار دەکەن بۆ بەخشینى ئەندامەکانى جەستەیان لە پاش مردنیان، لە هەرێمى کوردستان بەرەوە هەڵکشان دەڕوات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان هەڵدەستێت بەڕاپەراندنی ئەو کارانە.

.

ڕێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان کارى نێوەندگیرى دەکات لەنێوان ئەو کەسانەى ئەندامەکانى لاشەیان دەبەخشن و ئەو کەسانەشى کە پێویستیان بە ئەندامەکان هەیە.

.

چیرۆکی ڕێکخراوى جەستەبەخشان لە کوردستان

بەخشینی ئەندامەکانى جەستە کارێکی نێودەوڵەتییە و ناوەندی سەرەکی ئەو ڕێکخراوانەى لەو بوارەدا کار دەکەن لە وڵاتی ئیسپانیایە، لە 1/12/2013 جەستەبەخشانى کوردستان مۆڵەتی فەرمی لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم وەرگرتوە و بوە بە رێکخراوێکى فەرمى لە هەرێم، سەرەتاش لە وەسێتنامەیەکەوە ئەو ڕێکخراوە دامەزراوە.

.

فەرهاد قادر سەرۆک و دامەزرێنەری رێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان تایبەت بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: “پێشتر لە بوارى خوێن بەخشین کارم کردووە، لەساڵی 2010 بیرۆکەی ئەو ڕێکخراوەم لا دروست بوو، سەرەتا هەستام بەنوسینی وەسێتنامەیەک و پیشکەشی وەزارەتی تەندروستیم کرد، کە تیایدا نوسیبووم، دەمەوێت لەدوای مردنم ئەو ئەندامانەی جەستەم کە سودیان لێدەبیندرێت بدرێنە کەسانی دیکە”.

.

سەرۆکى ڕێکخراوى جەستەبەخشان ئاماژەى بەوەشکرد، لە بەشێکى وەسێتنامەکەیدا داواى ئەوەى کردووە، جەستەى بدرێتە کۆلێژی پزیشکی بۆئەوەی خوێندکاران بە شێوازێکی پراکتیکی وانەی لەسەر بخوێنن.

.

700 کەس لە هەرێم ناویان بۆ بەخشینی ئەندامەکانى جەستەیان تۆمار کردووە

.

“لەوەسێتنامەکەمدا باسم لەوەش کردبوو، کە لەماوەی ژیانمدا دەمەوێت گورچیلەیەکم بدەمە کەسێکی نەخۆش و چاندنی جگەر یان مۆخی ئێسکیش بۆ نەخۆشێک ئەنجامبدەم”، فەرهاد قادر واى وت.

.

باسی لەوەشکرد”ئەوکات ئەو کارەیان بەهەند وەرنەگرت، بەڵام دواتر لە ساڵی 2013 هەمان وەسێتنامەم بۆ د.ڕێکەوت وەزیری تەندروستی نارد، ئەویش دوای هەفتەیەک وەڵامی دامەوە و سوپاس و پێزانینی بۆ ناردم”.

.

دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرى تەندروستى باسیان لە بیرۆکەى جەستەبەخشین کردووە، بۆیە وەزیرى تەندروستى پێشنیاری ئەوەی بۆکردوون کە بیرۆکەکە بکەنە ڕێکخراوێک.

.

700 کەس لە هەرێم ناویان بۆ بەخشینی ئەندامەکانى جەستەیان تۆمار کردووە

 

.

چۆنێتى وەرگرتنى ئەندام لە ڕێکخراوى جەستەبەخشان؟

بۆ ئەندامبوون لە ڕێکخراوى جەستەبەخشانى کوردستان، پێویستە دوو فۆڕم پڕبکرێتەوە لەلایەن کەسی بەخشەرەوە، کە فۆڕمی یەکەمیان لەلایەن کەسەکە خۆیەوە پڕ دەکرێتەوە دوای ڕەزامەنی خۆی و خواستی خۆی لەسەر بەخشینی جەستەی، پاشان فۆڕمی دووەم دەدرێتە کەسوکاری و دەبێت کەسە پلە یەکەکانى ئەو کەسە ئەو فۆڕمە واژوو بکەن.

.

لە بارەى هۆکاری بوونى فۆڕمی دووەم، فەرهاد قادر وتى، لە پاش کۆچی دوایی ئەوکەسەى کە ویستویەتى ئەندامەکانى ببەخشێت، دەبێت کەسوکارەکەی، لایەنی پەیوەندیدار و ئێمەش ئاگادار بکەنەوە.

.

ئەو کەسەى کەسوکارەکەى فۆڕمى دووەمى بۆ پڕنەکەنەوە، نابێت بە ئەندام لەو ڕێکخراوە و تەنها وەک دۆستێکی ڕێکخراوەکە وەر دەگیرێت.

.

رێکخراوى جەستەبەخشان لە کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکەن لە رێى یاساوە وابکەن، ئەو کەسەی کە بیەوێت ببێتە ئەندام و تەمەنی لەسەرو 18 ساڵ بێت تەنها بڕێارى خۆى بوێت نەک کەسوکارەکەى.

.

700 کەس لە هەرێم ناویان بۆ بەخشینی ئەندامەکانى جەستەیان تۆمار کردووە

.

چەند کەس ناویان نوسیووە و پاڵنەرەکانى ناونوسینیان چین؟

بە گوێرەى ئامارەکانى ڕێکخراوى جەستەبەخشان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، زیاد لە 4 هەزار فۆڕمیان دابەشکردووە، لەو ژمارەیە 700 کەس ڕەزامەندی کەسوکاریان وەرگرتوە و بوونەتە ئەندام بۆ ئەوەى پاش مردنیان ئەندامەکانى جەستەیان ببەخشن.

.

لە بارەى هۆکارى خۆناونوسکردنى، یوسف خەلیل حمە ئەمین ئەندامێکی ڕێکخراوى جەستەبەخشان کە وەک جەستەبەخشێک ناوى خۆى تۆمار کردووە، بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: “بابەتی جەستە بەخشین یەکێکە لە پڕۆژەکانم، خەونی پێوە ئەبینم کە لەدوای خۆم ئامانجێکی تر بپێکم، بتوانم دەستی هاوکاری بۆ کەسانیتر درێژ بکەم و بتوانم کەسێک بەهۆی منەوە ژیانی پێببەخشرێتەوە، ئەو هۆکارەبوو کە وایکرد من بگەمە ئەو بڕوایەی ببمە ئەندام لەم ڕێکخراوە”.

.

هاوکات ئەو جەستەبەخشە باسی لەوەشکرد، کە هاوسەرەکەی و منداڵەکانی هیچ گرفتێکیان نەبوە و لەهەمان کاتدا، هاوسەرەکەشی بۆتە ئەندامێکی ڕێکخراوی جەستەبەخشینى کوردستان.

.

700 کەس لە هەرێم ناویان بۆ بەخشینی ئەندامەکانى جەستەیان تۆمار کردووە

.

نەخۆشخانەیەک نییە بۆ چاندنى ئەندامەکان

بە گوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، لە هەمان ساڵی وەرگرتنی مۆڵەتی ڕێکخراوەکە، واتا لە ساڵی 2013دا، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی 100 قەروێڵەیی لە شاری سلێمانی داندراوە بەناوی نەخۆشخانەی “چاندنەوەی ئەندامەکانى جەستە”، بڕیاربووە ئەو نەخۆشخانەیە لە ماوەی 3 ساڵدا تەواو بکرێت، بەڵام بە بیانوى قەیرانی دارایی هەرێم کارکردن تێیدا وەستاوە.

.

بە وتەى فەرهاد قادر، گرنگى بوونى نەخۆشخانەی چاندنەوەى ئەندامانى جەستە لەوەدایە، کە ئەندامێکی ئەو ڕێکخراوە گیانلەدەستدەدات لەوێ پشکنینى بۆ دەکرێت و لە گەڵ ئەو نەخۆشانەى داواى ئەندامى جەستەیان کردووە هاوتا دەکرێت ئەگەر گونجا بۆ کەسی نەخۆش دەچێندرێت، بەڵام نەبوونى ئەو نەخۆشخانەیە کێشە بۆ وەرگرتنى ئەندامانى جەستەى بەخشەرەکان دروستبووە.

.

ڕێکخراوى جەستەبەخشان دەڵێن، چەندین ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە بەڵام نەبوونى نەخۆشخانە واى لێکردوون نەتوانن ئەندامەکانى لاشەى وەرگرن و بیدەن بەکەسێک کە پێویستى پێی بێت.

.

ئەندامانى ئەو ڕێکخراوە بە پەرۆشەوەن بۆ ئەوەى ئەو نەخۆشخانەیە بە زویی تەواو بێت و پاش مردنیان ئەندامەکانیان کەسانى ترى پێ ڕزگار بکرێت، لەو بارەیەوە یوسف خەلیل حەمە ئەمین وتى، وەک ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە ئاواتە خوازن ئەو نەخۆشخانەیە بکرێتەوە، داواشى لە حکومەتی هەرێم کرد هاوکاریان بێت، چونکە ئەو کارە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیە و دەیانەوێت بەو بەشانەی جەستەیان کە بەکەڵک دێت، ژیانی کەسیکى پێ ڕزگار بکرێت لە پاش مردنیان.

.

700 کەس لە هەرێم ناویان بۆ بەخشینی ئەندامەکانى جەستەیان تۆمار کردووە

 

.

ئەو ئەندامانە چین کە مرۆڤ دەتوانێت بیانبەخشێت لەکاتى ژیان و پاش گیانلەدەستدانى؟

بە گوێرەى توێژینەوە پزیشکییەکان، مرۆڤ دەتوانێت پاش گیانلەدەستدانى حەوت ئەندامی جەستەی ببەخشێت کە ئەوانیش “دڵ، هەردوو گورچیلە، سییەکان و گلێنەی چاو).

.

هەروەها لەکاتی ژیانیشدا مرۆڤ دەتوانێت 4 ئەندامی لاشەى خۆى ببەخشێت، کە ئەوانیش برتین لە “گورچیلە، مۆخی ئێسک، خوێن و چاندنەوەی بەشیک لە جگەر).

.

بەشێک لەو ئەندامانەى لە ڕێکخراوەى جەستەبەخشان خۆیان تۆمار کردووە، ئاساییە بەلایانەوە لە کاتى ژیانیشیاندا ئەندامێکى لاشەیان ببەخشن و کەسێکى ترى پێ ڕزگار بکەن، خودى سەرۆکى ڕێکخراوەکەش بە ناس کور-ى وت ئامادەیە ئەندامێکى ببەخشێت تا لە ژیاندا ماوە.

.

یوسف خەلیل حمە ئەمین لەبارەى بەخشینی جەستەی لە کاتی ژیانیدا وتى: “من تەنها بڕیارم داوە لە پاش مردنم، جەستەم ببەخشم چونکە ئێستا کەسانێک هەن هاوخەم و هاوژینی منن من پەیوەستم بەوانەوە ئەگەر ئەندامێکم ببەخشم ئەبمە کەسێکی لاوازو کەم و کورتیم ئەبێت ناتوانم ئەرکەکانی خۆم بەرامبەر خێزان و مناڵەکانم جێبەجێ بکەم”.

.

700 کەس لە هەرێم ناویان بۆ بەخشینی ئەندامەکانى جەستەیان تۆمار کردووە

 

.

ئامانجی ڕێکخراوى جەستەبەخشان چییە؟ لیژنەى فەتوا ڕێگەى پێداون؟

سەرۆکى ڕێکخراوەکە لە بارەی ئامانجەکانی ڕێکخراوى جەستەبەخشانى کوردستانەوە دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت بەخشینی جەستە بکەنە نەریت، بۆ ئەوەی بەخشین هەبێت نەک بازرگانی کردن بە جەستەوە.

.

لە پاش چەندین جار کۆبوونەوە دواجار، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و لیژنەی فەتواى هەرێم، نوسراوی فەرمییان پێداون و ڕەزامەندیان دەربڕیووە بە کارکردنى ئەو رێکخراوە لە بوارى بەخشینى جەستەوە.

.

بەڵام ناس کورد زانیویەتى چەند مەرجێک بۆ ئەو رێکخراوە دانراوە کە بریتین لە، “ڕەزامەندی ئەوکەسە خۆی بۆ بەخشینی جەستەی، هەروەها نابێت لەکاتی وەرگرتنی ئەندامەکانیان جەستەی ئەو مردووە بشێوێندرێت.

.

لەو بارەیەشەوە مامۆستا عەتا پێنجوێنی سەرپەرشتیاری لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی کوردستان بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: “ئە ڕێکخراوە مۆڵەتی حکومییان وەرگرتوە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە نوسراو نیە بەڵکو ئەوەیە تاچەند ئەم بەخشینی جەستەیە لە ڕوە دینیەکەیەوە ڕێگە پێدراوە، ئێمەش لەو لایەنەوە پشتگیریمان کردوون، لیژنەی فەتوا فەتوای بۆداون”.

.

ئەو مامۆستا ئاینییە ئاشکراشى کرد، چەندین مامۆستای ئاینی ئەندامن لەو ڕێکخراوە و ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەى لە پاش مردنیان ئەندامەکانى جەستەیان ببەخشن بەو کەسانەى پێویستیانە.

.

.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل