Shadow Shadow

ناس كورد ناوی بەشێک لە وەزیرەکانی حكومەتی داهاتووی هەرێم بڵاودەکاتەوە

نەخشەی دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرێم گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا دێت

22:46 یه‌ك شه‌ممه‌ 03 ئادار 2019
article image

ناس کورد-

 

هەرچەندە هێشتا هیچ کاندیدێک بەفەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ڕانەسپێردراوە، بەڵام لە پشت پەردەوە گفتوگۆکان لەبارەی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان دەستیپێکردووە، پارتی دیموکرات ناوخۆ و سامانە سروشتییەکانی لا دەمێنێتەوە، یەکێتی دەیەوێت وەزارەتی پێشمەرگە بگەڕێنیتەوە ژێر باڵی خۆی، گۆڕانیش دارایی چوار ساڵی داهاتووی هەرێم دەگرێتە دەست.

ماوەی 154 ڕۆژە هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستاندا کراوە، تا ئێستاش کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە، بەڵام پۆستە باڵاكانی هەرێم تاڕادەیەک ڕوونبووەتەوە، لە پشت پەردەشەوە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پۆستەکانی دیکەوە دەستی پێکردووە.

پارتی گۆڕانکاریی لە لوتکەی هەڕەمەکە دەکات

ڕۆژی 3ی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا مەسرور بارزانی، کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی، کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەوەش بەیەکەم گۆڕانکاریی گەورە دادەنرێت لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمدا، بەو پێیەی لە 20ی کانونی یەکەمی ساڵی 1999ەوە ئەو پۆستە لای نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای سەرۆک وەزیرانی داهاتووە.

لەبەرامبەردا، نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پۆستی سەرۆکی داهاتووی هەرێم، ئەو کورسییەی پێشتر تەنها مەسعود بارزانی لەسەری دانیشتووە، بارزانیش تەنها وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، سەرەتا بۆچوونێک هەبووە بۆ کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، بەڵام هەر زوو ئەو پۆستە بۆ نێچرڤان بارزانی یەکلاکراوەتەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، پارتی لە کابینەی نوێی حکومەتدا سوورە لەسەر هێشتنەوەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان لای خۆی، بەڵام بەهۆی گۆڕینی سەرۆکی کابینەکەوە، پێدەچێت چانسی کەریم سنجاری و ئاشتی هەورامی کەم بێت بۆ دووبارە دانیشتن لەسەر کورسیی ئەو وەزارەتانە.

 

 

ئەنجومەنی ئاسایش.. پۆستێک کە کێشە بۆ پارتی دروست دەکات

پۆستێکی دیکەی گرنگ کە لەسەرەتای دامەزراندنییەوەی لای پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، کە تا ئێستاش مەسرور بارزانی ئەو پۆستەی هەیە، بەڵام لەگەڵ ڕاسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت ئەو پۆستە چۆڵ دەبێت.

ناس کورد زانیویەتی لەناو پارتیدا دوو بۆچوون لەبارەی ئەو پۆستەوە هەیە، بۆچوونێکیان ئەوەیە کە ئەو پۆستە بدرێتە مەنسوڕ بارزانی کوڕی مەسعود بارزانی، ئەوەش زیاتر مەسرور بارزانی پشتیوانی دەکات و دەیەوێت هەیمەنەی خۆی بەسەر ئەو دامەزراوەیەدا بهێڵێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە، سیروان بارزانی کە ئێستا فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەویش زیاتر لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە پاڵپشتی دەکرێت.

 

 

یەکێتی دەیەوێت پۆستە باڵاکان بگەڕێنێتەوە لای خۆی

بەهۆی گۆڕانکاریی لە ڕێژەی کورسییەکانی پەرلەمان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو، پۆستەکانی یەکێتی و گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەتدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. یەکێتی بەشێک لە پۆستەکان لە گۆڕان وەردەگرێتەوە و گۆڕانیش پاشەکەشە دەکات.

 

سەرەڕای ئەوەی ئێستا سەرۆکی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتیی لای پارتییە، بەڵام یەکێتی ئەو پۆستە وەردەگرێتەوە و لەگەڵیشیدا وەزارەتی پێشمەرگە لە گۆڕان وەردەگرێتەوە کە لە کابینەی پێشوودا وەریگرتبوو، جێگری سەرۆکی حکومەتیش هەر لای خۆی دەمێنیتەوە.

 

Related image

قوباد تاڵەبانی تا ئێستا تاکە ناوە کە وەک کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی باسی لێوەدەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە یەکێک لە کوڕەکانی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی دەکرێت بۆ ئەو پۆستە، هەرچەندە بەپێی زانیارییەکان ناس کورد ئەوە ئەگەرێکی لاوازە.

 

بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگەش، لەناو یەکێتیدا باس لە شێخ جەعفەر مستەفا وەزیری پێشووتری پێشمەرگە و جەبار یاوەر ئەمینداری ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام هێشتا لە کۆبوونەوە فەرمییەکانی ئەو حزبەدا گفتوگۆ لەو بارەیەوە نەکراوە.

 

گۆڕان.. پاشەکشە لەدەنگ.. پاشەکشە لە پۆست

هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانیشە، بەهۆی کەمکردنی ژمارەی کورسییەکانی بۆ نیوە، پۆستە حکومییەکانیشی بەبەراورد بە کابینەی پێشووی حکومەت کەم دەکات. سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری پێشمەرگە کە پێشتر لە پشکی ئەو بزوتنەوەیە بوون، لەم کابینە نوێیەدا بۆ گۆڕان نابن، بەڵام بزوتنەوەکە سوورە لەسەر هێشتنەوەی وەزیری دارایی لای خۆیان.

لەو بارەیەوە عەلی حەمە ساڵح بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: “پێشتر هەندێک هەواڵ لەسەر پۆستەکانی گۆڕان بڵاوبۆتەوە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا بە فەرمی پۆستەکانی گۆڕان لە نێو حکومەتی نوێی هەرێم بڵاودەکەینەوە.”

 

Image result for ‫گۆڕان‬‎

هاوکات كوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە ناس كورد-ی راگەیاند: “تائێستاش كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت یەكلانەبوونەتەوە”.

بە وتەی ئەو ئەندامەی جفاتی نیشتمانی گۆڕان، پشکی بزوتنەوەکەیان لەگەڵ پارتی لە کابینەی نوێدا یەکلاکردوەتەوە ئەوانیش بریتین لە وەزارەتەکانی دارایی، ئاوەدانكردنەوە، پیشەسازی و بازرگانی، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، هەروەها دوو دەستە و چەند جێگر وەزیرێک.

 

ناس کورد زانیویەتی مستەفای سەید قادر تاڕادەیەکی زۆر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن گۆڕانەوە یەکلابووەتەوە، هەرچی بۆ وەزارەتی داراییشە ناوی هەریەک لە ئاواتی شێخ جەناب و هاوار شێخ ڕەئووف دەهێندرێت، هەرچەندە پێشتر باس لەوە دەکرا عەلی حەمە ساڵح ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ناوبراو لەپەرلەماندا وەک سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەمێنتەوە.

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل