fbpx
Shadow Shadow

خەونی هەمزە دووبارە بینینەوەى کوڕەکەیەتی کە ژنەکەى ڕفاندوویەتی (تایبەت)

12:49 دوو شه‌ممه‌ 30 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-

دوای ئەوەی هەمزە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک دەکەوێتە زیندان، هاوژینەکەی کوڕەکەی دەڕفێنێت، سێ ساڵ بەسەر ئەو  ڕووداوە تێپەڕیوە و بۆ جارێکیش بێت حەمزە نەیتوانیوە کوڕە چوار ساڵانەکەى ببینێت کە وەک خۆی بە ناس کوردی دەڵێت “ئەوە تاکە هیوا و خەونێتی”.

.

حەمزە دەروێشی تەمەن 27 ساڵ خەڵکی قەزای چەمچەماڵە، ماوەی سێ ساڵە بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێک کەوتووەتە زیندان، ئەو لە زیندانەوە چیرۆکی خۆی بۆ ناس کورد گێرایەوە و وتی: لە 2014 ژیانی هاوژینیم لەگەڵ ئافرەتێکی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی (أ س) پێکهێنا، “هیچ کێشەیەکمان نەبوو تا ئەو کاتەی من بەهۆی تاوانێكەوە کەوتمە زیندانەوە کە ئەو کاتە خێزانم دووگیان بوو بە کوڕەکەم.”

.

هەمزە دەڵێت “دوای ئەو ڕووداوە هاوژینەکەم لای  یەکێک لە خوشکەکانم دانا، ڕۆژێک خوشکێکم هات بۆ سەردانم لە زیندان شتێکی پێوتم زۆر لام سەیر بوو، وتی هەموو ڕۆژێک ئۆتۆمبێلێک دێت لە پێش دەرگای ماڵ ڕادەگرێت پارە بە هاوژینەکەت دەدەن و ئەویش شەو تا بەیانی بە موبایل قسە لەگەڵ خەڵکی تر دەکات.”

.

هەمزە باوەڕ بە قسەکانی خوشکەکەی ناکات تا ڕۆژێک (أ)ـی هاوژینی کوڕەکەی دەبات لە ماڵی خوشکی هەمزە و ڕا دەکات.

.

هەمزە بەردەوام بوو لە چیرۆکەکەى و دەڵێت: “پێش ئەوەی ئەو ژنە بخوازم جارێک هاوسەرگیری کردبوو و جیا بووبووەوە بەڵام خۆشمویست بۆیە گوێم  پێنەدا و ئەوم  مارە کرد، دوای  ئەوەی ژنەکەم لە  ماڵەوە ڕایکرد ڕۆژێک هاتە سەردانم لە زیندان پێیگوتم کە ئەو ئیتر ناگەرێتەوە ماڵەوە دەچێتە هەولێر و لە کافتریا کار دەکات.”

.

“دوای ماوەیەک من هەواڵم بۆ هات ژنەکەم دەستی بە کاری کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر کردووە، دوای  ئەوەش دەستی بە کاری لەشفرۆشی کردووە، گومانم بۆ دروست بوو کە ئەو کاتەی ئەو ژنی من بوو خیانەتی لە من کردوە.”

.

دوای ماوەیەک هەمزە ژمارەی موبایلی ژنەکەی پەیدا دەکات و داوای لێدەکات کە کوڕەکەی بۆ بگەرێنێتەوە  بەڵام ئەو پێی وتووە کە کوڕی خۆیەتی منداڵەکەی پێناداتەوە،  بۆ ئەوەش هەمزە داوای پشکنینی باوکایەتی کردووە “بەڵام (أ)ـی خێزانی ڕەتیکردووەتەوە کە ئەو پشکنینە بکات و خۆی ون کردووە.”

.

هەمزە دەیگێڕێتەوە، “تاکە داواکاری من ئەوەیە کە منداڵەکەم بۆ بگەرێنرێتەوە، لە هەموو شارەکانی کوردستان سکاڵام لەسەر ژنەکەم  تۆمارکردووە، ئەو بۆ ماوەی چەند مانگێک لە زیندان بوو بە تۆمەتی کڕینی و فرۆشتنی مادەى هۆشبەر.”

.

لەبارەى دەستگیرکردنی (أ)، دیمەن موحەمەد، بەڕێوەبەری چاکسازی ئافرەتانى هەولێر بە ناس کوردی وت، “بەڵی (أ) بە  مادەیەکی تایبەت لە جاکسازی هەولێر دەستگیرکرا و دوای هەشت مانگ لە زیندان دەرچوو، منداڵێکیشی لەگەڵ بوو ئەو دەیگوت کە ئەو منداڵە هی مێردەکەیەتی”.

.

ناس کورد پەیوەندەی بە (أ) کرد بەڵام ئەو هەموو قسەکانی هەمزەی ڕەتکردەوە و وتی: “من هاوسەری ئەو پیاوە نیم، ئەو منداڵەش هی ئەو نییە، بە هیچ جۆرێک ئامادە نیم  پشکنینی باوکایەتی بۆ منداڵەکەی من بکرێت، ئەو منداڵە هی هاوسەری یەکەممە کە مردووە.”

.

هەمزە قسەکانی (أ)ـی ڕەتکردەوە و وتی: “من بەڵگەی هاوسەرگیرییم لایە، من ئێستا سکاڵای یاسایم لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمارکردووە.”

.

ناس کورد پەیوەندی بە شێرزاد لەتیف، پارێزەری هەمزەوە کرد و ڕایگەیاند: “ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە، گرێبەستی هاوسەرگیرمان هەیە کە دەیسەلمێنێت (أ) و هەمزە ژن و مێردن بەڵام بەهۆی ئەوەی کە  ناونیشانی ئەو ئافرەتە دیار نییە، دادگا نەیتوانیوە بانگی بکات بۆ دادگا، دانیشتنى داهاتوومان لە 17ی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێی دەکەن.”

.

هەمزە لە کۆتاییدا بە ناس کوردی وت، “من تەنها کوڕەکەم دەوێت و دەمەوێت لە دەستی ئەو ژنە دەری بهێنم.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل