fbpx
Shadow Shadow

دۆسیەکە گەیەنرایە دیوانى چاودێرى دارایى

20 ملیار دینارى پایتەختى رۆشنبیرى چۆن خەرج کرا؟ [تایبەت]

22:24 شه‌ممه‌ 27 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

دۆسیەى چۆنێتى خەرجکردنى ئەو 20 ملیار دینارەى کە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە بۆ پایتەختى رۆشنبیرى تەرخان کرابوو، لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییە و  بەوتەى سەرۆکى لیژنەى رۆشنبیرى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، لە خەرجکردنى ئەو پارەیەدا “تەخشان و پەخشان”ى پێوەکراوە.

.

ساڵی 2013 بڕی 20 ملیار دینار بۆ پێشخستنی ژێرخانی ڕۆشنبیری سلێمانی تەرخانکرا، تا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن سودی لێوەربگیرێت، بەڵام بە وتەی سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پارەکە “تەخشان و پەخشان”ى پێوە کراوە و تەنانەت پارە بۆ چایخانەش خەرج کراوە.

.

ئاڤان جەمال، سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” وەک لیژنەی ڕۆشنبیری گومانی زۆرمان لەسەر چۆنێتی خەرجکردنی ئەو پارەیە هەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانییەوە و چەندین جار داوامان کردووە، کە نوسراومان بۆ بنێرن لەسەر چۆنێتی خەرجکردنی ئەو پارەیە”.

.

بە وتەی سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری، بەڕێوەبەرایەتی گشتى  ڕۆشنبیری سلێمانی دەیانەوێت هەڵیانبخەڵەتێنن و روونیکردەوە: “چەند جارێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتى ڕۆشنبیرییەوە نوسراویان بۆ ناردووین، بەڵام سەرجەمیان تەنها یەک نوسراوبوون و یەک ڕوونکردنەوە بوون، بەڵام شێوازی داڕشتنەوەکەی گۆڕدراوە”.

.

بە وتەی سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری ، خەڵک یاخود ڕێکخراو هەبووە 10 جار پارەی بۆ خەرجکراوە بەناوی هاوکارییەوە.

.

ئاڤان جەمال، ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک حاڵەت هەن کە کراوە گومانی زۆر دروست دەکات، بە نموونە، پارە خەرجکراوە بۆ چایخانەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی، یاخود پارە خەرجکراوە بۆ ناوەندێکی ڕۆشنبیری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەک، بەڵام پڕۆژەکە بوونی نییە، یاخود پارە خەرجکراوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم یاخود دراما، بەڵام بەڕێوەبەری سینەمای سلێمانیان بانگهێشت کردووە، وتویەتی هیچ فیلم و درامایەکی لەو شێوەیە بوونی نییە و بەرهەم نەهاتووە.

.

“خەڵک و ڕێکخراو هەبوون، 10 جار پارەیان بۆ خەرجکراوە بە ناوی هاوکارییەوە، با بێن ڕوونیبکەنەوە بزانین ئەو هاوکارییە بۆچی بووە”، سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت.

.

بەوتەى ئاڤان جەمال، بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری خەرج کراوە، داوامان کردووە پێمان بڵێن ئەو پارەیە لە چیدا خەرجکراوە، بەڵام تائێستا ڕوونیان نەکردووەتەوە چیان لە پارەکە کردووە”.

.

سەبارەت بەو پرسە، بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتى ڕۆشنبیری و هونەرى سلێمانی کە ئامادە نەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر چۆنێتی خەرجکردنی ئەو پارانە بدات، بە ناس کوردی وت: ” من بەڕێوەبەری گشتیم و بەرپرسم لە خەرجکردنی ئەو پارەیە، بە ئارەزووی خۆمە چۆن خەرجی دەکەم، کێش قسە دەکات با بیکات”.

.

دڕەیی ئاماژەی بەوەشكرد، خۆی کەسێکی یاساییە و هەر کات یاسا داوای لێکرد ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا بۆ هەر شتێک.

.

لەبەرامبەردا سەرۆکی لیژنەی ڕۆشنبیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیکردەوە، دیوانی چاودێری دارایی لەو دۆسیەیە ئاگادارکراوەتەوە و داوای لێکردوون، لێکۆڵینەوە بکەن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئاشكراکردنی ڕاستییەکان.

.

 

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل