fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

جموجۆڵەکانی محەمەد عەلاوی بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ دەستیپێکردووە

23:11 دوو شه‌ممه‌ 03 شوبات 2020
article image

ناس کورد – هەڤاڵ فەتاح

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوى جموجۆڵەکانى بۆ پێکهێنانى کابینەکەى دەستپێکردووە و پێویستە هەڵەکانى عەبدولمەهدى دوبارە نەکاتەوە.

.

ڕۆژى شەممە، 1ی شوباتی 2020، سەرۆککۆمارى عێراق محەمەد عەلاوى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران ڕاسپارد و لە ئێستادا 27 ڕۆژى لە بەردەمدا ماوە بۆ پێکهێنانى کابینە وەزارییەکەى.

.

حەسەن شاکر، پەرلەمانتاری هەوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، “محەمەد توفیق عەلاوی لە ماوەی دەستوری دیاریکراودا دەبێت پێکهێنانی کابینەکەی کۆتایی پێبهێنێت، ئەوەش پێویستی بە دەستوبردکردنە”.

.

وتیشی، “سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو لەئێستادا جموجۆڵەکانی بۆ پێیکهێنانی کابینەی نوێی دەستپێکردووە، پەیوەندیشی بە فەتحەوە کردووە، بەڵام تا تەواوی کارنامەی حکومەتەکەی بۆ ئێمە ئاشکرا نەبێت بڕیاری خۆمان نادەین”.

.

پەرلەمانتارەکەی فەتح، ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت عەلاوى بە ئاڕاستەی تەواوکردنی کارنامەی حکومەتەکەی کاربکات بەجۆرێک بەرنامەیەکی تۆکمە بێت و بەشێکی زۆر لە خواستەکانی خەڵکی عێراقی تێدا بەدیبکرێت، هەروەها کابینەکەی پێکبهێنێت بۆ ئەوەی ئامادە بێت لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.

.

“عەللاوی لە ماوەی داهاتوودا دەبێت زۆرترین ڕاوێژ بکات بە کەسانی خاوەن ئەزمون و شارەزا بۆ ئەوەی هەڵەکانی عادل عەبدولمەهدی و حکومەتەکانی پێش خۆی دووبارە نەکاتەوە” پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح وایوت.

.

محەمد عەلاوى لەدواى ڕاسپاردنى بۆ سەرۆکوەزیران لە وتارێکدا چەندین بەڵێنیدا بە هاوڵاتییان لەوانە، وەک پارێزگاریکردن لە سەروەری وڵات، قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، کراوەبوون بە ڕووی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان و ئەنجامدانی چاکسازییەکان.

.

پەرلەمانتارەکەى فەتح وتى “پارێزگاریکردن لە سەروەری وڵات، قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، کرانەوە بە ڕووی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکاندا و ئەنجامدانی چاکسازییەکان، گرنگترین ئەو ئەرکانەیە کە دەبێت عەلاوی بە هەند وەریانبگرێت و کاریان بۆ بکات”.

.

جەختیشیکردەوە، ئەوان عەلاویان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر نەکردووە بۆیە نە پشتگیریی دەکەن و نە ڕێگریى لێدەکەن.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل