fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"زۆربەى کاندیدەکانى ڕیفۆرمخوازان دورخراونەتەوە"

بۆچى کورد بایکۆتى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى ئێران دەکات؟

17:43 دوو شه‌ممه‌ 17 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

شەپۆلى بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى شوراى ئێران (پەرلەمان) لە ناوچە کوردییەکانەوە دەستیپێکردووە و ناوەندى هاوکارى حزبە کوردییەکانیش بایکۆتى پڕۆسەکەیان ڕاگەیاندووە.

.

ڕۆژى 21ى ئەم مانگە، دەرگاى ناوەندەکانى دەنگدان لە ئێران دەکرێنەوە بۆ  هەڵبژاردنى ئەندامانى خولى یازدەهەمى پەرلەمان و و چەند ئەندامێکى تەواوکار بۆ ئەنجومەنى شارەزایانى سەرکردەى ئێران.

.

7296 کاندید خۆیان کاندیدکردووە بۆ بردنەوەى 290 کورسی پەرلەمان، دواى ئەوەى ئەنجومەنى داڕشتنەوەى دەستور کە کاندیدەکان پەسەند دەکات و پارێزگارەکان باڵادەستن تێیدا، هەزاران کاندیدى دیکەى ڕەتکردەوە، کە لەناویاندا ژمارەیەک کەسایەتى کورد بونیان هەبوو.

.

حزبە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە سەرجەمیان ساڵانێکى زۆرە لە هەرێمى کوردستانن و ناوەندێکى هاوکارییان بۆ یەکخستنى هەڵوێستەکانیان پێکهێناوە، جەختیان کردووەتەوە کە بایکۆتى هەڵبژاردن دەکەن و داواش لە هاوڵاتیانى کورد لە ئێران دەکەن کە بایکۆتى هەڵبژاردنەکە بکەن.

.

عەلى کەریمى  مێژوونوس و چالاکى سیاسى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، کە ئێستا لەلەندەن نیشتەجێییە تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند “بۆ خولى ئەمجارەى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى ئێران، سەرجەم حزبە کوردییەکان بڕیارى بایکۆتکردنیانداوە لەو هەڵبژاردنەدا و هیچ بەشدارییەکى تێدا ناکەن”.

.

وتیشى، چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەى کورد نەک تەنها لەسەر ئاستى حزبەکان بەڵکو لەسەر ئاستى سەرجەم خەڵکى بەشدارى تێدا نەکەن، لەوانە خراپى بارودۆخى ئێران لەڕووى ئابورى و سیاسى و ئەمنیى و سەرجەم لایەنەکاتى ترى ژیانەوە و بەتایبەت دواى ڕوداوى خستنە خوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانیەکە و خۆپیشاندانەکانى ساڵى ڕابردو بەهۆى گرانکردنى بەنزینەوە کە قوربانیەکى زۆرى لێکەوتەوە ئەمانە و چەندین هۆکارى تر واى کردووە بایکۆتى بکەن.

.

عەلى کەریمى باسى لەوەشکرد، لەخولى پێشوودا خەڵکى کەمێک بڕوایان بەبەڵینەکانى ڕۆحانى و باڵى ڕێفۆرخوازەکان ( ئیسڵاح تەڵەبەکان ) هەبوو، بەڵام ئەو دروشم و بەڵێنانەى کە ئەوان بەخەڵکیاندا هیچى بەدینەهات و بگرە دۆخەکە ساڵ لەدواى ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات و خەڵکى بەتەواوەتى لەو دەوڵەتە بێسبەروبەرە بێزاربوون و باوەڕیان بەوە نەماوە لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە بتوانن ژیانیان بەرەو باشتر بڕوات.

.

لەخولى پێشوودا ژمارەى نوێنەرانى کورد بەسەرجەم ناوچەکانەوە بەلوڕستانیشەوە نزیکەى 15 ئەندام بوون و زۆربەیان لەباڵى پارێزگارانى ئەو وڵاتە بوون کە سەر بەخامنەیین و کەمترین ئەندامى باڵى ڕیفۆرمخوازەکان توانییان بچنە ناو پەڕلەمانەوە، بۆ ئەمساڵیش هەر یەکە لەناوچەى مەریوان دوو کاندید و پارێزگاکانى سنە و کرماشان و مەهاباد بە نزیکەى 10 کاندیدیان دەچنە پەڕلەمانەوە.

.

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکەدا، دروشمى تایبەت بە بایکۆتکردنى هەڵبژاردن لەبەشێک لە شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەسەر دیواى ماڵان و شوێنە گشتییەکان نوسراوە.

بۆچى کورد بایکۆتى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى ئێران دەکات؟

هاوڵاتیەکى شارى مەریوانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە نەیویست ناوەکەى ئاشکرا بکات تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند، ئەم ساڵیش وەکو ساڵانى تر کاندیدانى ئیسڵاح تەڵەبەکان بەزۆرى ڕەتدەکرێنەوە هۆکارەکەشى تا ئێستا نەزانراوە و پێشیان نەوتراوە.

.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، لەگەرمەى پڕۆسەى یەکلا کردنەوەى ناوى کاندیدەکاندا کە بۆ خولى یازدەهەمى پەڕلەمان یەکلا دەکرێنەوە و ئەوانەى کە تا ئێستا زیاتر ناوەکانیان ئاشکرا کراوە لەباڵى پارێزگارانى ئەو وڵاتەن و کەمترین ناوى ئیسڵاح تەڵەبەکان دەبنرێت.

.

ناس کورد زانیوییەتى چەند کوردێک کە هەڵگرى بڕوانامەى باڵا و کەسایەتى شارەزاى چەند بوارێکن و لەڕووى جەماوەریشەوە خۆشتەویستن، خۆیان کاندید کردووە بەڵام ڕەتکراونەتەوە لەبەر ئەوەى لەباڵى ڕێفۆرخوازەکانى ئەو وڵاتەن.

.

عەلى کەریمى دەڵێت، “باڵى ڕێفۆرمخوازەکان بەتەواوەتى پەراوێزخراون و پێدەچێ ئەوانیش بەفەرمى بایکۆتى هەڵبژاردنەکە ڕابگەیەنن، چونکە ئەوانیش جگە لەوەى دژایەتى دەکرێن بەشێکن لەجوانکردنى ئەو سیستمە”.

.

وتیشى “چەند لایەنێکى کوردی ویستیان ئەوە تاقى بکەنەوە لەڕێگەى هەلبژاردنەوە ڕێگەى چاکسازى ئەو سیستمە بگرنە بەر بەڵام کاتێک لەخولى پێشوودا پشتیوانى هەڵبژاردنەکەیان کرد و ئەوەش ئاکامەکەى بوو ئێستا شەرمەزارن لەو کارەیان و خۆشیان نازانن چیانویست”.

.

ناس کورد پەیوەندى  بەکەسێکى نزیکى یەکێک لەکاندیدەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە کرد کە دەنگۆى دەرنەچوونى بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەوبارەوە بدەن.

.

بەگویرەى زانیارییەکانى ناس کورد، ئەو کاندیدانەى کە ڕەتکرێنەوە هۆکارەکەیان پێڕاناگەیەنرێت و بەپێى بەندێکى یاساى هەڵبژاردنى ئیرانیش ناتوانن تا دواى یەکلا بوونەوەى ئاکامى هەڵبژاردنەکە بەدواداچوونى بۆ بکەن.

.

بەگوێرەى میدیاکانى ئێران، ئەنجومەنى پارێزەرى دەستور کە سەرپەرشتى یەکلا کردنەوەى کاندیدەکانى پەڕلەمان دەکات، بۆ ئەم خولە 7148 کاندیدى پەسەند کردووە و 71296 ڕەتکردووەتەوە.

.

کاندیدەکانى پەڕلەمانى ئێران، لەلایەن ئەنجومەنى پارێزگارى دەستورییەوە یەکلایى دەکرێنەوە کە زۆرینەى ئەندامەکانى ئەو ئەنجومەنە بریتین لەباڵى پارێزگارانى ئەو وڵاتە.

.

بەگوێرەى چالاکانى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانیش کە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە، پێشبینیدەکرێت لەم خولەدا باڵى پارێزگارانى ئێران بەسەرۆکایەتى عەلى خامنەى ڕابەرى باڵا بەتەواوەتى هەڵبژاردنەکە ببەنەوە جارێکى تر بەهێزەوە بچنە پەڕلەمانەوە.

.

لەهەڵبژاردنەکەى ئەمجارەدا ئەو کەسانەش هەڵدەبژێردرێن کە خۆیان بۆ جێگرتنەوەى ئەندامە کۆچکردووەکانى ئەنجومەنى شارەزایان کاندیدکردووە، کە ئەویش یەکێکە لەدەسەڵاتە باڵاکانى ئێران و ڕاستەوخۆ بەڕابەرى باڵاوە بەستراوە و یەکێک لەکارە سەرەکییەکانیشى هەڵبژاردنى ڕابەرى باڵایە.

.

ڕابەرى باڵا ناوى کاندیدەکانى پەسەند کردووە بەو پێیەى دەسەڵاتى پەسەند کردن و ڕەتکردنەوەى کاندیدانى ئەو ئەنجومەنە بۆ ڕابەرى باڵا دەگەڕێتەوە و ڕاستەوخۆش هەر هەشت ساڵێک جارێک 80 ئەندام بۆ ئەو ئەنجومەنەش هەڵدەبژێردرێت.

.

ڕەزا حەقیقەتزادە چالاکى سیاسى ئێران، لەمیانى وتارێکیدا کە لەڕادیۆ فەردا بڵاوى کردووەتەوە دەڵێت، “لایەنگرە توندڕەوەکانى خامنەى بەتەواوەتى دەستیانگرتووە بەسەر دەزگاى چاودێرى دەستورى و ئەنجومەنى پاراستى دەستورى کە ئەو دوو دەسەڵاتە کاندیدەکانى هەڵبژاردنەکان یەکلایى دەکەنەوە، بەوەش زۆربەى کاندیدانى باڵى پارێزگاران دورخراونەتەوە بۆ خولى یازدەهەمى هەڵبژاردنەکان لەبەرامبەریشدا زۆربەى ئەوانەى کە توندڕەون و سەر بەباڵى پارێزگارانى خامنەیین کاندید کراون”.

.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، گەرچى خامنەى لەوتارە میدیایەکانیدا بۆ هەڵمژینى توڕەى خەڵکى باس لە فرە ڕەنگى کاندیدەکان دەکات، بەڵام ئەوەى دەگوزەرێت بەرپاکردنى پەڕلەمانێکە کە تەواو قۆرخکراوى لایەنگرانى خامنەیى بێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل