fbpx
Shadow Shadow

کاتی دروستکردنی شاندێکی دیپلۆماسی کوردییە

15:05 دوو شه‌ممه‌ 14 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

بیروڕا-سەردار عەزیز

.

دروستکردنی شاندێکی دیپلۆماسی کوردیی هەمەڕەنگ لە ئێستادا، نەک هەر کار و ئەرکێکی هەنووکەییە، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پرسی کورد و بە قازانج بۆ هەموو هێزە کوردییەکان دەشکێتەوە بەبێ جیاوازی، لە هەمانکاتدا ئامادەییەکی باش هەیە لە دونیادا.
.
ئەم دیدەی ئێمە لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە بنەمای گرتووە.
.
یەکەم، نەیارییەکی زۆر هەیە بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا. ئەم نەیارییە، تەنها لە پشتیوانییەوە بۆ کورد سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندیی هێز و ناوەندە جیاوازەکانی دونیاوە هەیە. بێگومان هەر لایەک بەرژەوەندی جیاوازی هەیە، بەڵام کەم ناوەندی دەسەڵاتی جیهانی هەن بەرژەوەندییان لە دۆخەکەدا نەبێت.
.
رووسیا بە راستەوخۆ بەشێکە لە جەنگی سووریا و پلانی هەیە کە بۆ ماوەی درێژخایەن لە ناوچەکدا بمێنێتەوە. چین دەیەوێت بکشێت بۆ ناوچەکە و پشتێنەی ئاوریشمین بەوێدا تێپەڕێ. ئەمریکا وەک لایەنێکی جیهانی کە لەژێر فشاردایە، بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە چۆن هاوسەنگی لایەنەکان رابگرێت. لە سەرووی هەموویانەوە ئەوروپاییەکان کە بەرژەوەندی و مەترسییان هەیە لە دۆخەکە. هەموو ئەمانە پرسن کە شاندی کوردی دەتوانێت سوودیان لێ ببینێ و دیدی کوردی دەربارەیان داڕێژێت و دانوستاندنی لەسەر بکات.
.
دووەم، هێنانەئارای خیتابی ئاشتی و دیپلۆماسی لە ساتەوەختی جەنگێکدا کە نەیاری زۆرە، گوێگری زۆر دەبێت. ئەمە دەرفەتێک دەڕەخسێنێ کە بۆ یەکەمجار کورد گوێی لێبگیرێت، جیاواز لە جارەکانی تر لە رابردوودا. ئەگەر ئەم هەوڵە نەبێتە هۆی هاتنە ئارای پرۆسەی ئاشتیی دەستوبرد، ئەوا دەبێتە بنەمایەک  بۆ داهاتوو کە بەپێی زانیارییەکان ئێستا تورکیا وەها بیردەکاتەوە ئەگەر کوردستانی سوریا لاوازبکات  پاش ئەوە کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی دێت. رێگەچارەی دیپلۆماسی، کە یانی پرۆسەی ئاشتی، لە زیاتر لە سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە ئاماژەیان پێدراوە.
.
سێیەم، سیاسەتی جیهانی لە دۆخێکی وەرچەرخاندایە، سی ساڵی پاش جەنگی سارد کۆتایی هات کە ئەمریکا تیایدا باڵادەست بوو. لە وەرچەرخانی جیهاندا هێزی نوێ دێتە ئاراوە، ئەم ساتەوەختە بۆ نوێنەرایەتی کوردی بۆ ئێستا و داهاتوو گرنگە، چونکە ململانێی هێزە جیهانییەکان بەشێکی زۆری لە سەر ناوچەکە دەبێت. کورد دەتوانێت قەیرانی لەگەڵ وڵاتاندا بگۆڕێت بۆ دەرفەت و مەترسی. سیاسەتی نێودەوڵەتی هەمیشە گوێڕادێرە بۆ دەرفەت و مەترسی.
.
دەبێت شاندەکە چۆن بێت؟
.
شاندی کوردی هەتا نوێنەرایەتی زیاتری کورد بکات، هێز و سەنگی زیاتر دەبێت. لە هەمانکاتدا دەبێت خەڵکی تری کوردستان لەخۆی بگرێت. دەبێت ئافرەتی تێدابێت وەک ئەندام، دەکرێت دۆستی کوردی بیانیشی تێدابێت، کەسێکی وەک بێرنارد کوشنەر بۆ نموونە. لە هەمانکاتدا دەبێت لەڕووی تەکنیکییەوە چەند خەسڵەتێکی هەبێت: یەکەم، دەبێت تیمێکی ڕاوێژکاری بە توانای لەپشت بێت. شاندەکە دەبێت کەسی زمانزان و بە توانای تێدابێت کە بتوانێت لەگەڵ میدیای جیهانیدا بە باشی مامەڵە بکات.
.
دەبێت پلانڕێژی باشی کارەکە بکرێت: سەرەتا لە کوێوە دەستپێبکرێت، کە بەڕای من دەبێت لە واشنتنەوە بێت، پاشان بۆ برۆکسل، ئینجا مۆسکۆ پاشان پەکین.
.
پاش ئەم دیدارانە دەکرێت لە جێگایەکی وەک کۆشکی ئەلیزێ کۆبوونەوەیەکی گەورە ساز بکرێت، کە لە ساتی ئێستادا ماکرۆن ئامادەیی دەبێت بۆ کارێکی وەها، یان لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، یان واشنتن.
.
دەبێت ئەم هەنگاوە بە خێرایی بنرێت، چونکە وەک دەنگۆ هەیە، ئەمریکا هەتا 13ی مانگی داهاتوو دەرفەتی بە تورکیا داوە.

.

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل