Shadow Shadow

کۆتایی ئەمساڵ قەیرانى موچە لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە

“عادل عەبدولمەهدی لە توركیایە بۆ گرتنەوەی نەوتی هەرێم بەتەواوەتی” [تایبەت]

17:08 چوار شه‌ممه‌ 15 ئایار 2019
article image

ناس كورد – وریا حسێن

پێشبینی دەكرێت لە چارەكی كۆتایی ئەمساڵدا دووبارە حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەی مووچەی بۆ دروست بێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانتارێكی عێراق ئەوە بۆ ناس كورد ئاشكرا دەكات “سەرۆك وەزیرانی عێراق لە توركیایە بۆ وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەتەواوەتی لەكۆتایی ئەمساڵدا”.

.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دواهەمین پەرەسەندنەكانی كێشەی هەناردەكردنی بەشێكی نەوتی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی هەرێم “سۆمۆ”وە ئەوەی ئاشكرا كرد تائێستا هیچ هەنگاوێكی نوێ بەدیناكرێت لەنێوان هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەكردنی كێشەی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم، لە لێدوانێكی تایبەت بە ناس كورد-ی وت ” ئەوەی هەیە لەئایندەیەكی نزیكدا وەفدێكی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی “سۆمۆ”وە سەردانی بەغداد دەكات”.

.

هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی 2019 دا پابەندكراوە 250 هەزار بەرمیل نەوت/ ڕۆژانە هەناردە بكات لەڕێگەی كۆمپانیای “سۆمۆ” لەبەرامبەر ناردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەپێی وتەی وەزیری دارایی عێراق د.فوئاد حسێن عێراق چوار مانگ پشكی هەرێمی ناردووە بەڵام تائیستا هەرێم نەوتی خۆی ڕادەستنەكردووە، ئەوەش نیگەرانی و دوودڵی لەلای پەرلەمانی هەرێم و عێراق دروستكردووە.

.

ئەحمەدی حاجی رەشید زانیارییەكی ورد بۆ ناس كورد لەبارەی پرسی چۆنیەتی بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە رووندەكاتەوە و رایدەگەیەنێت “ئەگەر هەرێم پابەندی ناردنی نەوت نەبێت لەڕێگەی سۆمۆوە عێراق حسابی ئەوەیكردووە كۆی بڕی شایستەی هەرێم لە بودجەدا 10 ترلیۆن دینارە كە مانگانە دەكاتە 850 ملیار دینار لەخراپترین حاڵەتدا عێراق مانگانە 250 هەزار بەرمیلەكە دەشكێنێتەوە بە پارە لەو پشكەی دەبڕێت”.

.

وتیشی “من هیوام بەوەنیە تا كۆتایی ساڵ هەرێم نەوت ڕادەستبكات، وە ئەمە بۆ ساڵی 2020 كێشە بۆ هەرێم دروستدەكات”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیاری ئەوەش ئاشكرادەكات، لەڕێگەی وڵاتانی “یانەی پاریس”ەوە كە كۆمسیۆنێكی ئابوریی جیهانیە و عێراق تێیدا ئەندامە، عێراق سكاڵای لەتوركیا كردووە بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق نەوتی هەرێم ڕادەست دەكات، ئاماژەی بەوەش كرد “ئەو سكاڵایە ساڵی 2020 سەردەگرێت و عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بۆ ئەو پرسە سەردانی توركیای كردووە”.

.

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی دارایی هەرێم بودجەی بەدەستهاتووی هەرێم پشتی تەواوی بەو گوژمەیە بەستووە عێراق مانگانە بۆ مووچە ڕادەستی هەرێمی دەكات و بڕەكەی 525 ملیار دینارە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم، تا 25 ی ئەم مانگە مووچەی تەواوەتی مانگی شوبات دابەشدەكرێت، بەڵام مووچەی مانگی ئازار وادەی بەستراوە بەو پارەیەوە لەبەغداوە دێت.

.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی كە تایبەت قسەی بۆ ناس كورد كردووە، دەڵێت “هیچ لەو بڕوایەدانین بتوانین پێش جەژن مووچەیەكی دیكە دابەش بكەین، دۆخی دارایش دیارنییە و بەستراوە بەو پارەیەی لەعێراقەوە دێت”.

لەلایەكی دیكەوە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان زیاد جەبار دوودڵی خۆی ناشارێتەوە بەرامبەر كێشەی ڕادەستنەكردنی مووچەی فەرمانبەران و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تائێستا دیارنییە كەی ئەو كێشەیە كۆتایی دێت و بڕوای وابوو “هۆكاری ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە، حكومەتی هەرێم جۆرێك لەپشتگەرمی بە پڕۆژە یاسای بودجە هەیە كە گرەنتی مووچەی فەرمانبەران دەكات”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان هەرچەندە دڵنیایی تەواوی نەبوو بەڵام بڕوای كەسی خۆی وابوو كۆتایی ئەمساڵ كێشەی مووچە سەرهەڵدەداتەوە و وتی “لێرەو لەوێ قسە هەیە كە دووبارە كێشەی مووچە سەرهەڵدەداتەوە”.

.

هاوکات سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەمەرجی ناونەهێنانی زانیاری بۆ ناس كورد-دا و وتی “كێشەی نەوت و بودجەی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كاتی هەڵپەسێردراوە، ئەو بابەتە سپێدراوە بۆ كابینەی داهاتوو، بۆیە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو وەفد دەڕواتە بەغداد”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 430 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت پێشبینی دەكرێت تاكۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 520 هەزار بەرمیل بەرزبكاتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش بەشێكی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستدەهێنرێت مانگانە دەدرێت بە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل