Shadow Shadow

شارەزایانی پەروەردە لەبارەى بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردەوە چی دەڵێن؟ [تایبەت]

09:59 پێنج شه‌ممه‌ 22 ئاب 2019
article image

ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت

بەشێک لە شارەزایانی بواری پەروەردە ڕەخنە لە بڕیارە نوێیەکانى وەزارەتی پەروەردە دەگرن و دەڵێن، بریارەکان بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە و تویژینەوەیەک دەرکراون، هەندێکى دیکەش بەباش لێی دەڕوانن.

,

ڕۆژی دووشەممە 19ی ئابی 2019، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی سازکرد و دوای نزیکەی هەشت کاتژمێر لە کۆبوونەوە، حەوت بڕیاری نوێی لەبارەى پەروەردەى هەرێمەوە دەرکرد.

,

سەبارەت بە بڕیارەکانى قەدەغەکردنی کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لە پەیمانگە پیشەییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی بەئینگلیزی خوێندنی هەردوو بابەتی بیرکاری و زانستە گشتییەکان، فایەق سەعید، شارەزای پەروەردە و سیستمەكانی خوێندن لە وڵاتی سوید تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی وانەکانی زانستەکان و بیرکاری بە زمانی ئینگلیزی، بڕیارێکی زۆر باشە، بەڵام ئەوە ڕوون نەکراوەتەوە ئەو بڕیارە بۆ ڕاگیراوە و زیانەکانی چین. بە هەمان شێوە باس لەوە نەکراوە بۆ  گوتنەوەی وانەی بەهێزکردنی خوێندکار قەدەغە کراوە. کێشەی گشتی لە سەرجەم بڕیارەکانی ڕابردووی وەزارەتی پەروەردە ئەوە بووە ئەوان هەموو بڕیارە ستراتیژی و هەرە گرنگەکانی خۆیان بەبێ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی دەرکردووە.”

,

ئەو شارەزایەی بواری پەروەردە ئاماژەى بەوەشکرد، “خاڵی هەرە لاوازی ئەو یاسایە ئەوەیە کە تەرکیز لەسەر ئاستی مەعریفیی خوێندکار ناکاتەوە، هەروەها مەرجی بەسەر قوتابخانە ناحکومییەکانەوە نییە کە چۆن وانە بڵێنەوە و ئاستی مەعریفیی خوێندکار بەرز ڕابگرن. بەندە لەگەڵ یەکێکی دیکەدا، ساڵی 2016 پێداچوونەوەیەکمان بەو یاسایەدا کردەوە و ئاماژەمان بۆ بەشێک لەو کەموکوڕییانە کردووە. یاساکە بە کورتی تەکیز لەسەر فۆرم دەکاتەوە نەک ناوەڕۆک.”

,

شارەزایانی پەروەردە لەبارەى بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردەوە چی دەڵێن؟ [تایبەت]

 

,

دەربارەی یەکێک لە بڕیارەکانی دیکەی وەزارەتی پەروەردە کە تایبەتە بە پێداچوونەوە و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (14)ی ساڵی (2012) و ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2016ی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان، فایەق سەعید پێی وایە  ئەوە بڕیارێکی زۆر گرنگە و باشە، چونکە ئەو یاسایەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەرکراوە کەموکورتی زۆری تێدایە کە پێویستە پێداچونەوەیەکی وردی بۆ بکرێت.

,

لەلایەکى دیکەوە، قادر ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لەسەر ئەو بڕیارانە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “یەکێک لە بریارەکان هەڵوەشاندنەوەی خویندنی وانەکانی زانستەکان و بیرکاری بە زمانی ئینگلیزی لە قۆناغەکانی پۆلی 4 بۆ 6ی بنەڕەتی بڕیارێکی باشە، چونکە پێشتر ئامادەکاری بۆ نەکرابو و مامۆستای بەئەزمونیشی بۆ دابین نەکرابو، بەڵام ئێستاش ئەو بڕیارە لەژێر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوەیەکدا دەرنەکراوە کە بزاندرێت بڕیارەکەی پێشتیریان سەرکەتو بوە یاخود نا بەڵکو هۆکاری دەرکردنی بریارەکان مەزاجی شەخسی بون”.

,

بەڵاى شارەزایانى پەروەردەوە جێبەجێکردنى بڕیارەکان گرنگى خۆى هەیە، مامۆستا قادر ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بریاری ڕاگرتنی وتنەوەی وانەی خویندن لە پەیمانگا پیشەییکاندا بە جدی کاری لەسەر بکرێت، ڕێگا نەدرێت ئەو مامۆستایانەی کە خۆیان لە خوێندگەیەک وانە دەڵێنەوە بچنە پەیمانگایەک و وانە بەهەمان ئەو خوێندکارانەی خۆیان بڵێنەوە.

,

داواش دەکات، لیژنەیەکی پسپۆڕ دابندریت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە و ببنە چاودێر بۆ ئەوەی هیچ کەس لە بڕیارەکان لانەدات.

 

,

 

شارەزایانی پەروەردە لەبارەى بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردەوە چی دەڵێن؟ [تایبەت]

 

,

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان کوردستان بەئومێدەوە باسی لە بڕیارە نوێیەکانى پەروەردە کرد، بە ناس کوردی وت، ئەو بڕیارانەی دراون بریاری زۆر باشن و بە جێبەجیکردنیان گۆڕانکاری باش ڕودەدات و هەندێک هەڵەی سیستەمی پەروەردە کە لەڕابردوودا کراوە ڕاست دەکرێنەوە و هەندێک کێشە چارەسەر دەبن.

,

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان کوردستان بڕیارى ڕاگرتنى وانەى تایبەت لەلایەن مامۆستایانى میلاکى پەروەردە بەباش دەزانێت، چونکە پێی وایە پێشتر بەو هۆیەوە مامۆستایان لە چەند خوێنگەیەک وانەیان دەوتەوە شوێنی چەندین کەسی دیکەیان دەگرت و ڕیگەیان لە دامەزراندنی دەرچوانی نوێ دەگرت، هەروەها توانای تێگەیاندن و فێرکردنی خویندکاریان نەدەما چونکە لە چەند جێگایەک وانەیان دەوتەوە.

,

“ئەوەنەی من ئاگادار بم، وەزارەت دەیەوێت بڕیارێکی نوێ دەربکات و بەسەر خوێندنگا تایبەتەکاندا بیکات بە مەرج کە کۆمەڵیک دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان لەو خوێندگە تایبەتانە دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە دەرفەتیک بۆ دامەزراندنی ئەو دەرچوانە”، عەتا ئەحمەد واى وت.

,

شارەزایانى پەروەردە و کارگێڕى لەبارەى بڕیارە نوێیەکانى کابینە نوێیەکەى حکومەت دەڵێن، دەبێت بڕیارى ستراتیژى و دوور مەودا بدرێت و بە پلانەوە جێبەجێ بکرێن، نەک هەر وەزیرێک بگۆڕدرێت و تەواوى ستراتیژ و بڕیارەکانى پێشوو هەڵوەشێنێتەوە و بڕیارى نوێ دەربکات.

 

,,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل