Shadow Shadow

10 بە هەڵە تێگەیشتن لە ئەمەریکا

17:28 پێنج شه‌ممه‌ 21 ئادار 2019
article image

کورد و ئەمەریکا لە دۆخێکی ئاڵۆزدان، ئەم دۆخە نەبوەتە مایەی هاتنە ئارای مەعریفەیەکی ئاڵۆز. بە پێچەوانەوە ئەوەی بەرامبەر بە ئەمەریکا دەگورێت، چ لە ناو کورددا و چ لە نێو لێکۆڵەرەوانی بیانیدا پڕ لە کێشەیە. لێرەدا بە کورتی (دە) بنەمای قەیران دەخەمە بەرچاو.

یەکەم، هاوکێشەی یان دەربڕینی پەیوەندی نێوان ئەمەریکاو کورد، ئاماژەی ئەوە ئەدات کە لە نێوان کوردو ئەمەریکادا پەیوەندی راستەوخۆ هەیە. کورد و ئەمەریکا خاوەن پەیوەندی تایبەتن، وەک چۆن دو وڵات خاوەن پەیوەندین. ئەم دەربڕینە زیاتر خواست و خەونە لە بری واقیع. ناتوانین بڵێین کە پەیوەندی لە نێوان ئەمەریکا و کورددا هەیە.

دوەم، پەیوەست بونی ئەمەریکا لە گەڵ کورددا، هەمیشە لە پەیوەندیدایە بە لایەنێکی تر، روداوێکی تر، قەیرانێکی تر. بۆیە پەیوەندی کوردی ئەمەریکی هەمیشە بە پێی ئەو ساتەوەخت و کێشە و قەیرانانە کە لە یەکیان نزیک دەکاتەوە دەگۆڕێت. لە سەر ئەم بنەمایە، پەیوەندی کوردی ئەمەریکی هەمیشە پەیوەندییەکی سێیەمیە. کە کوردو ئەمەریکا لە عێراق لە حەفتاکان پەیوەندی دروست دەکەن، لە میانەی جەنگی سارددایە، گەر لە جەنگی سارد تێنەگەیت، ناتوانیت لەو پەیوەندییە تێبگەیت. پاشان لە میانەی جەنگی کوێت، ئینجا هاتن بۆ عێراق، پاشان جەنگی تیرۆر.

سێیەم، زاڵبونی دیدی چەپ بە سەر لێکدانەوەی ئەم پەیوەندیەدا، بۆ تۆمەتبارکردنی ئەمەریکا. ئەم دیدە ئەدەبیاتێکی بەرهەمهێناوە کە زاراوەگەلێکی وەک خیانەت و فرۆشتن و پشتتێکردن بە سەریدا زاڵە. ئەم دیدە، گەرچی لە ئاستی ئەخلاقیدا رەنگە رەوابێت یان راست بێت، بەڵام دونیا بەمجۆرە بەڕێوەناچێت، بۆیە لە بڕی ئەوەی شێوازێک یان بنەمایەک بێت بۆ تێگەیشتن، زیاتر رێگرو و مایەی وروژاندنە.

چوارهەم، نەتوانینی بینینی ئەمەریکا وەک دەوڵەت. ئەمەریکا دەکرێت ئیمپراتۆریەت بێت وەک نێگرێ و هاردت باسی دەکەن. ئەم دیدە وەها دەبینێت کە ئەمەریکا بەرپرسە لە هەمو شتێک و دەبێت ئەرکی ئەوە بخاتە سەرشانی کە مافی مرۆڤ بپارێزێت و دیموکراسی بڵاوبکاتەوە. ئەم دیدە، لەوە تێناگات کە ئەمەریکا دەوڵەت بە توانای ئیمپراتۆری.

پێنجەم، کاتێک ئەمەریکا دەوڵەتە بە توانای ئیمپراتۆری، ئەوا لە دۆخی باڵاترە لە سوپەر پاوەر، ئەوەی کە باری بۆزان ناوی دەنێت، گرەیت پاوەر. ئەرکی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە ئیدارەی دونیا بکات. بۆیە ناتوانیت لە ئەمەریکا تێبگەیت گەر لە دۆخی دونیا تێنەگەیت و ئەمەریکا هەمیشە پەیوەستە نەک تەنها بە کوردەوە، بەڵکو بە هەمو دەسەڵاتەکانی ناوچەکەوە لە میانەی ئیدارەدانی دونیادا.

شەشەم، زۆرجار پەیوەندی لە گەڵ ئەمەریکادا کورت دەکرێتەوە لە پەیوەندی بە ناوەندێک، کەسانێک، گروپێکی لۆببی، ئیدارەیەک، بەڵام ئەمە زاڵکردنی بەشە بەسەر گشتدا. ئەم جۆرە تێگەیشتنە بەکاردەبرێت بۆ فریودانی مرۆڤی سادەی کوردی. بەجۆرێک خەڵکانێک هەن بڕوایان وەهایە کە دەکرێت ئەمەریکا پەیوەندی هەبێت لە گەڵ کەسێک، لایەنێک یان گروپێکی کوردیدا.

حەوتەم، ئەمەریکا لە ناوخۆی کوردستاندا لە میانەی چوارچێوەی شەڕی ناوخۆی کوردیدا بەرهەم دێتەوە. ئەم بەرهەمهێنانەوەیە، بۆ کورد زۆر ئاسانە تێبگات. شەڕی ناوخۆ دۆخێکی عەقڵیە. لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا دەکرێت ئەمەریکا وەک هێزێکی ناوخۆیی کوردی ببینرێت، کە لایەنگری لایەکە و نەیاری لایەکی تر. میدیا و رۆشنبیری کورد برەو بەم دۆخە دەدات و خەڵكیش بە ئاسانی بۆیان هەرس دەبێت. بۆ خەڵک ئاسان نیە لە دۆخی جیهان تێبگەن، هەتا بزانێت پاڵنەری رەفتاری ئەمەریکا لەو ساتەوەختەدا چیە. ئەم سادەکردنەوەیە مایەی خۆ خڵەفاندنە.

هەشتەم، پاڵنەری سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا سیاسەتی ناوخۆیەتی. ئەم پاڵنەرە چونکە بە چەند فلتەرێکدا دەڕوات ئەوا بە ئاسانی نابینرێت. بۆ چاودێری کوردی ئاسان نییە کە لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا بگات. بگرە ناتوانرێت چاودێریشی بکات. بۆیە پاڵنەری سەرەکی سیاسەتی ئەمەریکی هەمیشە ناڕون دەبێت بۆ کورد.

نۆیەم، وەک چۆن لە پەندە کۆنەکەدا دەربارەی فیل فێردەبین، کە فیل نە بریتیە لە کلکی، نە لوتی، نە گوێی، بەڵکو لە هەمو گیانی پێکەوە. ئەوا بەهەمانشێوە رەفتاری ئەمەریکی دۆخی ناوەوە، ململانێی جیهانی، سەرکەوتنی چ گروپێک و پلانیان، دۆخی ئابوری و تەکنەلۆجی هەمو پێکەوە داڕێژەری سیاسەتی ئەمەریکین. بۆ ئەوەی ببیتە پارتنەری ئەم هێزە دەبێت بزانیت کە چۆن لە گەڵیدا پەیوەندی دەبەستیت، بتوانیت بە خێرایی ناوخۆی خۆت بگۆڕیت لە گەڵ خواستی ئەودا. بۆ نمونە ئەمەریکا دەیەوێت بە خێرایی پێشمەرگە یەکبخرێت و ببێتە هێزێکی کاریگەر لە ئێستاو داهاتودا. بەڵام کورد باس لە دە پانزە ساڵ دەکات بۆ هاتنە ئارای هێزێکی لەوجۆرە، ئەمەش مانای رونی بێتواناییە لە بون بە پارتنەر.

دەیەم، کاتێک ئەمەریکا هێندە ئاڵۆز و فرە ئاست و خێرا گۆڕاو و دڵڕەق و سارد و سڕە، ئەوا راڤەی موئامەرە بەسەر هەمو تێگەیشتنەکاندا زاڵ دەبێت، بەوەی ئەمەریکا لە پشت هەمو کارێکەوەیە و هیچ شتێک بەبێ خواست و نیازی ئەو ناکرێت و هەمیشە دەتوانێت هەمو شتێک بکات. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کوشندەیە، نەک تەنها بۆ تێگەیشتن بەڵکو بۆ جۆری مامەڵەکردنیش.

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل