Shadow Shadow

بەراورد بە ساڵى 2009 ڕێژەى تەڵاق لە ساڵى 2018دا دوو هێندە زیادیکردووە

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە مۆتەکەى ژیانى هاوسەرگیرى لە هەرێم [تایبەت]

10:17 چوار شه‌ممه‌ 26 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئامارەکانى تەڵاق لە هەرێمى کوردستان و بەراورد بە ساڵانى پێشوى خۆیان، ئاماژەن بۆ ئەوەى تەڵاق دیاردەیەکە لە هەرێمى کوردستان لە 10 ساڵى ڕابردوودا بەردەوام ڕو لە هەڵکشانە.

.

بەگوێرەى ئەو ئامارە فەرمییانەى دەست ناس کورد کەوتوون، بەراورد بە ساڵی 2009، لە ساڵى 2018دا وێڕاى کەمبوونەوەى ژمارەى هاوسەرگیرى لە هەرێم، بەڵام بە ڕێژەیەکى مەترسیدار حاڵەتەکانى تەڵاقدان(جیابوونەوەى هاوسەرگیرى) بەرزبوونەتەوە.

.

بەراوردى هاوسەرگیرى و جیابوونەوە لەنێوان ساڵى 2009 و 2018

بەگوێرەى ئەو ئامارە فەرمییانەى لە بەدواداچوونەکانیدا ناس کورد دەستى کەوتوون، دەرکەوتووە ئامارەکانى جیابوونەوە هۆشدارى گەورەن، بەجۆرێک لە ساڵى 2009دا ڕێژەی جیابوونەوەى هاوسەران بەراورد بە  ڕێژەى هاوسەرگیرى 10.4٪ بووە، بەڵام لە ساڵی 2018 ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ 23٪.

.

بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2009دا 40 هەزار و 547 گرێبەستی هاوسەرگیری لە هەرێم ئەنجامدراون، لە بەرامبەردا چوار هەزار و 237 حاڵەتی تەڵاق ڕوویانداوە.

.

پاش نۆ ساڵ و لە ساڵی 2018دا واتە ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی هاوسەرگیریکردن بۆ 39 هەزار و 763 دابەزیوە، بەڵام حاڵەتەکانى جیابوونەوە بۆ نۆ هەزار و 192 حاڵەت بەرزبوونەتەوە، واتە لە ساڵی 2018 بەراورد بە 2009 نزیکەی پێنج هەزار حاڵەتی جیابوونەوە زیادیانکردووە، زۆرترینی حاڵەتەکانی جیابوونەوەش لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون.

.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە مۆتەکەى ژیانى هاوسەرگیرى لە هەرێم [تایبەت]

.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک مۆتەکەى ژیانى هاوسەرگیرى تەماشا دەکرێت

بە جیاوازیکردن لەنێوان ئەو دوو بەروارەدا و ئامارەکانى تەڵاق، توێژەرێکی کۆمەڵایەتی پێیوایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکی کاریگەرن، بۆ زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوەی هاوسەران و کێشە کۆمەڵایەتییەکان.

.

لەتیف حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی بەشێوەیەکی خراپ لەهەرێم، یەکێکە لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ دروستبوونی کێشە لەنێوان هاوسەراندا، وتیشی: “ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە ڕێژەی خیانەتی لەنێو هاوسەراندا زیادکردووە و بەشێکی زۆری جیابوونەوەی هاوسەران لەئێستادا بەهۆی خیانەتەوەیە و پێش ساڵی 2010 بەراورد بە ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەوشێوە بەربڵاوە بەکارنەدەهات”.

.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییەوە دەشڵێت: “بەهۆی ئەوەی لەئێستادا بنەماکانی هاوسەرگیری زۆرینەیان ڕووکەشن، کاتێک کچ و کوڕێک هاوسەرگیری دەکەن و پاش ماوەیەک تێربوون لەیەکتر لێک بێزار دەبن و یەکتر پەراوێز دەخەن، ئەوەش وادەکات هەردوولا یاخود لایەنێکیان هەوڵدەدات لەڕێگەی کەسێکی دیکەوە ئەو بۆشاییەی بۆی دروستبووە پڕی بکاتەوە ئەوەش کێشە و جیابوونەوەی لێدەکەوێتەوە”.

.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تاکە هۆکارى جیابوونەوەى هاوسەرگیرى داناندرێت، بەڵکو دۆخى ئابوریش بە هۆکارێکى دیکە دادەندرێت، لەتیف حسێن وتى: “کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، خراپی باری ماددی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، بە تایبەت لە ماوەى ڕابردوودا بەهۆى قەیرانى داراییەوە زۆر خێزان توشى کێشە بوون”.

.

بە گوێرەى نوێترین ئامارى سەنتەرى ڕاگەیاندنى تەکەنەلۆجی عێراق، ژمارەى بەکارهێنەرانى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە عێراق گەشیتووەتە 19 ملیۆن کەس، کە نزیکە لە نیوەى ژمارەى دانیشتوانى عێراق، بەوەش بەراورد بە 10 ساڵى ڕابردوو بەکارهێنەرانى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە عێراق هاوشێوەى زۆبەى وڵاتان بە شێوەیەکى خەیاڵى زیادى کردووە.

.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە مۆتەکەى ژیانى هاوسەرگیرى لە هەرێم [تایبەت]

.

چیرۆکى خێزانێک کە تۆڕى کۆمەڵایەتى بووە هۆى تێکدانى

یەکێک لەو کەسانەی کە دوای ماوەی زیاتر لە ساڵێک خۆشەویستیکردن و دواتر هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ خۆشەویستەکەی، بەڵام تەمەنی هاوسەرێتییەکەیان نەگەیشتەساڵێک جیابوونەوە، پێیوایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەیەتى لە هاوسەرە 20 ساڵانەکەی.

.

گەنجێکى تەمەن 22 ساڵ، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “دوای زیاتر لە ساڵێک پەیوەندی خۆشەویستی، بە تامەزرۆییەوە لەگەڵ خۆشەویستەکەم هاوسەرگیریم کرد، بەڵام پاش نزیکەی نۆ مانگ بەهۆی خیانەتی هەردووکمانەوە جیابووینەوە”.

.

ئەو گەنجمە ئەم جۆرە باسى لە چیرۆکى جیابوونەوەکەى کرد، “پاش نزیکەی پێنج مانگ لە هاوسەرگیریمان، شەوێک نامەیەکی زۆر سەیری کەسێکى نزیکی خۆمم لە مۆبایلی هاوسەرەکەمدا بینی، کاتێک بەتەواوی نامە گۆڕینەوەکانی نێوانیانم خوێندەوە، وەک دوو خۆشەویست قسەیان کردبوو، نەک هاوڕێیەک یان کەسێکی ئاسایی”.

.

باسی لەوەشکرد، نەیتوانیوە ئەوە قبوڵ بکات و دواجار لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە.

.

بەڵام ئەو بە داننان بە هەڵەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوەشکرد: “منیش پاش چەند مانگێک لە هاوسەرگیری لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەندێ جار قسەم لەگەڵ کچان و ژناندا دەکرد و جارێک هاوسەرەکەم پێی زانیم و بووە کێشە لە نێوانماندا، بەڵام دواتر لێم خۆشبوو، لەوەوە کێشەکانی نێوانمان دروستبوو و تا ڕادەیەک یەکترمان پەراوێز خشتبوو”.

.

لە وتەکانیدا ئەو گەنجە، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکى ئەو جیابوونەوەیەتى لە هاوسەرەکەى، چونکە دەڵێت، هۆکارى هەڵەکانیان بووە.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل