fbpx
Shadow Shadow

"دوو کەس بۆ پۆستەکە کاندید کراون"

یەکێتی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان وەردەگرێتەوە.. کاندیدەکان کێن؟

23:00 سێ شه‌ممه‌ 09 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد

یەکێتی نیشتیمانی، بەزارەکی چەند کاندیدێکی بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی دیاریکردووە،  بێ ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی گفتوگۆکانی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە بزوتنەوەی گۆڕان، دەستپێکردبێت.

.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ناس کورد کەوتووە، یەکێتی نیشتیمانی لە سەروبەندی گفتوگۆکان لەسەر دیاریکردنی کاندیدەکانی پشکی ئەو حزبە، ناوی دوو کاندیدیان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی هێناوە، بۆ ئەوەی دوای یەکلاکردنەوەی کابینەی حکومەت ئەو پرسە لەگەڵ گۆڕان بکەنەوە.

.

بەپێی زانیارییەکان، هەریەکە لە عیزەت سابیر ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەکرەم شەریف جێگری پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کاندیدن بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی.

.

هەڵوێستی دوو کاندیدەکە

عیزەت سابیر ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر کاندید کردنی وتی: “هیچ قسەیەک لەسەر ئەو بابەتە ناکەم” لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتی نەکردەوە کە کاندید کرابێت.

.

بەپێی زانیارییەکان، کاندید کردنی عیزەت سابیر بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە بەرانبەر دەستبەرداربوون بووە لە پۆستی وەزیری کشتوکاڵ لە کابینەی نوێی حکومەت و بەڵێنی ئەوەی پێدراوە بکرێتە پارێزگاری سلێمانی.

.

هەرچی ئەکرەم شەریفە، کە تا ئێستا چەند جارێک بۆ پۆستی جیاواز لە لایەن حزبەکەیەوە کاندید کراوە، بەڵام هێشتا هیچ کام لە پۆستەکانی وەرنەگرتووە.

.

ئەکرەم شەریف ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیە و پێشتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بوو لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا، تاکە کاندیدی یەکێتی بوو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بەڵام کاتژمێرێک پێش دەنگدان بە سەرۆکی ئەنجومەن، ناوەکەی بۆ ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنەکە گۆڕدرا.

.

لە سەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئەکرەم شەریف ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو پرسە بدات.

.

لەگەڵ ئەوەشدا لە میدیاکانەوە ناو بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی، قایمقامی قەزای سەیدسادق بڵاوبوویەوە بەڵام دواتر گۆڕانکارییەکان ئەنجام نەدرا.

.

هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

لەسەر ئەو پرسە ناس کورد هەوڵیدا رای بەرپرسانی یەکێتی وەربگرێت، بەڵام بێ ئەنجام بوو، حاکم قادر حەمەجان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی: “لەسەر ئەو بابەتە هیچ قسەیەکی نیە.”

.

هەڵوێستی  پارێزگاری سلێمانی

 “کاتم نیە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم، سەرقاڵم”

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان کراوەتە پارێزگاری شارەکە، کە چەندین جارە بووەتە جێگەی ڕەخنەی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حزبەکەی و ڕەخنەگرانی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.

.

لە سەر پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار، هەڤاڵ ئەبوبەکر بە ناس کوردی ڕاگەیاند، کاتی نیە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات و سەرقاڵە، هەڤاڵ ئەبوبەکر تەنیا ئەوەی وت: “یاسا ئەو پرسە یەکلا دەکاتەوە.”

.

هەڵبژاردنی پارێزگار

لەمەودا بەپێی هەمواری یاسای پارێزگاکان، پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش دەتوانرێت کاندیدیان بۆ دیاری دەکرێت.

.

لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار، هەمواری یاسای پارێزگاکان پەسەند کرا کە تێیدا تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تا کاتی هەڵبژاردن درێژکرایەوە و ڕێگەیدا کاندیدی دەرەوەی ئەنجومەنەکان خۆیان بۆ پۆستی پارێزگار کاندید بکەن.

.

بەمشێوەیەش عیزەت سابیر دەتوانێت ببێتە کاندیدی پارێزگاری سلێمانی، هەرچی ئەکرەم شەریفە خۆی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایە و پێش هەمواری یاسای پارێزگاکانیش مافی خۆ کاندیدکردنی هەبوو.

.

بەپێی ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و جێگرەکانیان دوو ساڵ بە دوو ساڵ ئاڵوگۆڕ پێدەکەن، دوو ساڵی یەکەم پارێزگاری سلێمانی لای یەکێتی بوو، پارێزگاری هەڵەبجەش لای بزوتنەوەی گۆڕان.

.

زیاتر لە ساڵێکە پارێزگاری سلێمانی لای بزوتنەوەی گۆڕانە، هەربۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە گۆڕان سەرهەڵبداتەوە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل