fbpx
Shadow Shadow

یەکێتی زمانی “نەخێر”ی لەدەستداوە

18:30 یه‌ك شه‌ممه‌ 30 حوزه‌یران 2019
article image

ناس بیروڕا- خالید سلێمان

 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەر ڕۆژەی ژمارەیەک کاندید بۆ پارێزگاری کەرکوک دەگۆڕێت و هەمویان بە “جوملە” ڕەتدەکرێنەوە، لە کۆتاییشدا حزبەکە کاندیدی بۆ ئەم پۆستە نامێنێت.

.

ئەمە باجی ئەوەیە کە کادێرەکانی یەکێتی لە کەرکوک هاواریان کردو وتیان ڕێفراندۆم بەرەو هەڵدێرمان دەبات، کەس بەقسەی نەکردن و بەتەنها بەجێیان هێشتن، دەرەنجامەکەی ئەوەبو کە ڕویدا.

.

یەکێتی لە کەرکوکدا شەڕیشی بکردایە حاڵی لە ئێستا باشتر نەدەبو، شەڕیشی نەکردو دەرگاو پەنجەرەی خوێن ڕشتنێکی گەورەی داخست، بەڵام هەر وەک ئەوەیە هۆکارو دۆڕاوی شەڕێک بێت و کەس گوێی لێ ناگرێت.

.

خۆی لە ڕاستیشدا یەکێتی دۆڕای سەر ساحەکەیە، چونکە تا ئێستا ئەوەی خواستی بوە، جگە لە دەسکەوتنی سەرۆکایەتی کۆمار کە باجەکەی زۆر قورسە، هیچی تری دەست نەکەوتوە. ئەوانەی کەرکوکیان بەم ئاستە گەیاند، وا یەک بەیەک دەگەڕێنەوەو دوریش نیە جارێکی تر بببنەوە بەحاکمی شار، ئەوەی دۆڕاوەو هەمو ڕۆژێک تەنازولات پێشکەش دەکات تەنها یەکێتییە نەک لایەنێکی تر.

.

باشە ئەم حزبە جارێک پرسیار لە خۆی ناکات بۆ وایلێهاتوەو گەیشتوەتە ئاستێک ئەندام پەرلەمانێک وڵامی هەمو سەرکردایەتیەکەی بداتەوە، بیر لەوە ناکاتەوە سبەی خەڵکی کەرکوکیش دەنگی ناداتێ، بیر لەوە ناکاتەوە گۆڕانکارییەکی قوڵ لە ناو ڕوبەرە کۆمەڵاتییەی خۆیدا دەرکەوتوە و ئیتر سەرمایە ڕەمزیەکەی لە کەرکوکدا، بەبێ دیدگای نوێ و بوێری و توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی چەند ساڵە لەگەڵ پارتیدا لە شارەکەدا دروستی دەکەن، بەرەو تەواوبون دەچێت؟ ئەوەی گەڕانێکی بچوک بەناو گفتوگۆ و قسەی ئەو ڕوبەرە سیاسییەدا بکات کە کادێرو لاینەگران و خەڵکی نزیک یەکێتی قسەی تیا ئەکەن، دەگاتە دەرەنجامێک دەکرێ ناوی لێبنرێت: وەهم

.
وەهم لەوەی کە یەکێتی تا ئێستا ئەو هێزە سیاسییەیە کە بڕیار دەدات

.
وەهم لەوەی کە هەمو هەرێمی کوردستان ڕوبەری مومارەسەی سیاسی ئەوە

.
وەهم لەوەی بە سیاسەتی نەرم ئەتوانن هاوشانی پارتی بن

.
وەهم لەوەی سەرمایەی ڕەمزی بەشی زۆریان دەکات

.
وەهم لەوەی ئەتوانن لە یەک کاتدا باسی سۆسیال ئەنتەرناسیۆنال بکەن و فێستڤاڵ خێڵ و ئێل ڕێکبخەن.

.
وەهم لەوەی ئەڵتەرناتیڤ نەبێت و ئیتر کۆمەڵگا دەستەوەتان دانیشێت.

.
وەهم لەوەی هێشتا هێشتا ئیمکانی ئەوە هەبێت بە هەریم بووترێت “مێرگی” دیموکراسی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

.
وەهم لەوەی نەوت سەرچاوەی مانەوە بێت لە دەسەڵاتدا.

.
وەهم لەوەی تەل-بەندکردنی سلێمانی بە ڤێللا و شوققە، مانادای ئاوەدانی بێت

.
وەهمی تری زۆر هەن و لە ژمارە نایەن، بەڵام دەرەنجامەکانی سیاسەت دەژمێردرێن، وەک چۆن بوێری و ئازایەتی سیاسیش دەژمێردرێت.

.

بەکورتیەکەی ئەگەر یەکێتی، تەنانەت گۆڕانیش، بۆ جارێکیش بێت بوێریی ئەوەیان هەبێت لە وەهمی “هەرێم”ێکی یەکگرتو ڕزگاریان بێت و باوەڕ بەوە بهێنن کە حوکمڕانییەکی سەرکەوتو، ئەگەر لە لادێیەکی دورەدەستی شارباژێریشدا بێت، زۆر لە حوکمڕانییەکی هیچ بەدەست نەبو باشترە، ئەوا ئەتوانن خۆراکی سیاسیی بۆ دواڕۆژیان تەرخان بکەن.

.

بەپێچەوانەی ئەوەوە، لە خێری سیاسی زیاتر هیچیان پێناکرێت. یەکێتی، ساڵانێکی زۆر بوێریی ئەوەی لە دەستداوە بڵێ نەخێر با ژەمی سیاسی دابەش بکەین نەک بەشم بدەیت، بە مەرجێک ناوچەی ژێر نفوزی ئەم لە ڕوی سەرچاوەی سروشتیییەوە دەوڵەمەندترەو لە نیوەی ژەمەکە زیاتر دابین دەکات، بەڵام ئیرداەی سیاسی و بوێریی نەبو ، ئیتر سەرچاوەی بەشەری و سروشتیش بەئاسانی لەدەست ئەچێت.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل