Shadow Shadow

"مەسرور لە بەر یەکێتی پێکهێنانی کابینەکەی دواناخات"

یەکێتی دەتوانێت لە وادەی خۆیدا ناوی وەزیرەکانی پێشکەش بکات؟

20:44 چوار شه‌ممه‌ 19 حوزه‌یران 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

پارتی و گۆڕان، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان دەدەنە ڕاسپێردراوی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام دیارنییە یەکێتی دەتوانێت لە وادەی یاسایی خۆی ناوی کاندیدی پۆستەکانی پێشکەش بکات.

.

مەسرور بارزانی، پاش سەردانیکردنی بۆ سلێمانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی نوێی حکومەت، ئێستا چاوەڕوانی ناوی کاندیدی وەزارەتەکانی کابینەکەیەتی لەو لایەنانە، تا لە وادەی یاسایی خۆیدا لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی پێبدرێت، بۆیە پێناچێت پیکهێنانی کابینەکەی بەهۆی یەکێتیەوە دوابخات.

.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا ناوی کاندیدەکانیان دەدەنە مەسرور بارزانی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

.

وتیشی، لە سەردانەکەیدا بۆ لای لایەنەکان مەسرور بارزانی داوای لێکردوون، کە لە هەفتەی داهاتوودا ناوی کاندیدەکانی ڕادەست بکەن، ئەوانیش، وەک پارتی هەوڵدەدەن پێش وادەی یاسایی و کاتی پشووی پەرلەمان دەنگ بە کابینەکە بدرێت.

.

بزووتنەوەی گۆڕانیش، هاوشێوەی پارتی لە قۆناغی کۆتایی دیاریکردنی کاندیدەکانیدایە و “بەئەگەرێکی زۆرەوە” لە هەفتەی داهاتوودا ناوی کاندیدەکانی ڕادەستی مەسرور بارزانی دەکات.

.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: ” ماوەی دوو مانگە کار بۆ وەرگرتنی سیڤی و ناوی کاندیدەکانمان دەکەین و ئێستاش ئەو پرسە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەمزووانە لە جڤاتی نیشتیمانی دەنگی کۆتایی لەسەر ئەو ناوانە دەدەین”.

.

سەرکانی وتیشی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە هەفتەی داهاتوودا ناوی کاندیدەکانی گۆڕان دەدەنە مەسرور بارزانی و هیچ کێشەیەکیان لەو پرسە و یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیاندا  نییە.

.

بەپێچەوانەی پارتی و گۆڕان، دیارنییە یەکێتی دەتوانێت لە وادەی خۆیدا ناوی کاندیدەکانی یەکلابکاتەوە، تا ئێستاش سەرکردایەتی یەکێتی هیچ وادەیەکی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە دیاری نەکردووە.

.

بەرزان ئەحمەد کوردە، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، تائێستا هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدەکانیان.

.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی، نازانن دەتوانن لە هەفتەی داهاتوودا، یاخود تا کاتی یاسایی دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەت، کاندیدەکانیان یەکلابکەنەوە یان نا دەڵێت: باردودۆخەکە ئەوە دەزانێت.

.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی وتەکانی ئاراس حەسۆ، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، لەوادەی خۆیدا حکومەت پێکدەهێنن و چاوەڕوانی هیچ لایەنێک ناکەن.

.

لەگەڵ ئەوەشدا مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی چەند جارێک جەختی لەوەکردەوە، پێش وادەی یاسایی هەوڵدەدات کابینەی نوێ پێکبێنێت.

.

هاوکات لە ڕۆژی هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی، وەک سەرۆکی هەرێم کە یەکێتی بەشداری لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا نەکرد، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، دەست بەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن و چیتر ئەو پرسە بەهۆی هیچ لایەنێکەوە دواناخەن.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل