fbpx
Shadow Shadow

یەکێتی تائێستا لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک و ناوەندی بڕیار ڕێک نەکەوتوە

15:20 هه‌ینی 27 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد-

لە کۆنگرەى چوارەمیدا، هێشتا یەکێتی ڕێککەوتنی لەسەر دیاریکردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حزبەکە نەکردووە و تائێستا ناوەندی بڕیاریش دیاری نەکراوە.

.

ئەمڕۆ، هەینی 27ی کانونی یەکەمی 2019، دەربارەی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتی، لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی ئەنجومەنەکە بە ناس کوردی وت: “تا ئێستا کاتی کۆبونەوەکە دیاری نەکراوە بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکەمین کۆبونەوە دەکەوێتە دوای سەری ساڵ و لە مانگی کانونی دووەمدا ئەنجام دەدرێت”.

.

هاوکات مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنەکە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “مانگی داهاتو کۆبونەوەی یەکەمی ئەنجومەنەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام تائێستا هیچ کەسیک بە تەواوەتی کاتەکەی نازانێت و هیچ شتیکی فەرمیش نەوتراوە لەسەر کاتەکەی”.

.

مستەفا چاوەڕەش ئاماژەی بەوەکرد: “تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە کە لەو کۆبوونەوەى ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتیدا سەرۆکی یەکێتی و جێگرەکانی هەڵدەبژێرێن یاخود بەشێوەیەکی دیکە و لە کۆبونەوەی دیکەدا هەڵدەبژێردرێن و هەتا ئێستا میکانیزمی دیاریکردنی سەرۆک دیاری نەکراوە”.

.

دەربارەی ئەوەی کە سەرۆکی یەکێتی چەند جێگری دەبێت و ئایا جێگری ژنی دەبێت؟ چاوڕەش باسی لەوەکرد کە “هەر شتیک وتراوە هەموی قسەی میدیاکانە و تا ئێستا هیچ ڕیککەوتنێک نەکراوە و بابەتی دانانی جێگرێکی ژنیش بۆ سەرۆکی یەکێتی ئێستا دەیبیستم”.

.

ناس کورد پەیوەندی کرد بە ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی یەکێتییەوە کرد بەڵام سەرجەمیان “بێئاگایی خۆیان لە میکانیزمی دانانی سەرۆکی یەکێتی” ڕاگەیاند.

.

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد تا ئێستا هەریەکە لە بەرهەم ساڵح و کۆسرەت ڕەسول و فوئاد مەعسوم و لاهور شێخ جەنگی قسەیان لەسەر کراوە بۆ بونیان بە سەرۆکی یەکێتی، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنی تەواوەتی نەکراوە.

.

ناس ئەوەشی زانیوە: “خاوەن بڕیارەکانی یەکێتی تا ئێستاش بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی یەکێتی لەگفتوگۆدان و لەسەر سیستەمی یەک سەرۆکی یان هاوسەرۆکی یان دەستەی سەرۆکایەتی ڕێککەونەکەوتون”.

.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دوو ڕۆژ بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێدەپەڕێت کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، 21ی کانونی یەکەمی 2019″، دەستی بە کارەکانى کرد.

.

لە کۆنگرەدا کە پێنج ڕۆژی خایاند، جگە لە پەسەنکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، هەڵبژاردنی 121 ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی گشتی بەڕێوەچوو بەڵام نەتوانرا سەرۆک و کەسی یەکەم یاخود دەستە و ناوەندی بڕیاری حزبەکە هەڵبژێردرێت و دواخرا بۆ دوای کۆنگرە.

.

هەر لەو کۆنگرەکەدا و بەبێ دەنگدان کۆسرەت ڕەسول و هەشت ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی بە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دیاریکران.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل