fbpx
Shadow Shadow

"ڕێککەوتنەکە نەمردووە"

یەکێتى و گۆڕان چاویان لە زیندوکردنەوەى ڕێککەوتنى دەباشانە

15:47 چوار شه‌ممه‌ 02 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

 

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان چاویان لەوەیە دواى کۆنگرەى یەکێتى لە مانگى 12ى ئەمساڵدا، ڕێککەوتنى دەباشانى نێوانیان زیندوبکەنەوە، دواى نزیکەى دوو ساڵ لە هەڵپەساردنى ڕێککەوتنەکە لەلایەن گۆڕانەوە.

.

زیندووكردنه‌وه‌ى ڕێكکه‌وتنەکە لە ئێستادا، جێگەى باوەڕى به‌رپرسانى گۆڕان نییه‌ و به‌ “مانۆڕى میدیایى” دەزانن بۆ وه‌رگرتنى ده‌ستكه‌وت له‌ پارتى، بۆیە دەڵێن تا دواى کۆنگرە ناتوانرێت کارابکرێتەوە، بەرپرسانى یەکێتیش هاوڕان لەسەر ئەوەى کاراکردنەوەکە بکەوێتە دواى بەستنى کۆنگرە.

.

دیدار یان ڕێککەوتنى دەباشان؟

 

پاش نزیكه‌ى چوار ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنى گۆڕان و به‌رده‌وامى گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا، بۆ یه‌كه‌مینجار جه‌لال تاڵه‌بانى و نه‌وشیروان مسته‌فا  لەساڵى 2012 دیدارێكیان له‌ ده‌باشان ئه‌نجامدا و جەختیان کردەوە کە وتوێژیان له‌باره‌ى گۆڕینى سیستمى سیاسییەوە کردووە و باسیان لە هەڵدانەوەى پەڕەیەکى نوێى سیاسیش بەتایبەت لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا کردووە.

.

دواى ده‌ركردنى گۆڕان له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌ 17ى ئایارى 2016، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى ڕێكه‌وتنێكى گشتگیریی سياسيیان واژۆكرد، بۆ ڕێکخستنەوەى پەیوەندییەکانیان و گۆڕینى بنەماکانى سیستمى حوکمڕانى.

.

پاشماوه‌یه‌ك گۆڕان، یه‌كێتى به‌جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێکكه‌وتنه‌كه‌ تۆمه‌تباركرد و لەکۆتایی ساڵى 2017 دا ڕێککەوتنەکەى هەڵپەسارد.

.

یەکێتى و گۆڕان چى دەڵێن؟

لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا لەتیف شێخ عومەر وتەبێژى یەکێتى کۆبوونەوەى حزبەکەى و گۆڕانى بە پێویست زانى بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکانى نێوانیان، کە بەپێی بەدواداچونەکان پێدەچێت بەم نزیکانە ئەو دوو حزبە کۆبنەوە و یەکێک لە پرسەکانیشیان تاوتوێکردنى ڕێککەوتنى دەباشان بێت.

.

حامیدى حاجى غالى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند “وه‌كو بۆچوونى خۆم پێمباشه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا هێوهر و برایانه‌ بێت، ئه‌و كه‌سانه‌شى كه‌ داواى زیندوكردنه‌وه‌ى ڕێكه‌وتننامه‌ى ده‌باشان ده‌كه‌ن پرسکە بخەنە دواى كۆنگره‌ى یه‌كێتیه‌وه‌ باشتره‌”.

.

بڕیارە یەکێتى لە حەوتى مانگى 12ى ئەمساڵدا چوارەمین کۆنگرەى ببەستێت و ئامادەکارییەکانیش بۆ بەستنى کۆنگرەکە لەوادەى خۆیدا بەردەوامە.

.

ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى وتى “چاوه‌ڕوانده‌كرێت گۆڕانكاریه‌ك بێته‌ ئاراوه‌ و كه‌ش و هه‌واى سیاسیش بۆ زیندوكردنه‌وه‌ى ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ بێته‌ ئاراوه‌. یه‌كێتى به‌م فۆرمه‌ى ئێستایه‌وه‌ ناتوانێت بگاته‌ ڕێكکه‌وتنى سیاسى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا بۆیه‌ بكه‌وێته‌ دواى كۆنگره‌ باشتره‌”.

.

له‌سه‌ر وته‌ى به‌رپرسانى گۆڕانیش كه‌ یه‌كێتى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌جێبه‌جێنه‌كردنى ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى ده‌باشان، ئه‌ندامه‌كه‌ى سه‌ركردایه‌تى دەڵێت  “بۆ ئه‌وكات ڕاستبوو گرفته‌كه‌ لاى یه‌كێتیه‌وه‌ بوو به‌ڵام ئێستا و داهاتوو نازانم”.

.

پرسی زیندووکردنەوەى ڕێککەوتنى دەباشان لەنێوان گۆڕان و یەکێتى، هاوکاتە لەگەڵ ناڕەزایی هەردوولا لەسەر جێبەجێنەکردنى ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ پارتى و دیار نییە ئەم دوو پرسە تا چەند پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.

.

نزار محەمەد ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بەناس کوردى ڕاگەیاند “ڕێكکه‌وتنى دەباشان گشتگیر و فراوان بوو بۆ چاكسازیى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت به‌سیستمێك كوردستان بپارێزرێت و كه‌سیش بێ منه‌ت نه‌بێت، به‌ڵام یه‌كێتى جێبه‌جێی نه‌كرد و وازیشى لێهینا”.

.

وتیشى “پێموانییه‌ له‌ ئێستا جۆرێك ڕێكه‌وتن یاخود كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ له‌ئارادا بێت، یه‌كێتى بۆ مانۆڕى میدیاى ئه‌و شتانه‌ باس ده‌كات و هیچ هه‌وڵێكى جدیشیان بۆ ئه‌و كاره‌ نییه‌”.

.

نزار محەمەد باسى لەوەش کرد،  ئێستاش له‌حكومه‌ته‌ خۆجییه‌كان یه‌كێتى  “كێشه‌ بۆ گۆڕان دروستده‌كات”، دەیەوێت ئەو پۆستانەى پێیدراوە وەریبگریتەوە  و ئه‌و پۆستانه‌شى ناداتێ کە  هيشتا  ڕادەستى نەکردوون.

.

“به‌بۆچوونى خۆم جگه‌ له‌مانۆڕى سیاسى هیچى تر نیه‌ ڕه‌نگه‌ بیانه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ شتى تر به‌ده‌ستبهێنین و ئه‌وه‌ى كه‌ من لێیانم بینیوه‌ به‌تایبه‌تى له‌هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ به‌ره‌و پێشچونێك له‌نیه‌تیشیاندا نیه‌ به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ربه‌ست دروستبكه‌ن”، نزار محەمەد واى وت.

.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان پێیوایە، یه‌كێتى ئێستا چه‌ند به‌ش و باڵێكن و ڕێکەوتنەکەیان  پێ جێبەجێناکرێت، بەوتەى ئەو، جارێ پێشوو مه‌لا به‌ختیار دژى بووە بۆیە هەڵوەشاوەتەوە و بەو شیوەیەى لێهاتووە.

.

لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونى نزار محەمەد، ڕێککەوتنەکە نەمردووە و ئەگەرى زیندووىکردنەوەى هەیە “ڕێککەوتنەکە كۆتایى پێنه‌هاتووه‌، مومكینه‌ دواى كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى كه‌ سه‌ركردایه‌تى تر و به‌هێز هه‌ڵبژێرن بتوانرێت زیندوبكرێتەوە، تا ئه‌وكاته‌ى یه‌كێتى سه‌ركردایه‌تیه‌كى به‌هێز و یه‌كگرتووى نه‌بێت ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ زیندوونابێته‌وه‌”.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل