fbpx
Shadow Shadow

"زیاد لە بەربژێرێک هەیە"

یەکێتى خۆى بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنى سەرۆک ئامادە دەکات

14:57 چوار شه‌ممه‌ 29 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان خۆى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک ئامادە دەکات دواى ئەوەى پەیڕەوى ناوخۆ لەلایەن ئەنجومەنى سەرکردایەتییەوە پەسەند دەکرێت، ئەندامێکى سەرکردایەتى ئەو حزبەش پێشبینیدەکات زیاد لە بەربژێرێک هەبێت.

.

بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی کانونی دووەمی 2020، ئەنجومەنى سەرکردایەتیی یەکێتى کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پەیڕەوى ناوخۆ، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ شەممەى داهاتوو دواخرا کە ئەوەش دووەمجارە دوادەخرێت.

.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامى ئەنجومەنى گشتى سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند “دواکەوتنى کۆبوونەوەکە پەیوەندى بەوەوە هەبووە کە ئەندامانى سەرکردایەتى کۆپى تایبەت بە هەموارەکەیان لەبەردەست نەبووە، ئەمڕۆ چاپدەکرێت و ڕادەستیان دەکرێت”.

.

پەیڕەوى ناوخۆى یەکێتى لەلایەن لیژنەیەکەوە هەموارکرایەوە کە دواى تەواوبوونى کۆنگرە پێکهێنرا، لیژنەکە 26ى ئەم مانگە کارەکانى لەو بارەیەوە تەواوکرد.

.

فەرید ئەسەسەرد کە هاوکات سەرۆکی لیژنەکەیە باسى لەوەکرد، کۆمەڵێک ماددەى پەیڕەوى ناوخۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و کۆمەڵێک ماددەشیان زیادکردووە، بەڵام ئەمە هیچ لە پڕۆسەکە ناگۆڕێت بەبێ ئەوەى ئامادەبێت ناوەڕۆکى ماددەکان ئاشکرابکات.

.

لەدواى پەسەندکردنى پەیڕەوى ناوخۆ لەلایەن ئەنجومەنى سەرکردایەتیی یەکێتییەوە، هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى یەکێتى دەستپێدەکات.

یەکێتى خۆى بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنى سەرۆک ئامادە دەکات

.

فەرید ئەسەسەرد وتى، “تا هەموارى پەیڕەوى ناوخۆ پەسەند نەکرێت، پڕۆسەى هەڵبژاردن دەستپێناکات، دواى کاتژمێرێک لە پەسەندکردنى پەیڕەوەکە دەتوانین هەڵبژاردن بکەین، بەڵام بە کردەوە ڕاستەوخۆ ئەوە ناکرێت، بەڵام دواى دیاریکردنى وادەیەک کاندیدەکان ناوەکانیان دەخەنەڕوو پاشان پڕۆسەکە دەکرێت”.

.

تا ئێستا دیار نییە چەند کەس خۆیان بۆ سەرۆکى یەکێتى بەربژێر دەکەن، کە بەپێی پەیڕەوى ناوخۆ لە بەشى زۆرى دەسەڵاتەکان داماڵراوە و دەسەڵاتەکان زیاتر دراون بە ئەنجومەنى سەرکردایەتى کە بەرزترین ئۆرگانى ئەو حزبەیە.

.

لەبارەى بوونى کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆکى یەکێتى، فەرید ئەسەسەرد پێیوایە بۆ زۆربەى زۆرى پۆستەکان زیاد لە بەربژێرێک هەیە “ئێمە بڕیارمانداوە ئەو پۆستانە بە دانان نەبێت، مەگەر یەک کاندید هەبێت و پێویست بە هەڵبژاردن نەکات، هەموو پۆستێک لەناو ئەنجومەنى سەرکردایەتى هەڵبژاردنى بۆ دەکرێت”.

.

ئەسەسەرد پێشبینى ناکات هەڵبژاردنى سەرۆک لەناو یەکێتیدا کێشە دروستبکات، لەگەڵ ئەوەشدا وتى کە “هێشتا نازانم پڕۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت، ناتوانم پێشبینى قۆناغى دواى پەسەندکردنى پەیڕەوى ناوخۆ بکەم”.

.

ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کە بەرزترین دەسەڵاتى هەیە لەناو یەکێتیدا، ڕۆژى سێشەممە، 14ی کانونى دووەمى 2020، کۆبووەوە و بڕیاری دا کۆبوونەوەکە بەکراوەیی بهێڵێتەوە تا پەسەندکردنى هەموارى پەیڕەوى ناوخۆ.

.

بڕیاربوو دووشەممەى ڕابردوو کۆبوونەوەکە بکرێت، بەڵام دواخرا بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەمڕۆش دواخرا بۆ ڕۆژى شەممەى داهاتوو.

.

زوبێر عوسمان ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی بە میدیاى فەرمى حزبەکەى ڕاگەیاندووە، “په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی له‌ 77 ماده‌ و نۆ به‌ش پێكهاتووه‌، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی دوابڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، ڕه‌نگه‌ ماده‌یه‌ك كه‌م بكات یان چه‌ند ماده‌یه‌كی تر زیاد بكات” .

.

وتیشی “به‌پێی په‌یڕه‌وی هه‌مواركراو چه‌ند ئۆرگانێكی نوێ لەناو یەکێتیدا دروستده‌كرێن”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل