Shadow Shadow

دوای شەش مانگ لە گفتوگۆ

یه‌كێتى چاوه‌ڕوانه‌ و پارتى و گۆڕانیش به‌نهێنى سه‌رقاڵى زیادكردنى جێگرن 

22:51 هه‌ینی 19 نیسان 2019
article image

ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

 .

شه‌ش مانگ و 15 ڕۆژه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام تائێستا به‌رهه‌مه‌كه‌ى له‌نێوان پارتى و گۆڕان ویه‌كێتى له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ بۆ بواره‌ كردارییه‌كه‌ى نه‌گۆڕدراوه‌، پشك و داخوازى لایه‌نه‌كانى به‌شدار له‌ حكومه‌ت و نه‌بوونى متمانه‌ش به‌ هۆكار ده‌زانرێت.

 .

یه‌كێتى  و گۆڕان به‌جیا، ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتى بۆ پێكهینانى حكومه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام پرسى زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاروبارى سه‌ربازى، ڕیسەکەی له‌پارتى كردۆته‌وه‌ به‌خورى و ده‌یه‌وێت به‌ قسه‌یه‌كى نوێی گۆڕان ده‌ست به‌ چنینه‌وه‌ى بكاته‌وه‌، یه‌كێتیش چاوه‌ڕوانه‌.

 .

له‌تیف شێخ عومه‌ر، وتبێژى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ ناس كورد-ى وت، ” تا ئێستا واده‌یه‌ك له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ دیارینه‌كراوه‌ بۆ واژۆكردنى ڕێككه‌وتنه‌كه‌مان ده‌رباره‌ى پشكه‌كانى یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هیچ گۆڕانكارییه‌كى نوێ نییه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ئێمه‌ ڕێككه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و چاوه‌ڕوانین ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى نێوانمان واژۆ بكه‌ین”.

 .

وتەبێژەکەی یەکێتی بێئاگایی خۆی لە گفتوگۆی نێوان پارتى و گۆڕان دەردەبڕێت و دەڵێت: “پارتى به‌سفه‌تى پێكهێنه‌رى حكومه‌ت ده‌بێت واده‌ دیاری بكات بۆ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، ئێمه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ پارتى پرسى دانانى دوو جێگر بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان تێدا جێگیركراوه‌ و كۆتایى هاتووه‌”.

 .

پارتى و گۆڕان له‌ 18ى شوباتى 2019، ڕێككه‌وتنى نێوانیان ده‌رباره‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت واژۆكرد، پێش ئه‌وه‌ى پارتى ڕازى یەكێتى بۆ به‌شدارى بزانێت گۆڕان كرایه‌ شه‌ریكه‌ به‌شى پارتى له‌ حكومه‌ت، به‌ڵام پاش داخوازى یه‌كێتى بۆ به‌شدارى ڕاسته‌قینه‌ ئه‌و حزبه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازى و ئابوورى و خزمه‌تگوزارییه‌كان، هەنگاوەکانی پێكهێنانى حكومه‌ت درێژەیان كێشا.

 .

یه‌كێتى له‌ڕێگه‌ى وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌، له‌  3ى نیسان 2019، ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فونى له‌نێوان مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لى جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى ئه‌نجامدراوه‌ و “هه‌ردوولا له‌سه‌ر  لێكتێگەیشتنێكی بنەڕەتی هاوبەش بۆ شوێنی و پێگەی یەكێتی لە سیستمی حكومڕانی هەرێمدا ڕێككه‌وتن و به‌م نزیكانه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان واژۆ ده‌كه‌ن”.

 .

به‌ڵام، سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى زیاد لە دوو هەفتە به‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ى وته‌بێژه‌كه‌ى یه‌كێتى، تائێستا ڕێككه‌وتنى نێوان ئه‌و دوولایه‌نه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت واژۆ نه‌كراوه‌، كه‌ یه‌كێتى داواى زیادكردنى جێگرێكى بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ پارتى بۆ ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان زیاد كردووه‌.

 .

به‌پێى زانیارییه‌كانى ناس كورد كه‌ له‌ناو جڤاتى نیشتمانى گۆڕان ده‌ستیكه‌وتووه‌، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌هۆى ئه‌وه‌ى گومانى له‌داواكه‌ى یه‌كێتى هه‌یه‌ بۆ زیادكردنى جێگرێك بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ هێڵى سه‌ربازى، تائێستا ڕه‌زامه‌ند نییه‌ به‌جێبه‌جێكردنى ئه‌و داوایه‌ و “به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى خۆى ده‌بینێت له‌سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم”.

 .

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، “زیاتر له‌ پێشنیارێك هه‌ن و كراون بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌جێگره‌وه‌ى ڕازیبوونمان به‌ زیادکردنی جێگر بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌تایبه‌ت له‌و گفتوگۆیانه‌ى له‌نێوان پارتى و گۆڕان كراون، به‌ڵام به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى پێشنیاره‌كان كۆنكرێتى نین، تائێستا ڕه‌زامه‌ندى بزوتنه‌وه‌كه‌ى به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌”.

  .

پێشتر، هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: “پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان دراوە بە ئێمە، ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان گۆڕان و پارتی-دا کراوە سەبارەت بە پۆستەکانی گۆڕان بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاری تێداناکرێت و کۆتایی هاتووە”.

 .

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان وتیشی، “یەکێتی کێشەی کەمیی پۆستیان نییە، ئەوان بەکێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، بۆیە یاری بە کات دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دوابخەن، تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکەن و کاندیدەکانیان یەکلایی دەکەنەوە”.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل