fbpx
Shadow Shadow

لە دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیرانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان

یاریى “زیرەکانەى” عەبدولمەهدى هاوکێشەکە بەڕووى رکەبەرەکانیدا قڵپدەکاتەوە؟

20:43 سێ شه‌ممه‌ 29 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

عادل عەبدولمەهدى لەهەوڵى ئەوەدایە تۆپەکە بخاتە گۆڕەپانى پەرلەمانەوە و ئاڕاستەى ڕووداوەکان لە دەستلەکارکێشانەوەى خۆیەوە بەرەو هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بگۆڕێت، بەڵام دیار نییە ئەو لەو هەوڵەى سەرکەوتوو دەبێت یاخو نا، لەکاتێکدا فشارەکانى سەرى چڕ بوونەتەوە.

.

ئەمڕۆ بۆ بەغداى پایتەخت و بەشێک لە شارەکانى دیکەى عێراق رۆژێکى جیاواز بوو، بەو پێیەى زۆرترین جموجۆڵى بەخۆوە بینى لەسەر ئاستى خۆپیشاندانەکان و پەرلەمان و جموجۆڵە سیاسییەکان.

.

جموجۆڵى خۆپیشاندەرانى بەغدا و چونیان بەرەو ناوچەى سەوز، داواکەى موقتەدا سەدر لە عادل عەبدولمەهدى بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەى و هەڵبژاردنى پێشوەختە، وەڵامى عەبدولمەهدى بۆ سەدر، چونى سەدر بۆ ناو ڕیزى خۆپیشاندەران، داواکەى پەرلەمان بۆ ئامادەبوونى عەبدولمەهدى لەکۆبوونەوەى پەرلەمان، وەڵامى توندى سەدر بۆ عەبدولمەهدى دیارترین ئەو ڕووداوانەى ئەمڕۆ بوون کە ئاڕاستەى پڕۆسەى سیاسی عێراقى بەرەو ئاڵۆزى زیاتر برد.

یاریى "زیرەکانەى" عەبدولمەهدى هاوکێشەکە بەڕووى رکەبەرەکانیدا قڵپدەکاتەوە؟

لەناو ئەو ڕووداوانەدا، نامەکەى عەبدولمەهدى بۆ داواکەى موقتەدا سەدر، بە هەوڵێک لێکدەدرێتەوە بۆ گۆڕینى ئاڕاستەى هاوکێشەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان، لەکاتێکدا فشارەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەى زیاتر بوون.

.

عەبدولمەهدى لەوەڵامەکەدا بۆ سەدر ڕایگەیاندووە، پێویستە پێش هەڵبژاردنی پێشوەختە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە “ئێمە ڕێگەمان نەگرتووە و موقتەدا سەدر با لەگەڵ هادی عامری حكومەتێكی نوێ‌ پێكبهێنێت، دەبێت سەرۆكی حكومەت سەرۆك كۆمار ئاگادار بكاتەوە و ئەویش رەزامەندی دەربرێت كە پەرلەمان ئاگادار بكرێتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان، ئەوكاتیش دەبێت 165 پەرلەمانتار دەنگ بدات لەسەر هەڵوەشاندنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە”.

.

لەوەڵامى ئەو نامەیەشدا سەدر بەتوندى وەڵامى عەبدلمەهدى دایەوە و داواى لە هادى عامرى کردووە هاوکاى بکات بۆ متمانە سەندنەوە لە عەبدولمەهدى.

یاریى "زیرەکانەى" عەبدولمەهدى هاوکێشەکە بەڕووى رکەبەرەکانیدا قڵپدەکاتەوە؟

ئێستا هادى عامرى کە فراکسیۆنەکەى خاوەنى 47 کورسی پەرلەمانە و زۆرترین کورسی هەیە لەدواى سائیرونى سەر بە سەدرەوە، تاکە فراکسیۆنە کە لەپشتى عەبدولمەهدى وەستاوە، دواى ئەوەى سائیرون ئۆپۆزسیۆنبوونى ڕاگەیاند.

.

یارییەک لەکاتى زیادکراودا

جەمال کۆچەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێیوایە، ئەو هەنگاوەى عەبدولمەهدى “یارییەکى زیرەکانەیە” بۆ ئەوەى ئاڕاستەى یارییەکە بگۆڕێت، بەڵام ئێستا شەقام لەدژى حکومەت هەستاوە، ئەگەر سەرۆک وەزیران دەستلەکاربکێشێتەوە نیوەى کێشەکە چارەسەر دەبێت.

.

وتیشى “عادل عەبدولمەهدى زیرەکانە دەیەوێت یاری بکات، بەڵام خۆى لاواز بووە، کابینەکەى وەکو تیپێکى دۆڕاوى لێهاتووە لە گۆڕەپانى تۆپی پێدا کە گۆڵى زۆرى لێکراوە و لە 10 خولەکى کۆتاییدا دەیەوێت گۆڵ بکات، هەر خولەکێکیش گۆڵێک بکات هەر دۆڕاوە، ئەویش ئێستا دۆخەکەى ئەمەیە”.

.

ئەو پەرلەمانتارە بۆ ناس کورد باسى لەوەشکرد، ئێستا عادل عەبدولمەهدى بێ پشت و پەنا ماوەتەوە “تەنها حەشدى شەعبى لەپشتیەتى، بەڵام خۆپیشاندان لەهەر پارێزگایەک دەکرێت بارەگاکانیان دەسوتێنرێت، من پێموایە عەبدولمەهدى لەو یارییە سەرکەوتوو نابێت”.

یاریى "زیرەکانەى" عەبدولمەهدى هاوکێشەکە بەڕووى رکەبەرەکانیدا قڵپدەکاتەوە؟

لەبەرانبەر هەنگاوەکەى عەبدولمەهدیدا، پەرلەمانیش تۆپەکەى خستووەتە گۆڕەپانى سەرۆک وەزیرانەوە و کۆبوونەوەى ئەمڕۆى بەکراوەیی هێشتەوە تا عەبدولمەهدى لەپەرلەمان ئامادە دەبێت بەمەبەستى پێشکەشکردنى دەستلەکارکێشانەوەى.

.

بەڵام جەمال کۆچەر پێیوایە “تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانى ئەنجومەنى وەزیرانە، نەک ئەنجومەنى نوێنەران، بەتایبەتى لەسەرۆک وەزیران، ئەوانەى تر هیچیان بەدەست نییە، هەروەها یان دەبێت سەرۆک کۆمار حکومەت لەکاربخات، یان سەرۆک وەزیر هەندێ بڕیارى هەستیار بدات، یان دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام لەکارخستن بەبێ بوونى بەدیل ئەستەمە”.

.

وتیشى “دەبێت یەکێک لەو دوو بۆچوونە لەم ماوەیەدا زاڵ بێت بەسەر ئەوەى دیکەدا، یان حکومەت هەندێ بڕیارى چارەنوسساز بدات، یان دەستلەکاربکێشێتەوە”.

.

“خاڵی نەگەڕانەوە”

زیادبوونى فشارەکانى سەر عەبدولمەهدى بۆ دەستلەکارکێشانەوەى لە پۆستەکەى لەکاتێکدایە، تەنها ساڵێکە کابینەى حکومەتەکەى دەستبەکاربووە، هەروەها لەم ماوەیەدا چەندین بڕیارى چاکسازى دەرکرد بۆ ڕازیکردنى خۆپیشاندەران، بەڵام وادەردەکەوێت بڕیارەکان خۆپیشاندەرانیان ڕازى نەکردبێت.

یاریى "زیرەکانەى" عەبدولمەهدى هاوکێشەکە بەڕووى رکەبەرەکانیدا قڵپدەکاتەوە؟

ئەحمەد خزر، چاودێری سیاسی عێراقی، بە ناس کوردى ڕاگەیاند “لەئێستادا دۆخی سیاسی عێراق گەیشتووەتە خاڵی نەگەڕانەوە، ئەوەش دەگەیەنێت کە کۆتایی بە ڕێککەوتنە سیاسیەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکاندا هاتووە کە کرابوو بۆ دانانی عادل عەبدولمەهدی لەپۆستی سەرۆک وەزیران”.

.

وتیشی “لە نامەکەی عەبدولمەهدی بەڕوونی دەرکەوتووە لێکترازانێک لە نێوان هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون دروستبووە”.

.

ئەحمەد خزر پێیوایە، تائێستا لایەن سیاسییەکانی عێراق بەجدی لە هەوڵی چارەسەری کێشەکان نین، “بەشداریکردنی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان لەشاری نەجەف وەک گڵۆپێکی سەوزە بۆ لایەنگرانی ڕەوتەکەی بۆ چوونە ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندانەکانەوە”.

.

ئەوەشی خستەڕوو، بازنەی کێشەکان بەتوندی بەرۆکی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی گرتووەتەوە خەریکە وردە وردە تەسکتردەبێتەوە، کاتیش فریادڕەسی نییە، دەبێت سەرۆک وەزیران بە دانایی دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی  کەعێراق تێکەوتووە بدۆزێتەوە.

.

بەوتەى ئەحمەد خزر، لە ئێستادا پێشبینی ئەوە ناکرێت  سەرۆک وەزیران دەستلەکاربکێشێتەوە، چونکە دەستلەکاکیشانەوە سەرۆک وەزیران پەیوەستە بەو ڕێککەوتنە سیاسیانەی کە ئەویان گەیاندووەتە دەسەڵات “تەنها هاوپەیمانی سائرون نەبێت هەموو لایەن سیاسییەکانی دیکە پەرلەمان بە شیعە و سوننە و کوردەوە لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی نین”.

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل