fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

هەرێم ڕێوشوێنەکانى بۆ رێگرى لە کۆرۆنا توندتر دەکات

دۆخى گەشتیاران لە باشماخ “هەندێکیان لەبەر سەرما دەمێننەوە”

22:46 هه‌ینی 21 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

لەگەڵ زیادبوونى حاڵەتەکانى توشبوون و گیان لەدەستدان بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە لە ئێران، هەرێمى کوردستان رێوشوێنەکانى بۆ رێگرى لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە توندتر کردووە، سەربارى قەدەغەى هاتوچۆ لەخاڵە سنورییەکان، سەردانیکردنى نەخۆشخانە و زیندانەکانیش ڕاگیرا.

.

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە هاتن و چوون لە خاڵە سنورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئێران قەدەغە بکات، بەو هۆیەشەوە خەڵکێکى زۆرى کورد کە لەو وڵاتە گەڕاونەتەوە گیریان خواردووە و رێگەیان پێنادرێت بێنە هەرێمى کوردستان.

.

زۆرێک لەو کەسانە لە ئێستادا لە خاڵى سنورى باشماخ لەسنورى قەزاى پێنجوێن ماونەتەوە و چاوەڕوانى پشکنین یان گواستنەوەیانن بۆ شوێنى تایبەت، تا دواتر رێگەیان پێبدرێت بچنەوە ناوچەکانى خۆیان.

.

بەپێی رێوشوێنەکانى وەزارەتى تەندروستى، ئەو هاوڵاتییانەى هەرێم لە چین یاخود ئێرانەوە دەگەڕێنەوە، دەبێت بۆ ماوەى 14 ڕۆژ لە شوێنى تایبەت بە چاودێرى تەندروستى بهێڵرێنەوە و دواى دڵنیابوونى تەواو لەوەى هەڵگرى ڤایرۆسەکە نین رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

.

بەشى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ لە ڕاگەیەنروێکدا ڕایگەیاند “ئەو هاوڵاتیانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە پێویستە بەووردی لەژێر چاودێری و پشکنینەکانی تیمە تەندروستییەکان بن بۆماوەی چواردە ڕۆژ”.

.

ئاماژەى بەوەشکردووە “لەئێستادا باشترین شوێنمان بۆ دابینکردوون و لەچاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترداین کە شوێنیان لە سلێمانی بۆ دابینبکەن، ئێمە پاسیشمان بۆ ئامادەکردوون تا بیانگوازینەوە بۆ شوێنی تایبەت و دیاریکراو بەمەبەستی چاودێریکردنیان لەڕووی تەندروستییەوە، ڕێزیش لەوانەیان دەگرین کە ڕەتیانکردووەتەوە خزمەتیان بکەین و ئارەزوومەندانە سەرمایان هەڵبژاردووە ئیدی بەمەبەست بێ یاخود بێ مەبەست”.

دۆخى گەشتیاران لە باشماخ "هەندێکیان لەبەر سەرما دەمێننەوە"

هەرێمى کوردستان و ئێران چەند دەروازەیەکى نێودەوڵەتى و دەیان دەروازەى نافەرمى پێکەوە دەیان بەستێتەوە، جگە لە گەشتى ئاسمانى لەنێوانیاندا، لە ئێستاشدا هاتوچۆ لەتەواوى ئەو دەروازانە وەستێنراوە.

.

جگە لەو رێوشوێنە خۆپارێزییە، دام و دەزگا تەندروستى و پەیوەندیدارەکان چەندین رێوشوێنى دیکەیان گرتووەتە بەر بۆ رێگرى لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمى کوردستان.

.

لەو چوارچێوەیەدا، بەرێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى سەردانیکردنى نەخۆشخانەکانى قەدەغەکرد، هەروەها بەرێوەبەرایەتى زیندانى چاکسازى گەورانى سلێمانى بڕیاریدا سەردانیکردنى زیندانییەکان قەدەغە بکات.

.

بەپێى بڕیارەکانى هەردوو وەزارەتى تەندروستى و ناوخۆى هەرێم، پێدانی ڤیزای هاتنەناوەوەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی بۆ ناو هەرێم تاکاتێکی نادیار راگیراوە، ئەوانەشی نشینگەی هەرێمیان هەیە ڕێگەیان پێ نادرێت بێنەناو هەرێمەوە جگە لەشاند و دیپلۆماتکاران کە پشکنینی تەواویان بۆ بکرێت.

.

هەروەها بریاردراوە بە قەدەغەکردنی هاتنەژوورەوەی ئەو هاوڵاتی یە بیانی یانەی کە لەبەرواری ۲۰۲۰/۲/٥ سەردانی ئێرانیان کردووە. ئەو هاوڵاتی یە عێراقیانەشی لەئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەر لەدەروازەکەدا بەووردی پشکنینیان بۆ دەکرێت لەلایەن تیمی تایبەتی تەندروستی بۆ دڵنیابوون لەتووشنەبونیان بەو ڤایرۆسە. لەگەڵ ڕاگرتنی گەشتی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار.

.

هەر بەپێى بڕیارەکان، تیمی تەندروستی تایبەت لەدەروازە پشکنینی تەواو ئەنجام دەدەن بۆ ئەو گەشتیارانەی دەگەنەوە خاکی هەرێم، پشکنینی بەردەوامیش ئەنجامدەدەن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەدەروازەکەدا لەئەرکدان.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل