fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

گۆڕینى زاراوەکان لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە کاردانەوەى لێکەوتەوە [تایبەت]

12:14 هه‌ینی 06 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

گۆڕینى زاراوەکان لەدانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستاندا بۆتە جێى باسى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو بڕوایەدان پەرلەمان لەبرى قسەکردن لەسەر دۆسیە و بابەتە گرنگەکان سەرقاڵى گۆڕینى زاراوەکانە و راوێژکارێکى پەرلەمانى کوردستانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە بە گوێرەى پەیڕەوى ناوخۆ گۆرینى زاراوە بەشێکە لە کارى پەرلەمان.

.

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوى ئیسلامى بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەڕاستیدا شتێکی ئاساییە پەرلەمان ئەو کارە بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە کاری گەورەتر بکات، نەوەک کاری تەنها ببێتە ئەوە و هەندێک شتی ئاسایی”.

.

وتیشی، ئەم خولەی پەرلەمانی کورستان یەکێکە لە لاوازترین خولەکان کە ئەوەش پلانێکی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارە بۆ لاوازکردن و ناشرینکردنی دامەزراوەی پەرلەمانى کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەهۆی لاوازیان ڕۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕن لەو پرسەدا.

.

بەبڕواى پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، پارتى و یەکێتى بەبەرنامە دەیانەوێت پەرلەمان لاواز بکەن و کارێکى وا دەکەن خەڵک بڕواى بە دامەزراوەکە لەق بێت.

.

کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کوردى روونکردەوە “ناکرێت لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستاندا کات بەوەوە بکوژرێت و پڕۆژەکانی دیکە پشتگوێ بخرێت، کە زۆر پڕۆژەی گرنگتر و باشتر هەیە بۆ خزمەتکردن بە خەڵک”.

.

گۆڕینى زاراوەکان لە دانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستان بەشێکى زۆر لە ڕۆشنبیر و نووسەر و چالاکوانانى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێناوەتە قسە و بە تەنزەوە “گاڵتە” بە دامەزراوەی پەرلەمان دەکەن.

.

توانا ئەمین، نوسەری کورد نوسویەتی :”ڕێواز خان چاکی مەکە با خراپ نەبێ، ئەوە کاری ئەکادیمیای زمانە. تکایە ئێوە کارێک بکەن خەڵک پاشەکەوتی موچەکەی وەربگرێتەوە، زمان پسپۆڕیی و کار و ئیشی ئێوە نییە”.

.

هاوکات تەڵعەت تاهیر، شاعیر و نوسەر ئاماژەی بەوەکردووە: “ئەوەندەتان حەز لێیە وەرن جێمان بگۆڕینەوە، ئەنگۆ وەرنە کۆلیژی زمان، ئەمەش دێینە پەڕڵەمان، هەڵبەت ئەگەر زیادەڕۆکاریم نەکردبێت”.

.

هاوکات بەشێوەیەکی تەنز ئامێز، چالاکوانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی هاوڕێ محەمەد نوسیویەتی: “داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین، وشەی پاشەکەوت بگۆڕێ بۆ فەوتاو”.

.

راوێژکارێکى یاسایى پەرلەمانى کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات گۆڕینى زاراوەکان بەشێکە لە ئەرکى پەرلەمانى کوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان و جەختدەکاتەوە “بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان دەتوانێت ئەو پڕۆژە یاسایانەی دەریدەکات بەگوێرەی زمانەوانی خۆی دایبڕێژێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکات”.

 

.

لاوەند جەلال، راوێژکارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى وت “هەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆن و میدیا ئەو بابەتەیان بەلاڕیدا بردووە و و خەڵکیان بەهەڵە تێگەیاندووە، چونکە ئەوە گۆڕینی دەستەواژەیە لەو پڕۆژە یاسایەدا، نەک بەگشتی، هەروەها گۆڕانکاری دیکەشی تێدا کراوە، بەڵام میدیاکان تەنها ئەوەیان زەق کردووەتەوە”.

.

 

ئاماژەى بەوە کرد، ڕاستە پەرلەمانیش هەڵەی هەیە، بەڵام هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ناشرینکردنی پەرلەمانی کوردستان، وەک ئەوەی تەنها پەرلەمان هەڵەی هەبێت و دامەزراوەکانی دیکە زۆر بێ کەموکوڕی بن.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل