fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ناس کورد ناوەڕۆکەکەى ئاشكرا ده‌كات

گۆڕان “یاداشتێکى ناڕەزایی” دەداتە پارتى

14:33 سێ شه‌ممه‌ 28 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

بڕیارە بەمنزیکانە لەبارەى پرسەکانى پەیوەست بە حکومەت و چاکسازیی و کارنەکردن بۆ دەستبەکاربوونى جێگرى سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى چاکسازیی، بزوتنەوەى گۆڕان یاداشتێکى ناڕەزایی ڕادەستى پارتى بکات.

.

بزوتنەوەى گۆڕان دواى بەشداریکردنى لەحکومەت ماوەى شەش مانگى دیاریکرد بۆ ڕاگەیاندنى هەڵویستى خۆى لەبارەى کابینەکەوە، لە ئێستاشدا کە ئەو وادەیە تیپەڕیوە سەرقاڵى گەڵاڵەکردنى هەڵوێستیەتى لەو بارەیەوە.

.

لەو چوارچێوەیەدا جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان 18ى ئەم مانگە کۆبووەوە و هەڵسەنگاندنى کرد بۆ بەشداریکردنى گۆڕان لە حکومەت، بڕیارە بەمنزیکانەش بۆ هەمان مەبەست جارێكی تر کۆبێتەوە.

.

چالاک موهەندیس، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بە ناس کوردى ڕاگەیاند “لەکۆبوونەوەى داهاتووى جڤاتى نیشتیمانى هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى شەش مانگى حکومەت دەکەین، قسەیەکمان دەبێت لەگەڵ پێکهێنەرى سەرەکى حکومەت کە پارتییە و یاداشتێکیش دەدەینە ئەو حزبە”.

.

وتیشى “ئێمە بەنیاز و ئامانجى چاکسازیکردن چوینە حکومەت، بۆ ئەوە نەچووین ببینە شەریکە دز، یان ئێمە بکەنە داردەست و ئابڕومان ببەن لەناو خەڵک و بڵێن گۆڕانیشمان لەگەڵە، بۆیە ئێمە هەڵوێستى خۆمان دەبێت لە ئێستادا و لەشەش مانگى داهاتووشدا هەڵوێستى ڕوونمان دەبێت”.

.

پارتى و گۆڕان لە شوباتى ساڵى ڕابردوودا ڕێککەوتنێکیان لەبارەى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت و پشکەکانى گۆڕانەوە واژۆکرد، بەشێک لە بەرپرسانى گۆڕان ڕەخنەى ئەوە دەگرن کە ڕێککەوتنەکە وەکخۆى جێبەجێنەکراوە.

.

یەکێک لەو خاڵانەى کە هێشتا جیبەجێنەکراوە پەیوەندیدارە بە دانانى جێگرێک لە پشکى گۆڕان بۆ سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى چاکسازیى، لەکاتێکدا مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت چوار جێگرى لەپشکى پارتى بۆخۆى داناوە کە دوانیان پێشتر پۆستى باڵایان هەبوو لەناو گۆڕاندا.

.

چالاک موهەندیس وتى “ئێمە نیگەرانین لەوەى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت کەسانێک دادەنێن کە بۆ ئێمە وروژێنەرە، لەناویاندا محەمەد حاجى یان ڕێباز حەملان کە هەڵگەڕاونەتەوە و چوونەتە بەرەى ئەو کەسانەى ئەم وڵاتەیان بەم نەهامەتییە گەیاندووە، ئەوە بۆ ئێمە پرسیارێکى سیاسییە و لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتى تاوتوێی دەکەین”.

.

لەبارەى ئەوەى جەلال جەوهەر وەک کاندیدى ئەوان بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى چاکسازیی یەکلاکراوەتەوە یاخود نا، چالاک موهەندیس ڕایگەیاند کە هێشتا هیچ ناوێک یەکلانەکراوەتەوە.

.

بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى و یەکێتى کە پێکهێنەرى سەرەکى حکومەتن، تا ئێستا وەکو هاوپەیمان لە حکومەت و پەرلەمان کاردەکەن، دوایین کاریشیان تیپەڕاندنى پڕۆژەى چاکسازیى بوو.

.

بەدرێژایی شەش مانگى ڕابردوو چەند جارێک ناکۆکى کەوتووەتە نێوان ئەو سێ حزبەوە لەسەر ڕێککەوتنەکانى نێوانیان، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستى هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنەکان.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل