fbpx
Shadow Shadow

"خەرجییەکانی زیاترە لەو پارانەی دەیگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت"

گۆڕان “هەوڵدەدات” دەستەی دەستپاکیی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە

15:07 هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، هەوڵدەدات دەستەی دەستپاکیی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، ئەو دەستەیە جگە لە “بارگرانی بۆسەر حکومەت هیچ سودێکی دیکەی نەبووە و هێندەی خەرجییەکانی خۆی نەیتوانیوە پارەی بەهەدەردراو و دزراو بگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت”.

,

بە وتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمیش، ئەوان مانگانە 250 ملیۆن دینار بۆ مووچە وەردەگرن، کە ساڵانە دەکاتە سێ ملیار دینار، جگە لەهەندێک خەرجی دیکەی دەستەکە، بەگوێری ڕاپۆرتێکی دەستەکەش ساڵی ڕابردوو توانیویانە زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێننەوە.

,

دابان محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “چەند بەدواداچونێکمان کردووە و بۆمان دەرکەوتوە کە دەستەی دەستپاکیی هەرێم خه‌رجییه‌كانى مانگانه‌ى زیاتره‌ له‌و پارانه‌ى توانیویه‌تى بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت، کە مانگانه‌ سه‌دان ملیۆن دینار خه‌رجییه‌تى”.

,

پەرلەمانتارەکەى گۆڕان وتیشی: “ئەو دەستەیە زۆر لاوازە و تەنانەت تواناى ئاشكراكردنى ناوى ئەو  گه‌نده‌ڵكارانەى کە سزاش دراون نییه‌، بۆ په‌رله‌مانتارانیش، نه‌ك بۆ ڕایگشتى”.

,

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەوانە دەستەکە به‌راورد و به‌دواداچونى نه‌بوه‌ بۆ ئه‌و فۆرمانه‌ى كه‌ په‌رله‌مانتارانى خولى چواره‌م و پێنجه‌مى په‌رله‌مان پڕیانكردووه‌ته‌وه‌، هەروەها وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى هه‌شته‌م و نۆیه‌م، له‌كاتێكدا سه‌دان هه‌زار فۆرمى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانى ئاساییدا بڵاوکردەوە.

,

دابان محەمەد جەختیشیکردەوە، لە فراکسیۆنەکەیان هەوڵی جدی دەدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستەیە و چالاککردنی دیوانی چاودێری دارایی، چونکە بەڕاى ئەوان “ئەو دەستەیە تەنها بارگرانی بۆ سەر خەرجییەکانی حکومەت دروست کردووە”.

 

گۆڕان "هەوڵدەدات" دەستەی دەستپاکیی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە

,

لە بەرامبەردا سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ڕەتیدەکاتەوە ئەوان خەرجییەکانیان هێندە زۆر بێت و ئەوەشی ئاشکراکرد لەمساڵدا، تەنها لە کەیسێکدا، شەش ملیار دینارییان بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاندووەتەوە.

,

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “مووچەی فەرمانبەرانی دەستەی دەستپاکی، مانگانە تەنها 250 ملیۆن دینارە و برێکی زۆر نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەستەکەی ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ و پاسپۆرت و هەندێک بەڕێوەبەرایەتی دیکە نییە، مانگانە داهات بۆ خەزێنەی حکومەت پەیدا بکات”.

,

سەرۆکى دەستەى دەستپاکى وتیشی: “لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەهۆی بەدواداچونەکانمانەوە ساڵانە چەندین ملیار بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێنینەوە و لەمساڵدا لە یەک کەیسدا شەش ملیار دینارمان بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاندووەتەوە”.

,

دەربارەی ئەو ڕەخنانەی ڕوبەڕویان دەکرێنەوە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکرد، زۆر جار ڕەخنەیان لێگیراوە، بەڵام ئەوان ناوەندێکی فەرمیی حکومین نایانەوێت هەموو کات وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدەنەوە و ساڵانە ڕاپۆرتەکانیان گەواهیدەری کارەکانیانە.

,

جێی ئاماژەیە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی دەستەکە، واتە ساڵی 2018، بەهای گەندەڵیی خەمڵێندراو، زیاتر لە 275 ملیار دینار بوە و لەو بڕەش، تەنها 17 ملیۆن و 45 هەزار دەستی بەسەردا گیراوە و پێنج ملیار و 381 ملیۆن گەڕێندراوەتەوە بۆ حکومەت لەلایەن ئەو دەستەیەوە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل