fbpx
Shadow Shadow

گۆڕان داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى لوتکە دەکات

19:12 دوو شه‌ممه‌ 27 ئایار 2019
article image

ناس کورد-

بزووتنەوەى گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکات کۆبوونەوەیەکى لووتکە ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنى دۆخى کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان.

.

لەراگەیەندراوەکەى بزووتنەوەى گۆڕان کە وێنەیەکى دەست (ناس کورد) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە ” داوا لە هەمو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەین، بەیەكەوە كۆبونەوەیەكی لوتكەیی سازبكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان”.

.

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا، گۆڕان روونیدەکاتەوە کە بەهۆی نەبوونی وتاری یەكگرتووی هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان هەلی تەواوی رەخساند بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، دەست بەسەر تەواوی ناوچە جێناكۆكەكاندا بگرێت، تاكلایەنە و بەپێچەوانەی دەستوری عێراق حكومرانی ئەو ناوچانە بكات و بەهۆیەوە جارێكیتر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا كەوتنەوە بەر شاڵاوی داگیركردن و پاكتاوكردن و تەعریبكردن.

.

دەقى راگەیەندراوەکە:

.

بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بە دۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و مەترسییەكانی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەكەدا.

.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست…

.

خەڵكی كوردستان و بەشێكی گەلانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیاش ئەو راستییە دەزانن، كە میللەتی كورد و بەشێك لە گەلانی ناوچەكە، بەسەدان ساڵە پاكتاو دەكرێن و خاكەكەشیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی رەگەزپەرستەوە داگیر دەكرێت، لەم روەوە كەركوك و خانەقین و شەنگال و دوز و مەخمور و زوممار و دانیشتوانی ئەم ناوچانە هەمیشە ئامانجی یەكەمی داگیركەران بون.

.

روخانی قەڵای رەگەزپەرەستی و نەتەوە پەرستی بەعس لە عێراق، لە ساڵی 2003، ئومێد بەخش بو، بۆ گەلانی زوڵم لێكراوی عێراق و بۆ گەڕاندنەوەی خاك و مافی گەلانی كورد و توركمان و كلد و ئاشور و پێكهاتەی شیعە لە خواروی عێراق، لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا.

.

بەڵام، ئەوە زیاتر لە (15) پانزە ساڵە حكومەتی فیدراڵی عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی ماددەی ( 140 )ی دەستوری عێراق دەدزێتەوە، بەهۆی بیری نەتەوە پەرستی و مەزهەب پەرستی دەسەڵاتدارانی حكومەتی فیدراڵی لە عێراق و بەفشار و هاوكاری و پشتگیری دەوڵەتانی ناوچەكە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە نەبونی گوتاری یەكگرتو و یەكهەڵوێستی سیاسیی كورد لە بەغداد و ناوچە جێناكۆكەكان و دروستنەبونی هەرێمێكی یەكگرتو و حكومەتێكی نیشتمانی و هێزێكی نیشتیمانی و ئابورییەكی نیشتمانی لە كوردستان و سەرقاڵبونی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، هۆكارێكی تری سەرەكی بون، بۆ بێمنەتی بەغداد و خۆدزینەوەیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140) و مافە دەستورییەكانی تری خەڵكی كوردستان.

.

سەرەنجام بەهۆی نەبونی وتاری یەكگرتوی هێز و لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و هەڵوێستی سیاسی جیاواز و ناواقیعانەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەڵوێستی جیاوازیان لە كاروباری ئەمنی و سەربازی و هتد.. هەلی تەواوی رەخساند بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، دەست بەسەر تەواوی ناوچە جێناكۆكەكاندا بگرێت، تاكلایەنە و بەپێچەوانەی دەستوری عێراق حكومرانی ئەو ناوچانە بكات، بەم جۆرە جارێكیتر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، لە سەردەمی عێراقی فیدراڵدا، كەوتنەوە بەر شاڵاوی داگیركردن و پاكتاوكردن و تەعریبكردن ، ئەمجارە لەسەر دەستی زوڵم لێكراوەكانی دوێنێ و دەسەڵاتدارەكانی ئەمرۆی عێراق.

.

هاونیشتمانیانی بەڕێز…

.

هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخە ناهەموارەدا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمرۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت، هەڕەشە و مەترسی ئەوەی لەسەرە، ببن بە مەیدانی جەنگێكی مەترسیدار و وێرانكەر، كە بێگومان لێكەوتەكانی زیانی ئابوری و سیاسی زۆرقورسیان دەبێت لەسەر ئەم ناوچەیە.

.

لەم روانگەیەوە و لە پەرۆشیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دۆخەكە و دوارۆژی وڵات و میللەتەكەمان، داوا لە هەمو هێز و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان دەكەین، بەیەكەوە كۆبونەوەیەكی لوتكەیی سازبكرێت بۆ دیراسەكردنی دۆخەكە و نەخشەدانان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و گەڕاندنەوەیان بۆسەر هەرێمی كوردستان.

.

بزوتنەوەی گۆڕان

27/5/2019

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل