fbpx
Shadow Shadow

کەی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکوک؟

19:53 دوو شه‌ممه‌ 21 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، یەكێكە لەخاڵە لەپێشینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەک لە دانوستانەکانى نێوان هەرێم و عێراق باسى لێوە کراوە، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغداد دەڵێت، عادل عەبدولمەهدی لاری نییە لە گەڕانەوەى پێشمەرگەر بۆ ئەو ناوچانە.

,

فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغداد تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو لیژنەیەی کە دروستکرابوو لە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان، بەردەوامە لە کارەکانی، نەتەوەیەکگرتووەکان و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دەکات، بۆ چەند جارێکیش لەگەڵ تورکمانەکان و عەرەبەکان کۆبوەتەوە تائێستاش بەردەوامە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی”.

,

ئەو بەرپرسەى هەرێم وتیشی: “ئەو لیژنەیە تاووتوێی هەموو کێشەکانی ناوچەکە دەکات لەڕوی ئەمنی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە، پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە بەشێکە لە گفتوگۆکان”.

,

بە وتەی فارس عیسا، ئەگەر پێکهاتەکانی کەرکوک لەناو خۆیان ڕێکبکەون لەسەر میکانزمێک بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکوک و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو شارە، ئەوا عادل عەبدولمەهدی پێی ڕاگەیاندوون “لاری نابێت”.

,

هاوکات ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کاروباری ناوچە دابڕاوەکان، پێیوایە ئاڵۆزی دۆخی سیاسی عێراق و مەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان، لەئێستادا چەقی کێشەکانی بردووەتە بەغداد و حکومەت هەمو تواناکانی چرکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

,

شوان داودی، ڕاوێژکاری سەرۆکى پەرلەمانی عێراق بۆ کاروباری ناوچە دابڕاوەکان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لە ئێستادا بەغداد هەموو تواناکانی چڕکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی خۆپیشاندانەکان، لەو بڕوایەدا نیم ئێستا بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان  و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و عێراق لەچوارچێوەی گرنگیدانی حکومەتی عێراقدا بێت لەم قۆناغەدا”.

,

داودى ئاماژەى بەوەشکرد: “ئێستا سیستمی سیاسی عێراق لە مەترسیدایە، خۆپیشاندانەکانیش سیستمی سیاسی عێراقییان کردووەتە ئامانج، نەک حکومەت و کەسەکانی ناو حکومەت”.

,

ڕاوێژکاری سەرۆکى پەرلەمانی عێراق، بۆ کاروباری ناوچە دابڕاوەکان، ئەوەشی ئاشکراکرد: “جاران کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتەکانی عێراقدا بو، بەڵام لەئێستادا ئەو کێشانە شۆڕبووەنەتەوە بۆ ناو شەقامی عێراقی بووەتە بەشێک لە دروشمەکانی خۆپیشاندرەان، لە ئێستادا  کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بچوککردنەوەی کورد، بەشێکە لە ئامانجی خۆپیشاندانەکان”.

,

“هەرەسهێنانی سیستمی سیاسی ئێستای عێراق بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نییە” شوان داوودی، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وای وت.

,

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، لە 3ی تەموزی 2019، بڕیاریدا لەسەر مانەوەی كاریگەری ماددەی 140ی دەستوری عیراقی، كە لە ساڵی 2007وە كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ڕاگیرا، بەپێی ماددەی 140ی دەستوری عێراقی، دەبو ئایندەی شاری كەركوك و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بە سێ‌ قۆناغ دیاری بكرێن، یەكەم قۆناغی ئاسایی كردنەوەی ڕەوشەكە و پاشان سەرژمێری و دواتر ڕاپرسییە بۆ یەكلاكردنەوەی، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان، جێبەجێكردنی ماددەكە پەكی كەوتوە.

,

لاى خۆشییەوە، ئەندامێکی تورکمانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، جەختلەوە دەکاتەوە، دانوستان و کۆبوونەوە لەنێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکوک ساردبوونەوەیەکی پێوە دیارە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ سەڕقاڵبوونی لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتودا ئەنجامبدرێت.

,

ڕەعد روشدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “چارەسەری کێشەکانی شاری کەرکوک دەبێت بە ئەنجومەنی پارێزگادا تێبپەڕێت، بەڵام ئەوە ماوەیەکی زۆرە ئەو ئەنجومەن لەکارکەوتوە ئەوەش کاریگەری خراپی هەبوە لەسەر ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری شارەکە”.

,

ئەو ئەندامە تورکمانەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک وتیشی: “گوێمان لێ نەبوە و لە هیچ کۆبوونەوەیەکیشدا باس نەکراوە کە سەرۆکوەزیران لاری نییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکوک بە مەرجی ڕازیبوونی تورکمان و عەرەبەکانی شارەکە”.

,

جەختی لەوەشکردەوە، کە لایەنەکانی کەرکوک هەموو جۆرە دانوستانێکیان سەبارەت بە کێشەکانی شارەکە لە ئێستادا دواخستوە بۆ پاش هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی 2020، بەو پێیەی کە ئەو کات هەموو پێکهاتەیەک قەبارەی خۆی ڕون دەبێتە کە چەندە و لەسەر بنەمای ئەو میکانیزمە داواکارییەکانیان دیاری دەکرێت.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل