fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ئامادەکارییەکانی عێراق لە چ ئاستێکدان؟

کەواتە بەڕاستی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوبووەتەوە؟.. “ئەنجامی پشکنینەکە نێگەتیڤ بووە”

10:23 یه‌ك شه‌ممه‌ 23 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

هەواڵی دەرکەوتنی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و ڕاگەیاندنی چەند حاڵەتێکی گیانلەدەستدان، خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانی تۆقاند، بەڵام ئەوەى زیاتر دۆخەکەى شڵەژاند، هەواڵی چەند ماڵپەڕێکی تورکی و ئێرانی بوون کە گوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوبووەتەوە و یەک حاڵەت لە پارێزگای زیقار تۆمار کراوە.. بەڵام وەزارەتی تەندروستیی عێراق جەخت دەکاتەوە کە “هیچ حاڵەتێکی تووشبوو بە نەخۆشی کۆرۆنا لە عێراقدا تۆمارنەکراوە”.

.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی ڕایگەیاند: “پڕوپاگەندەکان دەربارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە عێراقدا زۆربوون  و لە سنور دەرچووە کە بتوانرێت وەڵام بدرێتەوە”.

.

بەڵام سەیف خەڵکی دڵنیا کردەوە کە “تائێستا هیچ حاڵەتێک لە عێراق تۆمارنەکراوە، تیمەکانی وەزارەتیش شەو و ڕۆژیان خستووەتەسەر یەک بۆ ئەوەی چاودێری دۆخەکە بکەن”.

.

وەزارەت حاڵەتەکان دەشارێتەوە؟

دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی دەکرێت کە گوایە حاڵەتەکە لە عێراق بوونی هەیە و وەزارەتی تەندروستیش ڕاستییەکان دەشارێتەوە.

.

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی وتی: “لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە ڕاستییەکان بشارێتەوە، چونکە ئەو نەخۆشییە پەتایەکی ترسناکە بۆیە دەبێت لە بوونی هەر حاڵەتێک حکومەت خەڵک ئاگاداربکاتەوە”.

.

دوێنێ بەشی ئینگلیزی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی هەواڵی تۆمارکردنی حاڵەتێکی تووشبووی بە نەخۆشییەکە لەعێراق بڵاوکردەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک هەواڵەکەیان سڕییەوە، هەر دوای ئەوەش لە بەشی عەرەبی و کوردی (سۆرانی) ئاژانسەکە هەواڵی “بوونی گومانلێکراوێکیان بە نەخۆشییەکە” بڵاوکردەوە کە گوایە خوێندکارێکی عێراقییە و لە ئێران دەخوێنێت و خەڵکی پارێزگای زیقارە لە باشوری عێراق.

.

کەواتە حاڵەتەکەى زیقار چی بوو؟

حاڵەتەکەى زیقار، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تەندروستی، تەنها بوونی گومانلێکراوێک بووە کە خوێندکار بووە لە ئێران، بەڵام ئەویش سەلامەت بووە.

.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی شوباتی 2020، عەبدولحسێن جابری، بەڕێوەبەری تەندروستی زیقار بە ناس کوردی وت، “ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی بۆ خوێنی ئەو خوێندکارە پاکە و هیچ کێشەیەکی نییە و توشی کۆرۆنا نەبووە.”

.

وتیشی، “تائێستا هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە پارێزگای زیقار تۆمارنەکراوە، هاوکات پشکنین بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەکرێت کە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە عێراق تاوەکو دڵنیا ببینەوە لە سەلامەتییان، لە ئەگەری بوونی گومان لە کەسێک، ئەوە دەخرێتە جیاکەرەوەى تەندروستی و نمونەى خوێنی دەنێردرێت بۆ تاقیگە تایبەتمەندەکان لە بەغدا.”

.

ئامادەکارییەکانی عێراق لە چ ئاستێکدان؟

لەو بارەیەوە، ئەدەهەم ئیسماعیل، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق هۆشداری دا لەوەى بەرپرسانی عێراق بە شێوەیەکی باش ئامادەکارییان نەکردووە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە، بەڵام ئاشکرایکرد کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کەلوپەلی تاقیگەیی و تەندروستی پێویستی داوە بە عێراق.

.

ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکردووە، دەرکەوتنی نەوخۆشییەکە لە ئێران ئەوانی توشی شۆککردووە، بۆیە بە خێرایی بڕیاری داخستنی سنورەکانی نێوان عێراق و ئێرانیان داوە کە سەرجەمیان  پێکهاتوون 21 دەروازەی سنوریی”.

.

 نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و ئێران بەردەوامە بۆ ڕێگریکردن لە  بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە عێراق، ئەوەش لەڕێگەی ڕاگرتنی هاتنەناوەوەی گەشتیارانی ئێران بۆ ناو خاکی عێراق بۆ ماوەیەکی نادیار”.  

.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە “خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی لە ئاستی پێویستدا نییە بەهۆی ئەوەى سیستمی تەندروستی بەهۆی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانەوە داڕوخاوە، بەڵام هەر بەردەوامین لە بنیادنانی کەرتەکە”.

.

ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکردوو، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ژمارەیەک ئامێر و تاقیگەی تایبەتی بە دیاریکردنی نەخۆشییەکە داوەتە عێراق”.

.

 وتیشی کە “بەرزبوونەوەی  بەرەبەرەی پلەکانی گەرما لە عێراق ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە”. 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل