Shadow Shadow

کێ هێرشەکەى کوڵەجۆى ئەنجامدا؟ داعش یان حەشدى شەعبى؟ [تایبەت]

20:15 شه‌ممه‌ 03 ئاب 2019
article image

 

ناس کورد-

پارتی و یەکێتی لەسەر هێرشە تیرۆرستییەکانی سنوری ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆچوونی جیاوازییان هەیە، بەجۆرێک پارتی پێیوایە حەشدی شەعبی بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەو ناوچانە بە پیلان ئەو کارانە دەکات، یەکێتیش ڕەتیدەکاتەوە حەشدی شەعبی کاری لەو شێوەیە بکات و بەکارى داعشى دەزانێت.

.

 

ئەکبەر حەیدەر، جێگری بەرپرسی لقی 15ی پارتی لە خانەقین بە ناس کوردی راگەیاند:”ئەو جموجوڵە سەربازییە هێرشکاریانەی لەناوچەکانی خانەقین و گەرمیان و کەرکوک دروستبونەتەوە سەرجەمیان بەناوی داعشەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵێک کەسن کە لە ئێستادا بۆ دژایەتیکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان خۆیان کردووە بە داعش”.

.

بەوتەى بەرپرسەکەی پارتی، ئەو کەسانەی ئێستا بەناوی داعشەوە خۆیان رێکخستوەتەوە و هێرشدەکەنە سەر پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە عێراقییەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی دەڕفێنن و بەئامانجى دەگەیەنن بە تەواوەتی مەترسییان لەسەر ناوچەکە دروستکردوە، خۆیان خەڵکی ئەو ناچانەن و بەڕۆژ ئەندامی هێزەکانی حەشدی عەشایەری سەر بە حکومەتی عێراقن و بە شەویش دەبنەوە ئەندامی داعش و هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن.

.

هەرچى بەرپرسانى یەکێتیە لە سنورەکە لەگەڵ ئەوەى رەتیدەکەنەوە ئەو هێرشانە لەلایەن حەشدى شەعبییەوە ئەنجامدرابێتن جەختیش لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەو جۆرە کردەوانە کارى شانە نوستووەکانى داعشن کە لەو ناوچەیەدا روو لە دەرکەوتنن و بە مەترسییەکى جددى لێکدەدەنەوە بۆ سنورەکە.

 

.

خەلیل خوداد، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە جەلەولا، بۆ ناس کوردى روونکردەوە، ئەو هێرشانەی دەکرێن تەنها بۆ سەر هێزە کوردییەکان نییە و چەندین جار هێرشکراوەتە سەر حەشدی شەعبیش، هەر دوێنێ بە چەکی قەناس چەکدارێکی حەشد بریندار کرا، ئەگەر پیلانی خۆیان بێت، تەقە لەخۆیان ناکەن.

.

ئاماژەى بەوەش کرد، حەشد خۆیان بۆ ناپارێزرێت، ئێستا هیچ ناکەن پیلان دەگێڕن، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئەوە ڕاست نییە و تەنها داعش بەرپرسە لەو هێرشانە.

.

هەرچەندە یەکێتی و پارتی بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر هێرشەکان، بەڵام هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکن کە تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە ئارام نابێتەوە و بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت.

.

ئەکبەر حەیدەری جەخت دەکاتەوە، ئەگەربێتو لەماوەیەکی نزیکدا هێزەکانی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە ناوچەکە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق پارێزگاری لەناوچەکە نەکەن، ئەوا مەترسییەکان زیاتر دەبن و ڕەوشەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و سوپای عێراق بەتەنها بەهیچ جۆرێک کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی پێ ناکرێت، چونکە ناوێرێت لەجادەی قیر لابدات و ناشوێرێت ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات چونکە ناوچەکە شارەزا نین.

.

هاوکات خەلیل خوداد، جەختیکردەوە، حەشدی شەعبی ژمارەیان کەمە لەو ناوچانە و لەگەڵ سوپای عێراقدا، ئەو ناوچانە شارەزانین، بەڵام پێشمەرگە ناوچەکە شارەزایە و ئەگەر بگەڕێنەوە، هاوڵاتیانی ناوچەکەش هاوکارییان دەبن و زانیارییان پێدەدەن، هەربۆیە هەتا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نابنەوە.

.

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد جگە لە هێرشکردنە سەر بنکەکەی هێزەکانی ئاسایش لە کوڵەجۆ کە شەهید بونی 4 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر و برینداربونی 8ی دیکەی لێکەوتەوە، له ‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو هێزانە چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌یان له گوڵاڵە و گوندی شه‌فیق ئەنجام داوه‌ و به‌ ‌قه‌ناس خه‌ڵكیان کردووەتە ئامانج و دواتریش هەڵهاتوون.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل