fbpx
Shadow Shadow

لەسەر تەرخانکردنى پارە بۆ فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی

کێشە لەنێوان وەزارەتى ڕۆشنبیرى و کۆمپانیایەک دروستدەبێت

11:37 دوو شه‌ممه‌ 30 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد-  شەهرام عەزیز

 

وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى لە ئەنجومەنى وەزیران کردووە، پارە بۆ کۆمپانیاى مەستى فیلم تەرخان نەکات کە بڕیارە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەڕێوەببات، بەو پێیەى “تۆمەتبارە بە گەندەڵى”، کۆمپانیاکەش داوادەکات هەرکەس بەڵگەى هەیە بیداتە دادگا.

.

بڕیارە سبەینێ سێشەممە یەکى تشرینى یەکەمى 2019، چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لە تەلاری هونەر دەستپێبکات، بەڵام مشتومڕ لەسەر بودجەى فێستیڤاڵەکە دروستبووە.

.

وەزارەتی ڕۆشنبیری نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و داوا دەکات هەر بڕە پارەیەک کە بۆ کۆمپانیاى مەستی فیلم خەرج کراوە،  لێی وەربگیرێتەوە.

.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بە ناس کوردی ڕاگەیاند “دوای ئەوەی پارێزگاری سلێمانی داوای جەرخکردنی پارەی کرد بۆ ئەو فێستیڤاڵە، هەفتەیەک بەر لە ئێستا دوو نوسراومان نارد بۆ ئەنجومەنی وەزیران، لە بارەی ئەوەی کە کۆمپانیای مەستی فیلم تۆمەتبارن بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی، کەچی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بۆ ئەمساڵیش دراوە بەو کۆمپانیایە و پارەیان بۆ خەرجکراوە”.

.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکە زیاتر لەوەدایە بە هەموو شێوەیەک کاتێک بڕێک پارە خەرج دەکرێت بۆ کارێک، بە قیست پارەکە خەرج دەکرێت، بەڵام ئەوان چوون لە وەزارەتی داراییەوە سەرجەم پارەکەیان بەسەر یەکەوە وەرگرتووە، کە ئەوەش “نایاساییە” و پێویستە بە زووترین کات بیگێڕنەوە.

.

ساڵى ڕابردوو ئەنجومەنى وەزیران زیاتر لە 438 ملیۆن دینارى بۆ سێیەمین خولى ڤێستیڤاڵەکە تەرخانکرد، کە لەلاین کۆمپانیاى مەستى فیلمەوە بەڕێوەبرا، بۆ ئەمساڵیش بەوتەى بەرپرسانى کۆمپانیاکە بودجەکەى بەرارورد بە ساڵى ڕابردوو 25% کەمبووەتەوە.

.

ناس کورد پەیوەندیکرد بە شەهێن سابیر بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى کۆمپانیای مەستی فیلمەوە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەن و تەنها ئەوەندەى وت، هەرکەس بەڵگەی هەیە با بیداتە دادگا.

.

لەچەند ڕۆژى ڕابردووشدا فوئاد جەلال، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکە و به‌رپرسی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی‌ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاندبوو، سەرەڕاى کەمکردنەوەى بودجەى ڤێستیڤاڵەکە، به‌ به‌رنامه‌داڕشتنێکی ورد و بنه‌ڕه‌تی، فیستیڤاڵێکی جیاوازتر به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

.

بڕیارە لە ڤێستیڤاڵەکەدا 150 فیلم کە لە 50 وڵاتی جیاجیا بەرهەمهێنراون نمایش بکرێن.

.

سپاردە جەمال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی، بە ناس کوردی ڕاگەیاند “ئەو کۆمپانیایە بە دەر لە دەسەڵاتەکانی ئێمە فێستیڤاڵەکەی وەرگرتووە، چونکە لە لایەن ئێمەوە داوای نەکردووە کە فێستیڤاڵەکەی پێبدرێت، بەڵکو لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە فەرمان دەرکراوە کە ڤێستیڤاڵەکە بدرێت بەوان، کە ئەوەش بەدەرە لە ڕێکارە یاساییەکان”.

.

وتیشی “قسەیەکی زۆر لەسەر ئەو کۆمپانیایە هەیە، چونکە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە خۆی فەرمانبەری وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، بەپێی یاساش نابێت کەسێک کە پۆستێکی حکومی هەیە، لە هەمان بواردا کۆمپانیایەک یاخود کارگەیەک یاخود هەر شتێکی هەبێت، چونکە ئەوە پێچەوانەی یاسایە”.

.

سپاردە جەمال جەختیشیکردەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، هەرخۆی فەرمانبەرە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لە هەمانکاتدا خۆی نێوەندێک بووە بۆ پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکەی و وەزارەتەکەی،  خۆشیان ئەو پارەیەیان دیاریکردووە کە بۆ فێستیڤاڵەکە پێویستیانە، کە لە هیچ شوێنێکی دنیادا شتی وا نابێت.

.

وتەبێژی ڕۆشنبیری سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا چاوەڕوانن فێستیڤاڵەکە تێکنەچێت و دوای کۆتایی هاتنی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەڕێی دادگاوە سەرجەم ڕێکارەکان دەگرنە و داواشدەکات ئەو پارەی وەریانگرتووە بیگێڕنەوە.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل