Shadow Shadow

"بە شۆفڵەوە هاتنە سەرمان و سیاجی کۆمپانیاکەمانیان کاول کرد و چەند دارێکیشیان شکاند"

کێشە لەنێوان دوو کۆمپانیاى شارى سلێمانى دروستبووە

21:04 دوو شه‌ممه‌ 15 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆمپانیایەکی پرۆژەی نیشتەجێبوون بە شۆفڵەوە دەچێتەسەر کۆمپانیایەکی دیکە و بەشێک لە پەرژین و دارودرەختی کۆمپانیاکە دەڕوخێنێت،  سەرۆکى شارەوانى سلێمانیش دەڵێت، ئەو کێشەیە ماوەیەکی زۆرە لەنێوان هەردوو کۆمپانیاکەدا هەیە.

.

بەهۆی بوونی کێشەی زەوییەوە لەنێوان هەردوو کۆمپانیای “ساوس کوردستان” کە پرۆژەی نیشتەجیبوونی شاری دایک بەڕێوەدەبات و کۆمپانیای فانۆس تلیکۆم بۆ خزمەتگوزاری پەیوەندی، “کۆمپانیای ساوس کوردستان بە شۆفڵەوە چووەتەسەر کۆمپانیاى فانۆس تلیکۆم”، پەرژینى ئاسنین و دارودرەختی چواردەوری کۆمپنیاکەى ڕوخاندووە.

.

لەوبارەیەوە کاروان مەحمود، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە کۆمپانیای فانۆس تلیکۆم بە ناس کوردى ڕایگەیاند: “کێشەیەکی ڕوبەری زەوی لەنێوان کۆمپانیاکەمان و کۆمپانیای ساوس کوردستان هەبووە، کێشەکەمان بردە شارەوانی تا یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئەوان بێ ئەوەی شارەوانی بڕیاری کۆتایی بدات، بەیانی ئەمڕۆ بە شۆفڵەوە هاتنە سەرمان و سیاجی کۆمپانیاکەمانیان کاول کرد و چەند دارێکیشیان شکاند”.

.

کاروان مەحمود وتیشی، بەهۆی ئەوەوە ڕێگای هاتووچۆی فەرمانبەرەکانیان پەکی کەوتووە، دەبێت لە مەودایەکی دوورەوە ئۆتۆمبێلەکانیان جێبهێڵن و بەپێ بچنە کۆمپانیاکە.

.

“ناکرێت، بە بەرچاوی شارەوانی و یاساوە کۆمپانیایەک بچێتە سەر شوێنێک و کاولی بکات، هەر بۆیە سکاڵامان لە پۆلیس تۆمارکردووە و چاوەڕوانی بڕیاری لایەنی پەیوەندیدارین”، کاروان مەحمود واى وت.

.

کێشە لەنێوان دوو کۆمپانیاى شارى سلێمانى دروستبووە

.

لە بەرامبەردا، شارەوانی سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە کێشەکە یەکلا نەبووبێتەوە و سەرۆکی شاروانی دەڵێت، هەردوو کۆمپانیاکە سنوری خۆیان دەزانن و پێویستبوو کۆمپانیای فانۆس پێشتر خۆیان ئەو سیاجەیان لابدایە.

.

توانا کەمال، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئەو کێشەیە ماوەیەکی زۆرە لەنێوان هەردوو کۆمپانیاکەدا هەیە و سنوری هەردوولاشیان یەکلابووەتەوە، بۆیە پێویستبوو پێشتر کۆمپانیای فانۆس خۆیان ئەو سیاج و شتانەی دەکەوتنە سنوری پڕۆژەی شاری دایک لایانببردایە و چارەسەریان بکردایە، چونکە پێشتر لە سنوری ڕوبەری زەوییەکەدا هەڵەیان کردووە و سنورییان بەزاندووە”.

.

سەرۆکى شارەوانى سلێمانى وتیشی، بەهۆی ئەو کێشەیەوە کارەکانی کۆمپانیای ساوس کوردستانیان ڕاگرتبوو، بەڵام ئەوانیش بە مافی خۆیانیان زانیوە کارەکانیان ئەنجامبدەن، بۆیە لەڕووی یاساییەوە کارێکی نایاساییان نەکردووە، وتیشی، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ شکاندنی هەر دارێک سزا دەدرێن و پێویستە لەجێگەیدا داری دیکە بچێننەوە، چونکە ئەوە جیاوازە لە وەرگرتنەوەی مافی خۆیان.

.

بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەردوو کۆمپانیاى ناوبراو بانگبکرێنە شارەوانی سلێمانى، بۆ ئەوەی کێشەکەیان بەتەواوی چارەسەر بکرێن.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل