fbpx
Shadow Shadow

"بەستەڵەکى نێوان پارتى و یەکێتى توایەوە"

کێشەی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی چارەسەرکرا  (تایبەت)

17:55 سێ شه‌ممه‌ 08 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- شەهرام عەزیز

 

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرایکرد، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی چارەسەرکراوە، بەرپرسێکى پارتیش بە پێویستى دەزانێت سەرۆکی حکومەت هاوشێوەی جێگرەکەی لە سنوری سلێمانی و گەرمیان دەسەڵاتی هەبێت.

.

دیارینەکردنی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لە کابینەی نوێدا، ناڕەزایی لای یەکێتی دروستکردبوو، تەنانەت باس لەئەگەرى کشانەوەی ئەو حزبە لە حکومەت دەکرا.

.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2019، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کێشەی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا چارەسەرکراوە و ئەو کێشەیە کۆتایی هاتووە لەنێوان هەردوولادا، کاک قوباد خۆشی بە شێوازى چارەسەرەکە ڕازی بووە”.

.

ڕونیشیکردەوە، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی خۆیان گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەوپێیەی ئەوان نوێنەری پارتی و یەکێتین، کەواتە پارتی و یەکێتیش بە چارەسەر و لێکتێگەیشتنەکە ڕازین.

.

بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، دوای چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، بڕیارە لەچەند رۆژى داهاتوودا هەردوولا کۆبنەوە.

.

فەرید ئەسەسەرد باسى لەوەکرد، کێشەی گەورەی نێوان پارتی و یەکێتی هاوپەیمانێتییەکەی کەرکوک بۆ هەڵبژاردن و دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی بوو، لەدوای ئەوەی ئەو دوو پرسە چارەسەرکراوە بەستەڵەکەکان تواونەتەوە و زۆر ئاساییە کۆبوونەوە لەنێوان هەردوولادا هەبێت، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشە بچوکەکانەوە.

.

هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناس کوردى ئاشکراکرد، لەم چەند ڕۆژەدا جموجوڵی نوێ لە حکومەت دروستدەبێت.

.

قوباد تاڵەبانى دوو کابینەى یەک لەدواى یەکە جێگرى سەرۆکى حکومەتە، بەڵام لەم کابینەیەدا بەرپرسانى یەکێتى بە ئاشکرا باسیان لەوەدەکرد کە لەلایەن مەسرور بارزانى یەوە دەسەڵاتى پێنەدراوە.

.

نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کوردى ڕاگەیاند “چۆن جێگری سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتەکانی دیاریکراوە و لە گەرمیان و دهۆک و ناوچەکانی دیکە دەسەڵاتی هەیە، بەوشێوەیەش پێویستە سەرۆکی حکومەتیش لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و سەرجەم ناوچەکان دەسەڵاتی هەبێت”.

.

هەفتەى ڕابردوو پرسی ناڕەزایی یەکێتى و قوباد تاڵەبانى زیاتربوون و گەیشتنە ئاستێک کە باس لە ئەگەرى دەستلەکارکێشانەوەى قوباد تاڵەبانى کرا لە پۆستى جێگرى سەرۆکى حکومەت، دواى ئەوەى لە تویتێکدا نوسی بووى “لە ھەرکوێیەک بم، لە حكومەتدا یان لە دەرەوەی، خزمەتکردنی ئێوە بەئەركی سەرشانی خۆم دەزانم.”

.

ئاماژەکەى قوباد تاڵەبانى دوای ڕۆژێک هات لە لێدوانەکەى بافڵ تاڵەبانى کە ڕایگەیاندبوو “هێشتا هیچ دەسەڵاتێک نەدراوە بە قوباد تاڵەبانى تاوەکو کەمبکرێتەوە.”

 

 

 

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل