Shadow Shadow

فەرەیدون كەركوكی نییە…!

14:33 یه‌ك شه‌ممه‌ 02 حوزه‌یران 2019
article image

ناس بیروڕا – ئەرسەلان بایز

 

*ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بە ڕێكەوتیش چاوم بە كاك (فەرەیدون) نەكەوتووە. كاندیدی منیش نەبووە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك. هیچ ڕۆژێكیش لەو بارەوە پرس و ڕام لەگەڵدا نەكراوە. لە ژیانی پێشمەرگایەتی و سیاسیشمدا هەرگیز لە بەرامبەر ڕكابەرەكانم كاك (فەرەیدون) پشتیوانی لێ‌ نەكردووم.

.
لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لە چەندین دانیشتنی نافەرمیدا باسی ئەو هەڤاڵە كراوە بۆ چەندین پۆست. بگرە هەندێ‌ جاریش بانگ كراوە بۆ ڕاوێژ و ڕاسپاردە و تەنانەت نووسینی ڕاگەیاندن و بەیاننامەكانیش. لەو چەندین مانگەی ڕابردووشدا باس و خواس و مقۆ مقۆیەكی زۆر لەسەر كاندیدی پارێزگاری كەركوك لە ئارادا بووە. جارجارەش لێرە و لەوێ‌ گوێبیست دەبوم كە یەكێ‌ لەو كاندیدانە كاك (فەرەیدون)ە. ئاگاداری ئەوەش نیم ئایا ئەو هەڤاڵە لە ناوهێنانی خۆی ئاگادارە، ڕازی بووە یان نا؟… بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو، ڕەتكردنەوەی بوو لەلایەن حیزبەكەم (ی.ن.ك)ەوە.

.
*(فەرەیدون عەبدولقادر) لە دایك و باوكێكی خەڵكی پارێزگای سلێمانییە. لە دایكبووی گەڕەكی ئیمام قاسمی شاری كەركوكە. دەرچووی یەكێ‌ لە كۆلێژەكانی زانكۆی (مستنصریە)ی شاری بەغدایە. یەكێك لە دامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان) ەو، ساڵەها ئەندامی ناوەندی كۆمەڵە و مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) و لێپرسراوی هەر هەموو ئەندامانی ئێستای سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) بووە. چەندین ساڵ ماڵی لە كەركوك بووە، لە حەفتاكاندا فەرمانبەری یەكێ‌ لە دائیرەكانی پارێزگای كەركوك بوو، لێپرسراوی كۆمیتەی ڕێكخستنی كۆمەڵەی ئەو شارە بوو. دەیان و بگرە سەدان كەسایەتی و بنەماڵەی پێكهاتەكان دەناسێ‌. ئەندامی دەیان شاندی گفتوگۆی (ی.ن.ك) بووە لەگەڵ حیزب و حكومەتەكان. زیندانییەكی خۆڕاگر و فەرماندەیەكی ئازا لە مەیدانەكانی شەڕ. ئەی نازانم بۆچی شایستەی پارێزگاری كەركوك و پۆستی زیاتریش نەبێت…؟! (لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ هەر هەموویان، لە دڵسۆزی و توانا و هیلاكییان كەم ناكەمەوە) ئایا كام لە كاندیدەكانی تری هەڤاڵە كەركوكییەكان بۆ ئەم قۆناغە و چارەسەركردنی كێشەكان لە (فەرەیدون) شایستە و ماندوو بە توانا ترن…؟ ئایا گوناهەكەی هەر ئەوە بوو خەڵكی كەركوك نییە..؟

.
* هەڤاڵێكی خەڵكی خانەقین بۆی هەیە دووجار و بۆ چەندین ساڵ لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستنی (ی.ن.ك) بێت لە سلێمانی. بۆچی هەڤاڵێكی خەڵكی شارەزوور، پێنجوێن، سلێمانی، یان هەولێری بۆی هەبێ‌ لێپرسراوی مەڵبەندەكانی دهۆك و موسڵ بێت. هەڤاڵێكی كۆیی بۆی هەبێت دووجار لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك بێت. چەندین هەڤاڵی خەڵكی كەركوك بۆیان هەبێت چەندین ساڵ لێپرسراوی مەڵبەندەكانی هەلێر و سۆران و ڕانیە بن… كەچی هەڤاڵانم لە كەركوك ڕازی نەبن سلێمانییەك ببێتە پارێزگاری كەركوك…؟!! ئەگەر بیانووەكە ئەوە بێت كە پێناسەی كەركوكی نییە. ئەوا هەق بوو چارەسەرەكەی بۆ (ی.ن.ك) و پارتی جێ‌ بهێڵین. یان ئەگەر هۆكارەكەی دابڕان بووبێت لە (ی.ن.ك)، ئەوا دەیان سەركردە و فەرماندە و كادیرانی (ی.ن.ك) مانگ و ساڵەها دابڕان و دواتر لە كاتی پێویستدا هاتوونەتەوە مەیدانەكە.

.
*ئەو ڕەتكردنەوەیە واتە درێژكردنەوەی حوكمڕانێتی عەرەبێكی شۆڤێنی وەكو (راكان جبوری) بە پارێزگاری كەركوك. بە واتایەكی تر بەردەوام بوون لە خوێن ڕۆیشتن لە جەستەی كەركوك. (هەروەكو ڕۆژی 30/5/2019) ڕوویدا. یان سووتاندنی ڕۆژانەی دەغڵ و دانی جوتیارەكان).
جا ئێمە وەكو كورد كە ماوەی ساڵ و نیوێكە ناتوانین لەسەر كاندیدێك بۆ پارێزگاری كەركوك ڕێكەوین. یان (ی.ن.ك) و پارتی دیموكراتی كوردستان نەتوانن ڕێگاچارەیەك بۆ ئەو مەرگەساتەی كەركوك بدۆزنەوە. ئەی بۆچی گلەیی لە حكومەتی عێراقی عەرەبی شۆڤێنی بكەین كە مادەی (140)ی دەستووری عێراق جێبەجێ ناكەن. كە دەیان هێندە كێشە و گرفتی هەیە…؟!!

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل