fbpx
Shadow Shadow

(کۆرۆنا)ی ئێران بۆ خەڵکی عێراق زیاتر دەترسێنێت؟

19:29 هه‌ینی 21 شوبات 2020
article image

بیروڕا – ئالان م. نوری

 

دڵەڕاوکێی خەڵک لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەگەڵ هەواڵی تووشبوونی چەند هاووڵاتییەکی ئێرانی و مردنی هەندێکیان، بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵچوو. سەرەڕای ئەوەی کە لە رووی زانستییەوە ئەم پەتا ترسناکە تا بێت زیاتر کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام زیاد بوونی دڵەڕاوکێی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ خودی سیستەمی سیاسیی باڵادەستی ئێران و فاکتەرە جیۆپۆلیتیکەکان کە ئێران بە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەبەستێت.

.

چین بە شێوەیەکی زۆر توند کۆنترۆڵی پەتاکەی کردووە. ئامارەکانی ئەوێ رووەو ترۆپک دەچن و لە مەودوا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی تووشبوان بەرەو کەم بوونەوەی رەها بچن.  بەڵام چین هێشتا سەرچاوەی سەرەکی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکەیە و کۆنتاکتی هاتووچۆی خەڵک و بازرگانی لەگەڵ چیندا سەرچاوەی بازدانی نەخۆشییەکەیە بۆ وڵاتانی دیکەی دونیا. تووشبوونی خەڵک لە ئێران مەسەلەیەکی چاوەڕوانکراو بوو چونکە بەپێی گۆڤاری Foreign Policy ی ئەمریکی، ئێران و چین رێککەوتنێکی ئابووریی دە ساڵەیان لە ساڵی 2016 ەوە ئیمزا کردووە کە بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیان بگەیەننە 60 ملیار دۆلاری ساڵانە. 

.

ئامارە فەرمییەکانی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی ئەوە ڕادەگەیەنن کە لە ساڵی 2017 دا چین 8.6٪ هەناردەی ئێرانی بۆ چووە و بەمەش گەورەترین تاکە وڵاتی هاوردەکەرە لە ئێرانەوە. بە پێی هەمان سەرچاوە، هاوردەی چین بۆ ئێرانیش لە هەمان ساڵدا 25.4٪ ی گشت هاوردەی ئێران بووە و لە پێش هەموو ئەو وڵاتانەوە بوەە کە ئێران شمەکیان لێوە هاوردە دەکات.

.

سەرەڕای دەستنەکەوتنی ئاماری فەرمیی ساڵانی دوای دەستپێکردنەوەی گەمارۆی ئابووریی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەڵام ئاشکرایە کە ئەو پەیوەندییە ئابوورییەی چین و ئێران گەشەی کردووە نەک پاشەکشە.

.

دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و مردنی دوو کەس لە شاری قوم کە دەردووکیان پیر بوون، شتێکی ئاساییە لە جیهانی پێکەوە گرێدراوی ئەمڕۆدا. پێشتریش هەر لەم ناوچەیە لە وڵاتی ئیمارات بە رەسمی هەواڵی 9 کەیسی سەلمێندراوی ئەم نەخۆشییە بڵاوبۆوە. سەرەڕای پەیوەندی ئابووری و هاتووچۆی خەڵکێکی زۆری عێراق بۆ دەوڵەتی ئیمارات، بەڵام هەواڵەکەی ئێران جیاوەازە:

.

دەسەڵاتی سیاسیی ئێران، دوژمندارە و لەگەلێک لە وڵاتانی ناوچەکە شەڕی بە وەکالەت لەگەڵ ئەمریکا و سەعودییە و ئیسرائیل دەکات و لە1979 ەوە لە ژێر فشاری سیاسی و ئابووری و سەربازیی ئەوتۆیە کە بە شێوەیەکی نا ئاسایی لەگەڵ هەر هەواڵێکی شکست یان تەنانەت ناخۆشی وڵاتەکەیدا مامەڵە بکات، نەوەک دوژمنانی بۆ هاندانی خەڵک لە ئێران بابەتەکە بقۆزنەوە. واتە، دوور نییە لە سیستەمێکی وەک ئەوەی لە جمهوری ئیسلامی ئێران هەیە، هەواڵی پەتایەکی وەها لەلایەن دەوڵەتەوە وەک نهێنییەکی سەربازی لە جەنگێکی زانیاریی بەردەوامدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. واتە دوور نییە کە ژمارەی راستیی، بە تایبەتی تووشبووان، نەک کۆچکردوان، بشاردرێتەوە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە. راگەیاندنی هەواڵی راستەقینەی ژمارەی تووشبووان گرنگە بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا نەخۆشیەکە کۆنترۆڵ کراوە یان چۆتە حاڵەتی تەشەنەکردنەوە.  بۆ ئەوەی فاکتەری چانسی شاردنەوەی هەواڵ رەچاو بکەین، دەتوانین ئامارە جیهانییەکان بکەین بە مۆدێل و بڵێین گەر لە جیهاندا بۆ هەر کەسێک کە بە نەخۆشییەکە مردبێت 35 کەس هەیە کە تووشبوون ، کەواتە لانی زۆر، لەم ئاستە سەرەتاییەی ئێستادا، تووشبوانی ئەم پەتایە لە ئێران نزیکەی ٧٠ کەسێک دەبن. سەرەڕای بەرزیی ئەم ژمارەیە، بەڵام لە چاو رێژەی تووشبوان بۆ دانیشتوانی چین، چەند سەد قاتێک باشترە.

.

هۆیەکی دیکەی دڵەڕاوکێ ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە دەسەڵاتدارانی سیستەمی سیاسیی ئێران مامەڵە لەگەڵ پەتا و تووشبوون بە پەتا لە چوارچێوەی خورافات و ئینتیقامی ئیلاهی و جەنگی نێوان هێزە غەیبییەکانی خێر و شەڕ تەماشای ئەو مەسەلەیە دەکەن. هەواڵەکان وا دەگەیەنن کە لە شاری قوم (کە بۆ خۆی شارێکی ئایینیی بێهاوتایە لە ئێران) لەگەڵ بیستنی هەواڵی پەتاکە، دەستکراوە بە گێڕانی بوخورد بەناو شاردا وەک ئامرازێکی “چەنگ؟” لە دژی. 

.

بێگومان خەڵکی ئێران و دەزگا پزیشکییەکانی زۆر لەوە پێشکەوتووترن کە تەسلیم بەم جۆرە خورافاتە ببن و ئەوەی لە دەزگا پزیشکییە فەرمییەکانی ئێران چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە کە بەهاوکاری و لە ژێر رێنمایی دەسەڵاتە پزیشکییەکانی جیهان ئەم هەڵمەتی کۆنترۆڵی کۆرۆنایە بەڕێوە ببەن.

.

خاڵی دڵەڕاوکێی لەوە سەرەکیتر پەیوەندییە نائاساییەکانی ئێرانە بە عێراقەوە. سنوورەکانی عێراق، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و خوارووی وڵاتدا لە ئاستی گەشتیاری ئێرانی بەشێوەیەکی نا سروشتی واڵایە و لەبەر بوونی مەرقەدە هەرە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراقدا رۆژانە بە لێشاو خەڵکی ئێران خۆیان دەکەن بە عێراقدا بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی سنوور لێپرسینەوەو پشکنینیان بۆ بکات. هەروەها رۆژانە بە سەدان باڵادەستی ئاینی و سیاسیی  عێراق هاتوچۆی ئێران و بە تایبەتی قوم دەکەن کە سەنتەری پەتاکەی ئێرانە. ئەم باڵادەستە ئاینی و سیاسییانەش لە ژووری VIP ەوە و بە بێ هیچ جۆرە پشکنینێک بە فڕۆکەخانەکانی عێراقدا تێدەپەڕن. کەواتە، تا ئەم جۆرە پەیوەندییە نا ئاساییە مابێت، تەنها هیوای بەرگرتن بە پەتای کۆرۆنا لە هاتن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان رادەی تۆکمەیی دەسەڵاتە پزیشکییەکانی ئێران خۆیەتی، نەک عێراق. 

.

مایەی سەرنجە کە دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانی عێراق بەرمبەر بە کرێکار و بازرگانە چینییەکان زۆر بە توندی مامەڵە دەکەن و لە هەرێمی کوردستان تەنانەت هەر لە فڕۆکەخانەوە دەیاننێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. ئەمەش بێگومان زیان بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراق، پێش چین، دەگەیەنێت. بەپێی ئاماری ساڵی 2017ی رێکخراوی بازرگانیی جیهان ، هاوردەی عێراق لە چینەوە 28.3٪ بڕی هەموو هاوردەی عێراقی ئەو ساڵەیە و چینیش، بەم پێیە گەورەترین تاکە وڵاتی هەناردەکەرە بۆ عێراق. کەچی سەرەڕای ئەوە، ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ هاووڵاتیانی چین دەکەین، زۆر جیاوازە لە مامەڵەمان لەگەڵ هاووڵاتیانی ئێران.

.

ئەم گومانەی هاووڵاتیان هەیانە لە هەردوو دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەربارەی شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ چانسی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە ئێرانەوە پێویستی بە بەدواداچوون و فشارە بۆ ئەوەی حیساباتی سیاسەت و جیۆپۆلیتیکا نەبنە هۆی هەڵوێستی جیا بەپێی جۆری پاسپۆرتی ئەو خەڵکەی دێنە وڵاتەوە. ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێرانەوە  “رحماء بینهم” ی نێو موسوڵمانان نییە، ئەو نە فارسی قسە دەکات و نە چینیش دەزانێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل