fbpx
Shadow Shadow

سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق کۆدەبنەوە “تاوتوێی دیاریکردنى جێگرەوە بۆ عەبدولمەهدى دەکرێت”

15:28 چوار شه‌ممه‌ 30 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتی سەرۆک کۆمارى عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت بەڕێوە بچێت، بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی دیاریکردنى جێگرەوە بۆ عادل عەبدولمەهدى لەئەگەرى دەستلەکارکێشانەوەیدا.

.

لەگەڵ بەردەوامى خۆپیشاندانەکاندا، فشارەکانى سەر عەبدولمەهدى فروانتر بوون بۆ دەستلەکارکێشانەوەى، دواى ئەوەى هەردوو هاوپەیمانى سائیرون و فەتح کە پێشتر پشتیوانیان دەکرد، بڕیاریاندا هەماهەنگى یەکتربکەن بۆ دەستلەکارکێشانەوەى.

.

شێرکۆ میروەیس، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردی ڕاگەیاند “هۆکاری سەرەکی دەستلەکارنەکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی نابێت عادل عەبدولمەهدی دەستلەکاربکێشێتەوە بێ ئەوەی بەدیلی هەبێت”.

.

وتیشی “بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە عێراقی تێکەوتووە ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی سەرۆک کۆمار هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و لایەنە سیاسیەکانی عێراق لە کۆشکی سەلام کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ سەرۆکوەزیران و ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی لە عێراقدا”.

.

تا ئێستا تەنها هاوپەیمانێتییەکانى سائیرون و فەتح هەڵوێستى خۆیان ئاشکراکردووە لەو بارەیەوە و ڕایانگەیاندووە کە هەماهەنگى دەکەن بۆ متمانەکێشانەوە لە عەبدولمەهدى و دیارنییە لایەنەکانى دیکە هەڵوێستیان چییە لەو بارەیەوە.

.

لەناو ئەو لایەنانەشدا کورد کە عەبدولمەهدى بە دۆستى خۆى دادەنێت و خاوەنى 58 کورسییە لەپەرلەمانى عێراق، هەڵوێستى خۆى یەکلایی نەکردووەتەوە.

.

شێرکۆ میروەیس وتی”ئەوەی ئێستا گرنگە بەلای کوردەوە هێورکردنەوەی دۆخی بەغدا و عێراقە بەگشتی، چونکە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە نالەبارە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لە سەر دۆخ و ڕەشی هەڕێمی کوردستان”.

.

جەختیشیکردەوە “هەر کەسێکی دیکە ببێت بە جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات، چونکە بەبێ ڕەزامەندی کورد و بەبێ ڕەچاوکردنی ماف و داخوازییەکانی کورد، هیچ سەرۆک وەزیرانێک ناتوانێت سەرکەوتووبێت لە پۆستەکەیدا”.

.

تا ئێستا ئەوە روون نەبووەتەوە کە عادل عەبدولمەهدى دەستلەکاردەکێشێتەوە یاخود نا، لەکاتێکدا دوێنێ داواکەى موقتەدا سەدرى بۆ دەستلەکارکێشانەوە و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە ڕەتکردەوە.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل