fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

"فەتح و سائیرون "هەڕەشە دەکەن"

کورد و عەلاوى..ڕێککەوتن یان دابڕانێکی تر؟

23:08 دوو شه‌ممه‌ 17 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لەسەر پێکهاتەى کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراو بەردەوامە و تائێستاش چارەنوسى پشکى کورد نادیارە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، عەلاوى پشکى هەموو لایەنەکان لەبەرچاو دەگرێت و ئاماژەکان زیاتر بەلاى رێککەوتندایە نەک بەشداریپێنەکردنى کورد.

.

عەلاوى کە ئێستا لە دوایین ساتەکانى پێکهێنانى کابینە وەزارییەکەیدایە، بەجیا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆبووەتەوە، بەڵام ناکۆکى لەگەڵ بەشێک لە لایەنە کورد و سوننەکان هەیە لەبارەى دیاریکردنى وەزیرەکانەوە، بەو پێیەى هەنگاوەکانى ئەو بەرەو دیاریکردنى وەزیرى سەربەخۆیە، لەکاتێکدا ئەو لایەنانە بەوە ڕازى نین.

.

لەگەڵ ناڕازیبوونى هەندێ لایەنى کوردى و سوننى لەبارەى هەنگاوەکانى عەلاوییەوە، ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق بڵاویکردووەتەوە، کە کوتلەکانى فەتح و سائرون هەڕەشەى ئەوەشیان کردووە کە کابینەکە بە زۆرینەى دەنگ واتە لە سەدا 50+1 تێدەپەڕێنن و جەختیان لە دیاریکردنى کەسانى سەربەخۆ بۆ وەزارەتەکان کردووەتەوە.

.

شێرکۆ میروەیس، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە “ناس کورد”ى وت، “تا ئێستا کارنامەى کابینەکە و ناوى پاڵێوراوان ئاشکرا نەکراوە، پێموایە چەند رۆژێکى تر کابینەکە دوا دەکەوێت چونکە قسەى و باسى جدى ماون بکرێت”.

.

وتیشى “شاندی هاوبەشى کورد دەیەوێت قسەوباسى فەرمى لەگەڵ عەلاویدا بکات و تێڕوانینى کورد و بەشداریکردن لەکابینەکە تاووتوێ بکەن”.

.

سەبارەت بەوەى کە لایەنە شیعەکان هەڕەشەى تێپەڕاندنى کابینەکەى عەلاوى دەکەن ئەگەر کورد و سونەش ڕازى نەبن، شێرکۆ میروەست باسى لەوەکرد، “لێرەدا قسە لەسەر تێپەڕاندنى کابینەکە نییە و قسە لەسەر ئەوەیە کە بڕیارەکە لەدواییدا چۆن ئەکەوێتەوە، عەلاوى کە هیچ فراکسیۆنێکى نییە و هیچ قوڵاییەکى لەنێو پرۆسەى سیاسیدا نییە پێویستى بە پشتیوانى هەموو پێکهاتەکانە و ئەگەر پشتیوانى هەرسێ پێکهاتەکە کورد، سونە و شیعە بەدەست نەهێنێت سەرکەوتوو نابێت”.

.

پێشیوایە، عەلاوى خۆشى سەرکێشیەکى لەو جۆرە ناکات، پەرلەمانتارانى شیعەش چى دەڵێن بۆچونى خۆیانە “ئێمەش لەبەرامبەر ئەوەدا قسەمان هەیە، لەدواییدا ئەگەر پێکەوە لەم قۆناغە بەرپرسیارێتى وەرگرین و بمانەوێت تێیپەڕێنین و داخوازى خۆپیشاندەران لەبەرچاو بگرین، دەتوانین سەرکەوتوو بین و کابینەکەش کابینەیەکى سەرکەوتوو دەبێت و لانیکەم دەتوانێت تا هەڵبژاردنى داهاتوو بەردەوام بێت و ڕێڕەوەکە راست بکاتەوە”.

.

تا ئێستا ئەوە ڕوون نەبووەتەوە کە ئەگەر لایەنە کوردییەکان بەشداریبکەن لە کابینەکەى عەلاویدا چەند وەزارەتیان پێدەدرێت، بەتایبەتى کە لە کابینەى ئێستادا بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى سێ وەزارەتیان هەیە کە یەکێکیان سیادییە و پێناچێت بەکەمتر لەو پشکە ڕازى بن.

.

رێبوار کەرم مەحمود، ئەندامى پەرلەمانى عێراق سەبارەت بە سیناریۆى بەشدارینەکردنى کورد و تێپەڕاندنى کابینەکە وتى، “تائێستا کورد بۆ پێشهاتێکى لەو جۆرە ئامادە نییە، بەڵام پێشم وانییە عەلاوى ئەوەندە بێمنەت بێت لەبەشدارى کورد و سوننە، سەرەتاکانى ڕێکەوتنى عەلاوى و کورد و سونە دەرکەوتوە و ئەگەرى رێککەوتن زیاترە لە ئەگەرى دابڕان لەیەکتر”.

.

ڕونیشیکردەوە، “عەلاوى پشکى پێکهاتەکان لەبەرچاو دەگرێت بەڵام پشکى حزبەکان لەبەرچاو ناگرێت، سوننە چەند وەزارەتى هەبوەو شیعە چەند وەزارەتى هەبووە دەیانداتەوە، ئەگەر پشکى کوردیش زیاتر نەکات کەمى ناکات”.

.

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، شێوازى دیاریکردنى وەزیرەکان ناکۆکى لەسەرە و فراکسیۆنە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى دەڵێت کە پێویستە پاڵێوراوەکان لەڕێگەى حزبەوە دیارى بکرێن بەڵام عەلاوى ئەو ڕێگەیەى پێ باش نییە و ئەوەش ناکات، بەتایبەتى کە ئەو حکومەتەکەى کاتییەو بۆ ماوەى یەک ساڵە و دواتر هەڵبژاردن دەکرێت.

.

رۆژى شەممەى ڕابردوش محەمەد تۆفیق عەلاوى ئاشکرایکرد کە لە ماوەى چەند رۆژێکدا پێکهاتەى حکومەتەکەى پێشکەش دەکات و بەڵێنى ئەوەشى دابوو کە کابینەکەى سەربەخۆ بێت و دەستوەردانى لایەنە سیاسیەکانى تێدا نەبێت.

.

خالد جەشعەمى پەرلەمانتار لەسەر فراکسیۆنى ڕەوتى حیکمە لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا وتى، “وەزارەتێکى تر بۆ کابینەکە زیادکراوەو کابینەکە تەواو کراوەو سەرجەم پاڵێوراوەکان لەلایەن علاوى خۆیەوە دیارى کراون و دەستوەردانى کوتلەکانى تێدا نەبووە”.

.

وتیشى، “عەلاوى 23 وەزارەت پێشکەش دەکات و وەزارەتى ژنان زیاد کراوەو هەندێک وەزارەت سێ پاڵێوراوى هەیە چونکە وەزارەتەکان گرنگن و هەندێک وەزارەتیش یەک پاڵێوراوى هەیە، ئەو ناوانە ئامادەن بۆ ئەوەى پێشکەشى پەرلەمان بکرێن بەڵام هێشتا کوتلە سیاسیەکان نەیانبینیوە تەنانەت ئەو کوتلانەش کە عەلاویان بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران دیاریکردووە”.

.

جەشعەمى رەتیشیکردەوە هیچ وەزیرێکى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى لەحکومەتى داهاتودا هەبن و وتى، ئارەزوى ئەوە هەبوو کە پێکهاتەى حکومەتەکە بەتەواوەتى بگۆڕدرێت ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى هەندیک وەزیر لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى لەئەرکەکانیان سەرکەوتوو بون.

.

سەبارەت بەبۆچونى کوتلە شیعیەکان ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکردوە، هیچ فراکسیۆنێکى شیعى داواى وەزارەتیان نەکردوە لە حکومەتى نوێ و یەک فراکسیۆنى شیعى ناڕازییە کە ئەویش ئیئتلافى دەوڵەتى یاسایە، کوتلەکانى تر مەرجیان تەنها ئەوەیە کە پاڵێوراوەکان سەربەخۆ بن بەمەرجێک کوتلەکانى تریش هەمان بەڵێن بدەن کە دەستوەردان نەکەن و کاندید پێشکەش نەکەن و فشار نەخەنە سەر عەلاوى.

.

سەبارەت بە کوتلەکانى ترى دەرەوەى پێکهاتەى شیعە ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکردووە،  دابەشبون لەناو ئەو کوتلانەدا هەیە لەسەر رێگەدان بە عەلاى بۆ دیارى کردنى وەزیرەکان و هەندیکیان داواى نوێنەرایەتى دەکەن لەحکومەت و دەیانەوێت وەزیرەکانیان دیارى بکەن.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل