fbpx
Shadow Shadow

کورد و عەرەب و تورکمانى کەرکوک هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن

21:08 دوو شه‌ممه‌ 29 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

سەرکردایەتی کورد، تا ئێستا نەیتوانیوە لایەنە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک ڕازی بکات، بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگاکە، دەشیانەوێت بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەی ئەنجومەن ببەنە شاری بەغدا، ئەندامێکی عەرەبی ئەنجومەنەکەش دەڵێت، هەرگیز بەوە ڕازی نابن و تاکاتی هەڵبژاردن ڕاکان جبوری لە پۆستەکەیدا دەمینێتەوە.

.

پێشتر شوان داودی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو: “کێشەی کەرکوک تەنها بە سازانی سیاسی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا چارەسەر دەکرێت و لە هەفتەی ئایندەشدا کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان شاندی پارتی و یەکێتی و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو شارە لە بەغداد ئەنجامدەدرێت”.

.

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، پاش ئەوەی سەرکردایەتی کورد نەیتوانی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک ڕازی بکات کە لە هەولێر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، ئێستا دەیانەوێت کۆبوونەوەکە لە بەغدا ئەنجامبدەن و پارێزگاری نوێی کەرکوک هەڵبژێرن.

.

هەرچەندە شوان داودی باسی لەوەکردبوو، لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنێک لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکوک لەلایەن هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک واژوو دەکرێت، بەڵام ئەندامێکی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەڵێت: “تاکاتی هەڵبژاردن ناتواندرێت پارێزگاری نوێ دابندرێت”.

.

محەمەد خزڕ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە چەند میدیاییەکى عێراقى ڕاگەیاندووە: “کورد سەرکەوتوو نەبووە لە ڕازیکردنی ئێمە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە دەرەوەی کەرکوک، بەهیچ شێوەیەکیش بەوە ڕازی نابین و بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین لە دەرەوەی کەرکوک”.

.

ئەو ئەندامە عەرەبەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشكردووە، تاکاتی هەڵبژاردن ناتواندرێت پارێزگاری نوێ بۆ کەرکوک هەڵبژێردرێت و ڕاکان جبوری لە پۆستەکەیدا دەمینێتەوە تا ئەوکاتە.

.

لەلایەکیترەوە پێکهاتەی تورکمان، نەک هەر ڕازی نین بە هەڵبژاردنی پارێگارێکی نوێی کورد، بەڵکو ناشیانەوێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک ئەنجامبدرێت و پێیانوایە دەبێتە هۆی باڵادەستی کورد بەسەر کەرکوکدا.

.

جاسم محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: “وەک پێکهاتەی تورکمان بەپێویستی دەزانین، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دوابخرێت و پێویستە مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ کەرکوکدا بکرێت و جیابکرێتەوە لە پارێزگاکانی دیکە”.

.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پێکهاتەی تورکمان، یاسای نوێی هەڵبژاردنیش لە بەرژەوەندی کوتلە گەورەکانە و بەوشێوەیە هەڵبژاردنی داهاتوو، پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک دەکەونە ژێر دەسەڵاتی  کوردەوە.

.

هەرچەندە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ماوەیەکی زۆر بووە بەستەڵەکی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، بەڵام دوای ڕێککەوتنیشیان لەسەر ئەو پرسە و دیاریکردنی کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگار، بەڵام هێشتا دیارنییە کەی کاندیدەکەی یەکێتی دەبێتە پارێزگاری نوێی کەرکوک و دۆخی شارەکە ئاسایی دەبێتەوە؟.

.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل