fbpx
Shadow Shadow

"سازش یان جینۆساید"

کورد و سوریا چۆن و لەسەر چى ڕێککەوتوون؟

10:13 دوو شه‌ممه‌ 14 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

“دوژمنى دوێنێ، دۆستى ئەمرۆ”، ڕەنگە ئەو وتەیە گوزارشت لەدۆخى ئێستاى سوریا بکات، دواى گەیشتنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتى سوریا بەڕێککەوتن، بۆ پاراستنى ناوچەکانى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا لە هێرشەکانى تورکیا.

.

شەوى ڕابردوو، ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا گەیشتن بەڕێککەوتنى لەگەڵ سوریا ڕاگەیاند، بۆ بڵاوەپێکردنى هێزەکانى سوریا لەسەر سنورەکانى ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا.

.

ئاماژەى بەوەشکردووە، رێککەوتنەکە هەلێکە بۆ رزگارکردنى سەرجەم “خاکى داگیرکراوى سوریا لەلایەن تورکیاوە لەناویاندا عەفرین و ناوچەکانى دیکە”.

.

دواى رێککەوتنەکە هێزەکانى سوریا بەرەو باکورى سوریا جوڵەیان کرد و گەیشتنە شارى منبج، کە لەژێر کۆنتڕۆڵى شەڕڤاناندایە.

کورد و سوریا چۆن و لەسەر چى ڕێککەوتوون؟

ڕێککەوتنەکە دواى پێنج ڕۆژ هات لەدەستپێکردنى ئۆپراسیۆنەکەى تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنى ڕۆژئاواى کوردستان، دواى ئەوەى ئەمریکا هێزەکانى لەو ناوچانە کشاندەوە.

.

ڕێککەوتنى سەربازى یان سیاسی؟

ڕێککەوتنەکە تا ئێستا لایەنى سەربازى گرتووەتەوە و هیچ ئاماژەیەک بە ڕێککەوتنى سیاسی نێوان کورد و دیمەشق نەکراوە لەو بارەیەوە، بەتایبەت کە بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو هەردوولا لەناکۆکیدا بوون لەسەر شێوازى چارەسەرى قەیرانى سوریا.

.

بەرپرسێکى کورد بە ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە، پرسە سیاسییەکانیان لەگەڵ سوریا تاوتوێنەکردووە و دواتر ئەو پرسانە تاوتوێ دەکەن.

.

کورد کە لەدواى شەڕى ناوخۆى سوریاوە ئیدارەیەکى خۆبەڕێوەبەرى دروستکرد، هەمیشە داواى دەسەڵاتێکى نا ناوەندى کردووە بۆ سوریا، بەشێوەیەک دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەرییەکەى پارێزراوبێت، بەڵام دیمەشق داواکەى ڕەتکردووەتەوە و لەگەڵ دەسەڵاتێکى بەهێزى ناوەندیدایە.

کورد و سوریا چۆن و لەسەر چى ڕێککەوتوون؟

بەرپرسێکى دیکەى دیارى کورد بە کەناڵى حورەى ئەمریکى ڕاگەیاندووە، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ سوریا بەسەرپەرشتى ڕوسیا بووە بۆ پاراستنى سنورەکانە نەک شارەکان، ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى بەردوام دەبێت لەکارەکانى لە باکورى سوریا و گەیشتن بە ڕێککەوتنى کۆتایی پێویستى بە کاتە.

.

بەپێی میدیاکانى سوریا، هێزەکانى سوریا لەدەوروبەرى منبج و لەسەر هێڵى تەماس لەگەڵ سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى جێگیرکراون، هێزى دیکەش ڕەوانەى کۆبانێ و قامیشلۆ کراون.

.

بەپێی ڕۆژنامەى واشنتن پۆستى ئەمریکى، لەکاتى چوونى هێزەکەدا بۆ فڕۆکەخانەى قامیشلۆ دەنگى تەقە بیستراوە، بەڵام شەڕڤانان ڕێنماییان پێدراوە کە ڕوبەڕووى ئەو هێزانە نەبنەوە.

.

“سازشى بە ئازار”

هێشتا بەتەواوى ڕێککەوتنەکە ڕوون نییە، کە ئایا کورد کە بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو هاوپەیمانى ئەمریکا بووە، سازشى بۆ سوریاى هاوپەیمانى ڕوسیا کردووە یان نا.

.

مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لەوتارێکدا لە گۆڤارى (فۆرین پۆلیسى) ئەمریکى ئاماژەى بەوەداوە، “ڕوسیا و سوریا پێشنیازیان پێشکەشکردووین بۆ ڕزگارکردنى ژیانى ملیۆنان کەس کە لەژێر کۆنتڕۆڵى ئێمەدان، ئێمە متمانەمان بەبەڵێنەکان نییە، بەڵام لە راستیدا قورسە بزانیت کە دەبێت متمانە بەکێ بکەیت”.

.

وتیشى “دەزانین کە دەبێت سازشى بە ئازار بکەین لەگەڵ مۆسکۆ و بەشار ئەسەد، ئەگەر کارکردن لەگەڵیان هەڵبژێرین. بەڵام ئێمە لەنێوان بژاردەى سازش و جینۆسایدى گەلەکەمان، بەدڵنیاییەوە ژیانى گەلەکەمان هەڵدەبژێرین”.

.

رێککەوتنەکە دواى چەندین داواى ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستان هات لە واشنتن بۆ ئەوەى پێداچونەوە بکات بە بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى لەباکورى سوریا و هەڵکردنى گڵۆپى سەوز بۆ تورکیا تا ئۆپەراسیۆنەکەى دەستپێبکات.

.

بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا چەند جارێک جەختى لەسەر کشانەوەى هێزەکانیان لەسوریا کردەوە.

کورد و سوریا چۆن و لەسەر چى ڕێککەوتوون؟

کوردانى سوریا بەدرێژایی ساڵانى شەڕى دژى داعش هاوپەیمانى سەرەکى ئەمریکا بوون و رۆڵى گەورەیان بینى لەکۆتایی هێنان بەو ڕێکخراوە بە هاوکارى هاوپەیمانان لەئازارى ئەمساڵدا، بەڵام پێناچێت چیتر ئەو هاوپەیمانێتییە درێژەى هەبێت.

.

مەزڵوم عەبدى دەڵێت ئەوان لەم قەیرانەى ئیستا توڕە و بێئومێدن، “خەڵکەکەمان هێرشدەکرێتە سەری و سەلامەتییان جێگەی نیگەرانی ئێمەیە”.

.

“ئێستا دوو پرسیار ماوەتەوە، چۆن بتوانین بە باشترین شێوە خەڵکی خۆمان بپارێزین؟ ئایا هێشتا ئەمریکا هاوپەیمانمانە؟”، پێدەچێت ئەوە دوایین پرسیار و قسەى مەزڵوم عەبدی بێت لەسەر هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا، لەکاتێکدا ترەمپ تەواوى سەربازەکانى لەناوچەکانى ژێردەستى شەڕڤانانى کورد کشاندەوە.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل