fbpx
Shadow Shadow

"بە ڕێککەوتن نەبێت کورد ڕۆڵی نابێت"

کورد لەکوێی پرۆسەى دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراقدایە؟

22:11 دوو شه‌ممه‌ 02 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

پاش دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی، مشتومڕ لەبارەی دیاریکردنی جێگرەوەى تادێت گەرمتر دەبێت، هەندێکیش دەڵێن، پرۆسەى دیاریکردنى کەسێک وەک سەرۆکوەزیرانى نوێ ڕەنگە ئاسان نەبێت.

,

دروشمێکى خۆپیشاندەران ئەوەندەى دیکە پرۆسەى دیاریکردنى جێگرەوەى عەبدولمەهدى ئاڵۆزترکرد، کە ڕایانگەیاند، سەرۆکوەزیرانی داهاتو دەبێت هەڵقوڵاوی خواستەکانی ئەوان بێت.

,

 

ڕۆڵى کورد چییە؟

بەڕای بەشێک لە پەرلەمانتارانى کورد لە بەغداد، پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتى عێراق قەیرانێکی سیاسی دیکەیە کە بەرۆکى عێراقی گرتوە، تا ئێستاش ناوى هیچ کەسایەتییەک بۆ ئەو پۆستە لەنێو پەرلەمان زەق نەبوەتەوە.

,

لەوبارەیەوە میران محەمەد، پەرلەمانتاری کورد لە بەغداد تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “جوڵانەوە سیاسییەکان لەناو پەرلەمانی عێراق تادێت گەرموگوڕتر دەبێت، هەر فراکسیۆنێک زیاد لە یەک کاندیدی بۆ ئەو پۆستە ئامادە کردووە”.

,

ئەو پەرلەمانتارەى یەکێتى وتیشی: “تائێستا بەشێوەیەکی ڕون و ئاشکرا،  هیچ کەسایەتییەک نەبوەتە جێی مشتومڕ لەنێو پەرلەمانى عێراق”.

,

“دۆخەکە بۆ فراکسیۆنە گەورەکانی ناو پەرلەمان زۆر قورسە، چونکە دەبێت ئەوان سەرۆکوەزیرانی نوێ دیاری بکەن، لەهەمانکاتیشدا دەبێت ئەو کەسایەتییە لەلایەن شەقامەوە پەسەندبێت ئەوەش بۆخۆی قەیرانێکی سیاسیی نوێی هێناوەتە پێش”، میران محەمەد واى وت.

,

وتیشی، کورد هەروەک لایەنەکانی دیکەی عێراق ڕۆڵی دەبێت لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، دەشڵێت، دەبێت ئەو پڕۆسەیە بە ڕێککەوتن بێت لەنێوان هەموو لایەن سیاسییەکان و پرسیش بە شەقام بکرێت.

,

کورد لەکوێی پرۆسەى دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى نوێی عێراقدایە؟

,

“بە ڕێککەوتن نەبێت کورد ڕۆڵی نابێت”

پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، ئەگەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتو بە ڕێککەوتن و سازان نەبێت، ئەوا کورد ناتوانێت ڕێگر بێت لە دروستبوونی کابینەی نوێی ئەگەر بەدڵیشی نەبێت.

,

بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “بەگوێرەی مادەی 76ى دەستور و بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئەرکی دیارکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ لە ئەستۆی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەماندایە”.

,

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دیارکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بە ڕێککەوتن بێت، چونکە ئەگەر بە سازان و ڕێککەوتن نەبێت “کورد ناتوانێت ڕێگر بێت لە دروستبوونی کابینەیەک، تەنانەت ئەگەر بە دڵیشی نەبێت”.

,

ڕونیشیکردەوە، لەبەر ئەوەى کورد لە پەرلەمانی عێراق خاوەنى 58 کورسییە، ناتوانێت ژمارەى یاسایی ئامادەبوون لەو ئەنجومەنە پەک بخات و بەبێ کورد دەتواندرێت زۆر پرس تێپەڕێندرێت.

,

بەگوێرەى ئەو زانیاریانەشی ناس کورد دەستى کەوتون، لە ئێستادا هەردوو فراکسیۆنى سائیرون و فەتح کە دوو گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانین بە دوای کەسایەتییەکی دوور لە حیزبەکان دەگەڕێن، ئەوەشیان وەک پێوەر داناوە کە سەرۆکوەزیرانى نوێ دەبێت بەدڵی خۆپیشاندەران بێت.

,

پاش وتاری گەورە مەرجەعی شیعەکانى عێراق عەلی سیستانی لە ڕۆژی هەینیدا، عادل عەبدولمەهدی، نامەى دەستلەکارکێشانەوەى خۆى ڕەوانەى پەرلەمان کرد، پەرلەمانیش دوێنێ یەکشەممە نامەکەى پەسەندکرد، بەگوێرەى دەستوریش لەماوەى 15 ڕۆژدا دەبێت سەرۆککۆمارى عێراق کەسایەتییەک ڕاسپیرێت بۆ پڕکردنەوەى ئەو پۆستە.

,

,

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل