fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

شاندێکى هەرێم دەچێتە لاى عەلاوى

کورد داواکارییەکانى دەباتە بەغدا [تایبه‌ت]

11:59 سێ شه‌ممه‌ 18 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

 

نزیکبوونەوەى وادەى تەواوکردنى کابینەکەى محەمەد تۆفیق عەلاوى و یەکلانەبوونەوەى پشکى کورد تێیدا، شاندێکى سیاسی هەرێم دەباتە بەغدا، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕاسپێردراوى پێکهێنانى ئەو کابینەیە تا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.

.

لەدواى ڕاسپاردنییەوە بۆ پێکهێنانى حکومەت لە سەرەتاى ئەم مانگەدا، عەلاوى بەجیا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆبووەتەوە، بەڵام وادیارە هەنگاوەکانى بۆ دیاریکردنى وەزیرى سەربەخۆ، بەشێک لەلایەنە کوردییەکانى توڕەکردووە.

.

تا ئیستا عەلاوى جەخت لە دیاریکردنى وەزیرى سەربەخۆ دەکاتەوە و دیارنییە لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەو لایەنە کوردییانە دەگاتە رێککەوتن یان نا، کە دژى ئەو هەنگاوە وەستاونەتەوە، کە دیارترینیان پارتییە کە گەورەترین کوتلەى کوردییە لە پەرلەمانى عێراق.

.

لەگەڵ ناڕەزایی ئەو لایەنانەدا، بەشێکى دیکەى لایەنە کوردییەکان لە بەغدا پشتیوانى لە هەنگاوەکەى عەلاوى دەکەن، بەتایبەتى گروپى 15 کە لە فراکسیۆنەکانى دەرەوەى یەکێتى و پارتى پێکهاتووە و لەگەڵ عەلاوى کۆبوونەتەوە.

.

فارس عیسا نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا بە ناس کوردى ڕاگەیاند “هیچ کابینەیەک بێ کورد پێکناهێنرێت، هەر کابینەیه‌ک کوردى تێدا نەبێت شەرعیەتى نییە، لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییشەوە رێزى لێناگیرێت”.

.

وتیشى “ئەمڕۆ شاندێکى سیاسی هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا دەکات، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەلاوى و لایەنە سیاسییەکانى دیکە، پێمانوایە ناتوانن بێ کورد هیچ هەنگاوێک بنێن”.

.

لەئەگەرى رێکنەکەوتنى ئەو لایەنە کوردییانە لەگەڵ عەلاوى، ئەگەرى بەشدارینەکردنیان لە کابینەکە دێتە ئاراوە، بەڵام دیار نییە کە عەلاوى لەدەرەوەى ئەو لایەنانە کەسى تر بەتایبەتى لە گروپى 15 یان کەسانى سەربەخۆ بۆ پشکەکانى کورد دیاریدەکات یان نا.

.

فارس عیسا دەڵێت”عەلاوى ناتوانێت کورد ئاوت بکات، ئەوە بڕیارى کوردە کە بچێتە حکومەت یاخود نا”.

.

ئاشکراشیکرد “ئەو پێی خۆش بووە دەرفەتى پێبدرێت کە وەزیرەکان خۆى دیاریان بکات، لەژێر فشارى شەقامدا، بەڵام ئێمەش بەفەرمى پێمانوتووە کە کوردستان تایبتمەندى خۆى هەیە لەرووى سیاسی و ئەمنییەوە و شوێنێکى سەقامگیرە، ئەگەر لەرووى ئیدارەدانەوە لە خواروى عێراق شکستیان هێنابێت لە کوردستان وانییە”.

.

بەدرێژایی پێکهێنانى کابینە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق لەدواى ساڵى 2003 ەوە، کورد بەشدارێکى سەرەکى سەرجەم کابینەکان بووە، بەڵام پشکەکانى گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، کە زۆربەى زۆریان دراون بە پارتى و یەکێتى.

.

لە ئەگەرى بەشدارینەکردنى لایەنە کوردییەکان لە کابینەکەى عەلاویدا، دەبێتە یەکەم کابینە کە کورد بەشدارى تێدانەکات، بەڵام پێناچێت ئەو لایەنانە بیانەوێت بە ئاسانى دەستبەرداریی پشکە وەزارییەکان بن.

.

فارس عیسا جەختیکردەوە “لە پشکى خەڵکى کوردستان کەمتر قبوڵ ناکەین، دەبێت تایبه‌تمەندى هەرێم لەبەرچاو بگیرێت نەک وەکو پارێزگایەک مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، بۆ یەک ڕۆژیش ئەگەر لە سیاسەتى بەغدا دوربکەوینەوە خراپە”.

.

کورد لە حکومەتى ئێستاى عێراقدا خاوەنى سێ وەزارەتە، کە یەکێکیان سیادییە، لەئەگەرى ڕێکنەکەوتنى عەلاوى و لایەنە کوردییەکاندا، ئەگەرێکى دیکەش دێتە پێشەوە کە ئەوەیە پشکەکانى کورد بۆ ماوەیەک پڕنەکرێنەوە، وەک چۆن عادل عەبدولمەهدى بۆ ماوەیەک وەزارەتى دادى لە پشکى کورد یەکلایینەکردەوە.

.

سەلیم شوشکەیی سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى عێراق کە هاوکات ئەندامى گروپى 15یە دەڵێت “عەلاوى هێشتا لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆنەبووەتەوە، پێشنیازەکانى پارتى و یەکێتى ڕەتکردووەتەوە”.

.

وتیشى “داواکارییەکانى کورد داواکارى چاکسازییە، پێویستە وەکو پێکهاتەیەکى سەرەکى سەیرى کورد بکرێت لە پێکهێنانى حکومەتدا”.

.

پێدەچێت عەلاوى لەژێر فشارى لایەنە شیعییەکان و پاڵپشتیکەرەکانیدا بێت بەتایبەتى فەتح و سائیرون لەو بارەیەوە، بەو پێیەى به‌گوێره‌ی میدیا عێراقییەکان ئەو لایەنانە عەلاویان سەرپشک کردووە لەدیاریکردنى وەزیرەکان، بەمەرجێک بۆ دیاریکردنى وەزیرەکانى کورد و سوننەش هەمان رێگا بگرێتە بەر، نەک بەخواستى حزبەکان ئەو کارە بکات.

.

بەگوێره‌ی ڕۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق، کوتلەکانى فەتح و سائرون هەڕەشەى ئەوەیان کردووە کە کابینەکە بە زۆرینەى دەنگ واتە لە سەدا 50+1 تێدەپەڕێنن و جەختیان لە دیاریکردنى کەسانى سەربەخۆ بۆ وەزارەتەکان کردووەتەوە.

.

سوبحى مەندەلاوى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى ڕایگەیاند “حکومەتەکەى عەلاوى دەبێت حکومەتێک بێت بەبەشدارى سەرجەم لایەنەکان، داواکارییەکانى کوردیش بۆ مافەکانیان کارێکى سروشتییە، بەتایبەت کە پۆستى سەرۆکوەزیران وەکو مافى شیعەکان پارێزراوە”.

.

وتیشى “پشتیوانى لە عەلاوى دەکەین، بەڵام ناڕەزاییمان تایبەتە بە دورخستنەوەى کورد لە کابینەکەى”.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل