Shadow Shadow

کاندیدەکان بەپێی سی ڤی هەڵبژێردراون؟

15:49 سێ شه‌ممه‌ 09 ته‌موز 2019
article image

ناس کورد-

سی ڤی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزیرەکانى کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێم ڕادەستى پەرلەمانی کوردستان کرا و بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، پەرلەمان متمانەیان پێبدات و سوێندی یاسایی بخۆن، بەڵام شارەزایی و پسپۆڕی و بڕوانامەى کاندیدەکان بوونەتە جێگەى مشتومڕی چاودێران و خەڵک.

لە سەرەتای ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت و لە دوای یەکەم کۆبوونەوەى لەگەڵ پارتی، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “ئەو لایەنانەى بەشدارن لە حکومەت پێویستە ئەو کاندیدانەى پێیان باشە بەشداری لە حکومەت بکەن کە بنەمای ئەوەیان تێدابێت بتوانن بەشدار بن وەکو وەزیر.”

.

دواتر ئومێد خۆشناو، ئەندامی شاندی دانوستانکار و سەرۆکى فراکسیۆنى پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی وت، “مەسرور بارزانی جەخت لە شێوازی هه‌ڵبژاردنی کاندیدەکان دەکاتەوە بۆ بوون بە  وەزیر كه‌ بنەمای دڵسۆزی و پاكییان له ‌چوارچێوه‌ی تایبه‌تمه‌ندی و پسپۆڕییدا تێدا بێت.”

بەڵام لەدوای ڕاگەیاندنی سی ڤییەکان، دەرکەوت کە کەمترین گرنگی بە پسپۆڕی و تایمەتمەند و بڕوانامەى کاندیدەکان دراوە، دیارە کە بەشێکى زۆریان تەنها وەک پشکی حزبەکە دانراون، تەنانەت هەندێک لە کاندیدەکان خۆیان بۆ پۆستى تر کاندید کردووە بەڵام بەهۆى دابەشکاری حزبییەوە کراون بە کاندیدی پۆستێکى تر کە هیچ شارەزاییەکی تێدا نییە.

.

بەشێک لە کاندیدەکان بڕوانامەکانیان لە بوارێکى تردایە، کەچی کاندیدی بوارێکى ترن و هیچ گرنگی بە کەسانی تەکنۆکرات و پسپۆڕ نەدراوە.

بە نموونە، کاندیدی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، پسپۆڕیی و بڕوانامەکانی لە سیاسەت و ڕاگەیاندندایە و دووروو نزیک پەیوەندی بە کارەکەیەوە نییە، پێشتریش هیچ ئەزمونێکى لە بوارەکەدا نەبووە.

.

هەروەها عەبدوڵا حاجی مەحمود، کاندید بۆ وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ناوبراو بڕوانامەی ناوەندی هەیە و هیچ پسپۆڕییەکی زانستی و ئەزموونێکی بەرچاوی لە کاروباری شەهیدان و ئەنفالدا نییە، تەنها پێشتر لە لیژنەکانی ئاسایش و پێشمەرگەدا لە پەرلەمانی کوردستان ئەندام بووە.

لەکاتێکدا تاوانەکانی ئەنفال وەک یەکێک لە تاوانە دڕندانە و قورسەکان لەسەر ئاستی جیهان و عێراقیش ناسراوە و بەوردی کار لەسەر دۆکیومێنتکردن و بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە دەکرێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

.

یەکێکیتر لە کاندیدەکان کەمال موسلیمە بۆ وەزیری پیشەسازی کە پسپۆڕییەکەی یاسا و جیۆلۆجییە و لە کابینەی هەشتەمیش وەزیری ئەوقاف بووە.

ئالان حەمە سەعید کاندیدی وەزیری پەروەردەیە، وەزارەتەکەش بە گرنگترین وەزارەت دادەنرێت لە حکومەتى هەرێم، چونکە کاروباری زیاد لە یەک ملیۆن و نیو خوێندکار و هەزاران مامۆستا بەڕێوەدەبات و بەرپرسیارە لە کەرتی خوێندن، بەڵام ناوبراو بڕوانامەى زانستە سیاسییەکانى هەیە و لە هیچ کەرتێکى پەروەردەدا کاری نەکردووە و لەئێستادا بەرپرسی لقی 21ی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

.

هەروەها دارا ڕەشید، کاندید بۆ وەزیری پلاندان، پزیشکی هەناویی و نەشتەرگەری پزیشکییە، بەپێی هەندێک زانیاری، ناوبراو تەنها لە بەرانبەر کشانەوەی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ لەو پۆستە دیاریکرا نەک پسپۆڕی لەو بوارەدا.

پشتیوان سادقیش یەکێکە لەو ناوانەی کە پسپۆڕی لەو پۆستەدا نییە کە بۆی دیاریکراوە و بڕوانامەی لە یاسادا هەیە، لە کاتێکدا وەزیری ئەوقافە بەوەکالەت لە کابینەی هەشت و ئێستای حکومەتی هەرێم.

.

محەمەد سەعید عەلی، ناسراو بە حەمەی حەمە سەعید، کاندیدە بۆ وەزیری ڕۆشنیری، ئەو بڕوانامەى ناوەندی هەیە، هەرچەندە خاوەنی زیاد لە کتێبێکە بەڵام بە ئێستا و ڕابردووشەوە بەرپرسیارێتی حزبی و سەربازی وەرگرتووە و کەمتر لە کایەی ڕۆشنبیریدا دەرکەوتووە.

كابینه‌كه‌ی نۆیه‌م لە 19 وه‌زاره‌ت پێکدێت، 10ی لە پشکی پارتییە و پێنجی بۆ یه‌كێتی و چواریش بۆ گۆڕان یەکلاکراوەتەوە.

پۆسته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌لای پارتی دیموكراتی كوردستانە و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌لا ده‌بێت، هه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌، پۆسته‌كانی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری چاكسازی له‌لا ده‌بێت.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل